لڤین
لە بۆردوومان و بۆسەیەکدا پێنج سەربازی سووری لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە کوژران، وەزارەتی بەرگریی حکومەتی راگوزەری سووریاش هێزی سەربازیی رەوانەی سنووری لوبنان کرد و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان حیزبوڵا و هێزەکانی سووریا بەردەوامیی هەیە.
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی راگوزەری سووریا “سانا” رایگەیاند، پاشئەوەی حیزبوڵا بە موشەک هێرشیکردەسەر گوندی “ئەلقازیلە”ـی سنووری و بەهۆیەوە دوو سەربازی سووریا کوژران، سوپای سووریا بۆردوومانی تۆپخانەکانی بۆسەر پێگەکانی حیزبوڵا لەسەر سنووری لوبنان چڕکردەوە.
میدیای لوبنان رایگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانەوە بەشێک لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوون.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، گرووپێکی سەربە حیزبوڵای لوبنان بۆسەیەکیان لە سنووری نزیک بەنداوی “زەیتا” لە رۆژئاوای حمس ناوەتەوە و سێ سەربازی سووریایان رفاندووە و بردوویانن بۆ ناو خاکی لوبنان و دواتر لەسێدارەیان داون.
سوپای سووریا دەڵێت، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشهاتە نوێیە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، سوپای لوبنان لە رێگەی خاچی سوورەوە، تەرمی ئەو سێ سەربازەی لە دەروازەی سنووریی “جووسیە-ئەلقاع”ـەوە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کردووەتەوە.