پارتی هەرێم بەرەو کوێ دەبات؟

شێرکۆ حەمەئەمین
27.10.2020

پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا، لە ڕێی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەوە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆیەتی. ئەم حکومەتە ئەمنییەی ئێستا، کە دارو دیواری لێبوە، بە خۆپیشاندەر و خەڵکانی ناڕازی، لەسەر نیەتی دڵیش خەڵك دەگرێت، لە نمونەی دەستگیرکردنی مامۆستا و چالاکوان و خەڵکانی ناڕازی بادینان، ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش  و وەڵامی یەکێتیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.


ئەم دەزگا حیزبییانەی هەرێم، کە لە ڕوکەشدا دەزگای فەرمی هەرێمن و بوجە و موچەیان، لە سەر حکومەتە و لە بوجەی گشتی دەڕوات، بەڵام پارتی و  یەکێتی چۆنیان بوێت، بۆ مەرامی حیزبی بەکاریان دێنن و  هیچ یەکێک لەم دەزگا ئەمنییانە متمانەیان، بە یەکتری نیە و هاوئاهەنگی، لەگەڵ  یەکتردا ناکەن.
دەسەڵاتی ئەمنی و ستەمکار بەگشتی و دەسەڵاتی هەرێمیش وەک نمونەیەک، هەمیشە کار لەسەر دروستکردنی دوژمنی وەهمی و پلانی دەرەکی و دەستی دەرکی دەکات و دەیکاتە بەهانە، بۆ ڕەوایەتی جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکانی و سەرکوتکردنی ناوخۆی خۆی.


ساڵی ۲٠۱۱ کاتی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوبات و ڕۆژانی دوایی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کۆمەڵێک هەواڵ و ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە، کە گروپێکی تیرۆرستی دزەیان کردۆتە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی و ئەمان دەستگیریان کردن و مەترسی، لەسەر ئاسایشی شاری سلێمانی هەیە.


ئەم هەواڵ و ڕاگەیەنراوانەی بەشی پارتی، لە ئەنجومەنی ئاسایش و هەڵمەتی دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان هەمان ئەقڵییەت و بیرکردنەوەن.


ئێستا پارتی و دەسەڵاتی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێم، نێودەوڵەتی، لە قەیراندایە و کێشەیان هەیە، بۆیە بەدوای دوژمنی وەهمی و شەڕدا دەگەڕێت، تا کێشەکانی کوردستان، لە بیر خەڵک بباتەوەو بیانوی مەترسی، لەسەر ئاسایشی هەرێم بکاتە بەهانەی شەڕ و گرتنی چالاکوانان و هێندەی تر کوشتنی ئازادی، بە تایبەتی ئەم جارە ناوچەی بادینان جوڵەی جدی تێکەوتوە، کە پارتی، لە کۆتایی حەفتاکانەوە کاری لەسەر دەکات و وەک ناوچەیەکی داخراوی لێکردوە و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و کورسییەکانی پەرلەمانیش، پارتی بەدەنگی بادینان حوکمی هەرێم دەکات، بۆیە ئێستا کە هەست بە مەترسی لەسەر پێگەی دەسەڵاتی خۆی دەکات، ئیتر بەلایەوە گرنگ نیە ئەنجام چی دەبێت و چی دەقەومێت، دەیەوێت هەرێم بەرەو شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێندەی تر تۆخکردنەوەی دەسەڵاتی ئەمنی ببات.


لە ڕاستیدا ئەم هەنگاو و کارانەی پارتی هێندەی تر خۆی و  هەرێم بەرەو قەیرانی زیاتر دەبات و لە شەڕیشدا سەرکەوتونابن، قەندیلیش بەسەرکەشی وەک رەمزی شکۆی کورد دەمێنێتەوە و وەک ئۆپراسێۆنە بەردەوامەکانی ئەردۆگان تێکدەشکێن.


بەڵام پرسیار ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان، وەک دو لایەنی پێکهێنەری حکومەت هەر بینەر دەبن؟ هەڵوێستییان چی دەبێت؟ ئایا پارتی چۆن ئەم پلانانە جێبەجێدەکات؟ ئەی ڕۆڵی پەرلەمان چی دەبێت؟ئەویش هەر تەماشا دەکات یان،وەک کارەکانی تری نایاساییەکانی حکومەت،بە یاسا دەکات و دەیشەرعێنێت؟!وەک ئەمڕۆ و دەنگدانیان،بە ڕاپۆڕتی لێبڕینی موچە.


لێرەدا ئەرکی میدیا و خەڵک بەگشتی و دەستەبەژێرە، کە مەترسییەکانی ئەم ئاڕاستەیەی پارتی بخەنە ڕو، كە چەندە زیانی بۆ هەرێم و خەڵکەکەی و مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت، پێویستە هەمو لایەک کار لەسەر دەرخستنی  لایەنی شاراوەی ئەم پلانانە و مەترسییەکانی، بۆ سەر هەرێم بکەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations