رێككەوتنی شنگال، ئەو رێككەوتنەی بەمردویی لەدایك بوو

سەرتیپ جەوهەر
27.10.2020

ئەو رێككەوتنەی پارتی لەگەڵ مستەفا كازمیی كردی، میراتی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بوو. فریا نەكەوت ئیمزای بكات. ئەو ئیمزایەی ئێستای كازمیش لە ڕەنگی سەر كاغەز زیاتر، هیچی دیكەی لێ‌ شین نابێت.


چەند هۆكارێكی سەرەكی هەیە رێگرن لەبەردەم جێبەجێبوونی رێككەوتنەكە. یەكەمیان؛ ژمارەیەكی زۆر دانیشتوانی شیعەی عەرەب و توركمان و كورد لە تەلەعفەرو سەنتەری شنگال و ناوچەكە هەن. تاكە دەریچەیەك بۆ ئەو شیعانە لەكاتی تەنگانەدا كە بتوانن وەك كۆریدۆرێك (ممر) بەكاریبێنن بەرەو سوریا لەڕێی شنگالەوەیە. چونكە ترسیان هەیە ئەزموون رەشەكوژیی تیرۆرخوازانی داعش دوبارە ببێتەوە. بۆیە نایانەوێ‌ شنگال بەدەست هێزێكەوە بێت، لەتوركیا یان سوننەكانەوە نزیك بێت. رەنگە هێزەكەی نزیك پەكەكە لەوناوچەیە بەدیلێكی باش بێت لەئێستادا.


دووەم؛ هێزەكانی حەشدی شەعبی لەدەروازەكانی ئەلبوكەمال و وەلید لەدۆخێكی زۆر خراپدان، هێزەكانی ئەمریكا رێگریان لێدەكەن لە هاتن و چونیان بەرەو سوریا. بەردەوام لەئاسمانەوە هێرشیان دەكەنەسەر. بۆیە نایانەوێ‌ شنگال وەك دەریچە لەدەست بدەن و لەژێر ركێف و نفوزی خۆیان نەبێت.


ئێستا ئەو هێزانەی نزیك لە پەكەكە بەناوی (یەبەشە) بەڕەسمیی مۆڵەتی كاركردنیان لەعیراق هەیە، لە شنگال و دەوروبەری نزیكەی دوو هەزار چەكداریان لەسەر بودجەی حەشدی شەعبی هەیەو موچە وەردەگرن. پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ بەغدا هەیە. ئاسان نییە ئەو هێزانە رێبدەن هێزێكی دیكە بێتە شنگال بەشداربێت لەئیدارەدان و بڕیاردانی شارەكە.


سێیەم؛ شنگال، لەدوای رووداوەكانی ریفراندۆم، بووە بەجێ پێیەكی زۆر گرنگ بۆ ئێران. دەتوانێت لەوێوە كاریگەری لەسەر ناوچەكە "موسڵ و دەوروبەری" دروستبكات. دەشێت هەمووكات بۆ مەبەستی جیاواز بەكاربهێنرێت. لەئێستادا زۆر زەحمەتە ئێران رێگا بەهاتنی هێزی دیكەی نزیك لەتوركیا بدات، نەخاسمە جەندرمەی تورك لەشاخی بەعشیقە بوونیان هەیە كە زۆر دورنییە لەشنگال و دەوروبەری، بۆیە بونی هێزی نزیك لەئێران لەشنگال، وەك بەدیلی بەعشیقەیە.


لەپاڵ ئەم هۆكارانە، ئێزدییەكان لەهێزە كوردییەكان ناڕازین، نەخاسمە لەكاتی هاتنی تیرۆرخوازانی داعش لە 2014 خەڵكی ناوچەكەیان وەك سنگی رووت بۆ خەنجەری داعش بەجێهێشت و بەهۆیەوە هەزارانیان لێ‌ شەهید بوو هەزارانیشیان لێ كەوتنە دەست داعش و تائێستا چارەنوسیان دیارنییە.


هەریەكێك لەم هۆكارانە بگریت، بۆمان دەردەكەوێت ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر زەحمەتە سەربگرێت. شێوەی داڕشتنی رێككەوتنەكەو مەرجەكانیشی لەرێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ناچێت، بەڵكو لەرێككەوتنی نێوان ئەنكەرە و بەغدا دەچێت لەسەر پرسی بوونی پەكەكە لەناوچەكە.


بۆ زانین، دۆخی شنگال لەدوای ئەو رووداوانەی ناوچەكە لەسەردەستی تیرۆرخوازانی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) گۆڕانی گەورەی بەسەرداهات، تەنها گۆڕانی سیاسی نەبوو، بەڵكو گۆڕانێكی گەورەی دیمۆگرافیشی بەدوایخۆیدا هێناوە.


دوای لەناوبردنی داعش، جارێكی دیكە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی بەجێهێشت و هێزە عیراقییەكان ناوچەكەیان كۆنترۆڵكرد. هاتنی هێزی عیراقی گۆڕانێكی گەورەو نوێی بەدوایخۆیدا هێنا. ئەویش هێزە سیاسییەكانی پێشوو بەهۆی رووداوەكانی مەرگەساتی تیرۆرخوازانی داعش نفوزو جەماوەریان لەدەستدا، لەبەرامبەردا هێزێكی نوێی سیاسی كە گوایە نزیكن لە پەكەكە بەهۆی ئەو رووداوانەوە گەشەیانكرد. ئێستا خاوەنی جەماوەرێكی زۆرن و هێزێكی گەورەی چەكداریان هەیەو پەیوەندیشیان لەگەڵ حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارانی عیراق باشە.


گۆڕانی دیموگرافی ناوچەكەش ئەوەبوو، لەدوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، شەپۆلی گەڕانەوە دەستی پێكرد، بەڵام تەنها كوردانی ئێزدی و عەرەب و كوردی شیعە گەڕانەوە. هیچ عەرەبێك یان كوردێكی سوننە نەگەڕاونەتەوەو رێگا نادرێت بگەڕێنەوە، ئەمە لەكاتێكدا پێش رووداوەكان سەنتەری قەزای شنگال زیاتر لەنیوەی دانیشتوانەكەی موسڵمان بوون بەعەرەب و كوردەوە. ئێزدییەكان كەمینە بوون، بەڵام ئێستا هیچ موسڵمانێكی لێ‌ نییەو رێنادرێت بگەڕێنەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations