شەنگال و هەڕەشەکەی ئەردۆغان

ساڵانێکە تورکیای ژێر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆژەی بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆیی لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکەی جیهان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە سوریا بە بیانووی هەڕەشەی کوردانی ڕۆژئاوا لە سەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا ناوچەیەکی زۆری داگیر کردووە. لە عێراق هێزی سەربازیی جێگیر کردووە و تەنانەت بنکەی سەربازی هەمیشەیی لە خاکی هەرێم و ناوچەکانی دیکە هەیە، لە لیبیا بە ئاشکرا پاڵپشتی لە لایەنێکی شەڕی ئەو وڵاتە دەکات، لە شەڕی قەرەباغ پاڵپشتیی لە ئازەربایجان کرد، لە قەتەر گەورەترین بنکەی سەربازیی کردووەتەوە، هەروەها لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ناتۆش هێزی لە چەند وڵاتێکی دیکەدا هەیە.
ئێستا ئەردۆغان پەکەکەی کردووەتە بیانووی هێرشی سەر شەنگال. سیاسەتی داگیرکاریی تورکیا وایکردووە کە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە ئاشکرا و لە بەردەم کامێرای میدیاکانەوە هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ وڵاتێکی دیکە بکات و کەسیش نییە لێپرسینەوەی لێبکات و تەنانەت ئیدانەی لێدوانەکانی بکات.

شەنگال بۆ گەلی کورد لە پاش ئەو هەموو تاوانەی داعش کە لە دژی ئێزدییەکان کردووەیەتی، چەشنێک لە پیرۆزیی هەیە، بە تایبەت لایەنێکی ناوخۆیی لە هاوکاریکردنی سوپای تورک پێشتر و ئێستاش هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی کردووە و ئەمجارەش ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر شەنگال، دەستی ئەو لایەنەی تێدایە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سەرکردەکانی ئەو لایەنە سیاسییە کە پێشتر بە چۆڵکردنی شەنگال و هاوکارینەکردنی ئێزدییەکان لە کاتی هێرشەکەی داعش تۆمەتبار کراون و بە هاوبەشی ئەو ئێش و ئازارانە دادەنرێن کە بە سەر خەڵکی شەنگالدا هاتووە، ئێستا وانەیەک لەو هەموو کاردانەوەی خەڵکە وەرناگرن و دیسانەوە لە پاش سەردانەکەی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا نەبووە و بە بیانووی پەکەکە بوونەتە ڕێخۆشکەری هەڕەشەکان و ئەگەری هێرشەکەی سوپای تورک بۆ سەر شەنگال.

ئەگەرچی ئەردۆغان هەڕەشە دەکات و لایەنە ناوخۆییەکەی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری بۆ دەکات و بێدەنگیی هەڵبژاردووە، بەڵام ئەم هێرشە هێندە بۆ تورکیا ئاسان نابێت.

شەنگال ناوچەیەک نییە کە هاوسنوری تورکیا بێت و هاوشێوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سوپای تورک بە ئاسانی لە ڕووی لۆجستی پاڵپشتی بکرێت، نەبوونی هێڵێکی ڕاستەوخۆی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی دەتوانێت ببێتە ئاستەنگێک لە بەردەم هێرشەکەی سوپای تورک بۆ ئەم قەزایەی عێراق.

لایەنە عێراقییەکان بە تایبەت شێعەکان پێشتر دژی دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان هەبووە، بەم بۆنەشەوە حکومەتی بەغدا ناتوانێت موڵەتی ئەو هێرشە دەربکات و ڕەزامەندیی لە سەر بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هۆی کاردانەوەی جەماوەری و ڕای گشتییەوە ناتوانێت بە فەرمی هاوکاری تورکیا بکات، هەرچەندە لایەنێکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستادا لە هاتن و مانەوەی سوپای تورک لە کوردستان دەستی هەبووە. واتە لە ڕووی سیاسییەوە هێرشەکەی شەنگال دەتوانێت کاردانەوەی زۆری بۆ تورکیا بە دواوە بێت، بە تایبەت ئەوەی کە لە پاش سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە جوڵەیەکی بە خۆوە بینیوە و بە دڵنیاییەوە کە دەسەڵاتدارانی تورک نایانەوێت قەیرانێکی نوێی سیاسی لە گەڵ ئەم وڵاتە بخوڵقێنن. لە لایەکی دیکەوە تورکیا دەزانێت کە هێرشی وەها ڕەنگە ببێتە هۆکاری بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ئەمەش لەم سەردەمەی کاریگەرییە ئابورییەکانی کۆرۆنا لە زیانی ئەنکەرە دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە لەم کاتەدا هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی تورکیا نییە و هەر هێرشێکی سەر عێراق دەتوانێت ببێتە ئامرازی دەستی وڵاتانی گەورەی عەرەبی وەک سعوودیە و ئیمارات و تۆمەتبارکردنی تورکیا بە دەسدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق کە ئەمەش هەوڵەکانی ئەنکەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە تووشی شکست دەکات. هاتنەسەرکاری جۆبایدن لە ئەمریکا و ویستی تورکیا بۆ دانوستان لە گەڵ واشنتن خاڵێکی گرنگی دیکەیە کە بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە ڕەچاوی دەکەن. بە تایبەت ئەوەی کە بە بۆچوونی شارەزایان یەکێک لە سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن لە ناوچەکە کۆنتڕۆڵکردنی ملهوڕییەکانی ئەردۆغانە.

پێناچێت تورکیا بەم هەلومەرجەوە تا چەند مانگی دیکە پەنا بۆ هێرشی سەربازی ببات، بەڵکوو لە ڕێگای گوشارە سیاسییەکانەوە دەیەوێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە لە لایەن هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداوە پاڵپشتی بکرێت، بە تایبەت دەیەوێت کە ئەو لایەنە کوردییە وەک ڕابردوو لە ڕووی هەواڵگرییەوە بۆ لەنابردنی پەکەکە هاوکاریی بکات./.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button