بایکۆتی فەلسەفە ..

هونەر تۆفیق
27.10.2020


لە وتاری دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی فەرەنسا ساڵی 1981 فرانسوا مێتران ئاماژەی بەتواناکانی وڵاتەکەیدا لە کایە پیشەسازی و ئابووری و سیاسیەکاندا ، پەیوەنیەکانی وڵاتەکەی بەجیهانی دەرەوە و قەبارەی هەناردەی فەرەنسی بۆ دەرەوە ، یەکێک لەو هەناردانە فەرەنسیانەی مێتران ئاماژەی پێدا و چۆنیەتی سوودپێگەیاندنی بەجیهان فەلسەفەبوو .


فەلسەفەی فەرەنسی وەک لە شۆڕشی فەرەنسی 1789و دواتر شۆڕشی خوێندکاران مایی 1968 دا بەرجەستەبووە لەسەر بنەمای ئازادی ، یەکسانی ، برایەتی دروستبووە و جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی لەسەر داڕێژراوە .


پەیوەندی سیاسی فەرەنسی بە جیهانی ئیسلامەوە لە جەنگەکانی خاچیەکانەوە تا سەردەمی سوڵتان سەلیمی عوسمانی هیچ ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەک ڕووینەداوە. لە 1568 دا هاوپەیمانی فەرەنسی و ئیسلامی (عوسمانی) مۆردەکرێت، فەرەنسیەکان بە توراس و فیکری ئیسلام ئاشنادەبن.

 

لەپاش ئەزموونی ئەندەلوسەوە، فەرەنسا یەکەم وڵاتی ئەوروپیە کە ئەو توراس و فیکرە لە ئیبنو روشد و ئیبنوسینا و فارابیەوە تا دەقی قورئان وەردەگێڕنە سەر زمانەکەیان . دەستەی یەکەمی ڕیفۆرمی سیاسی لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا، رەشید ڕەزا، تەهتەهاوی و دواتر نەوەی تەها حسەین و عەقاد لە فەرەنساوە دێنەوە و هەوڵی ریفۆرم لە فیکر و سیاسەتی دنیای ئیسلامدا ئەدەن، جگە لەوەی یەکەم زانکۆ لەجیهانی ئیسلامدا لەکاتی ناپلیۆندا لە قاهیرە دەکرێتەوە . یاسای میسری کە یاسای مەدەنی زۆربەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی لەسەر داڕێژراوە فەرەنسیەکان هاوکاری نووسینەوەی بوون.

 

تەنانەت ئەم ئاڵایەی ئێستای هەرێمی کوردستانیش دوو هاوڕێ ی نەوەکانی بەدرخان لە ساڵی 1936دا نەخشەیان کێشاوە . فەرەنسا تەنیا وڵاتی هەناردەی شەراب و بۆن و پەنیر و سەیارەی پیجۆ نیە تابایکۆت بکرێت ، وڵاتێکە زۆربەی بنەما فەلسەفیەکانی حوکمداری و سیاسەت و فیکری مرۆڤایەتی و ئازادی بۆجیهان هەناردەکردووە . ئەگەر پەنیرەکەی نەخۆن و عەترەکانی لەخۆ نەدەن ، ڕۆژانە بەدروشمەکانی ئەوان داوای ماف و ئازادی دەکەن .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations