بایدن هیچی پێ نییە بۆ کورد، چۆن؟

كەمال چۆمانی
07.11.2020

شتێک هەمیشە رودەدات، گۆڕانە. ئەو گەلانەی لە خاڵێکدا دەچەقن و هیچ گۆڕانێک لە سەرکردایەتیی و سیاسەتیان رونادات، مەحکومن بە شکست و دواکەوتویی.

دونیا بەخێرایییەکی چاوەڕواننەکراو لە گۆڕانکارییەکی بەردەوام دایە. ژیان خێرا بوە. ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەلانی ناچار کردوە زیاتر بیر لە گۆڕانکاریی گەورەتر بکەنەوە. تەنانەت دیزاینی خانوبەرەش دەگۆڕێت. دیزاینی ناوەوەی ماڵیش گۆڕانکاریی بەسەردادێت بە هۆی زیادبونی کارکردنی ئۆنلاین.

شۆڕشی پیشەسازیی گۆڕانکاریی و جیاوازییەکی گەورەی دروستکرد لەنێوان ئەوانەی توانیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان بڕۆن و ئەوانەی دواکەوتن. شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد دیسان جیاوازییەکان فراوانتر دەکات. نەک هەر سەیارەی کارەبایی، بەڵکو سەیارەی بێشۆفێریش لە گەشەکردندایە.

لەناو ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی جیهاندا، مەحکوم دەبیت بە دواکەوتن ئەگەر نەتوانی سیستەمی سیاسییت گۆڕانکارییەکی ریشەیی تێدا ئەنجامندەرێت چونکە لەو بەشەی دونیای ئێمە بەشی هەرە گەورەی شکستەکان پەیوەستن بەو نوخبە سیاسییەی توند کورسیی دەستەڵاتی داگیرکردوە و خەونەکانی نەوەکانی کوشتوە.

بەڵێ، چاوەڕێدەکرێت بایدن زۆر لە تڕامپی سێکسیست و پۆپیولیست و کینەلەدڵ و دژەکۆچبەر و بزنسمان و پرۆ-دیکتاتۆر باشترە بۆ ئەمریکا و دونیا و کوردیش. بەڵام ئەگەر کورد خۆی نەتوانێت لە ناوخۆیدا گۆڕانکاریی ریشەیی بکات، بەدڵنیایی بایدن هیچی پێنابێت بۆ کورد.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations