بایدن و ھەرێمی سوننە

بژار حەکیم
27.10.2020


دەنگۆی دروست بوونی ھەرێمی سوننە، بابەتێکی نوێ نییە بۆ عێراق. چونکە دابەشکردنی عێراق بەسەر نەخشە ڕێگەی ھەرسێ ھەرێمدا، سوننە، شیعەو کورد پرۆژەی پێشووتری جۆ بایدنە.

لەگەڵ ھەڵبژاردنی خولی نوێی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، کە ئێستا جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، لە ململانێیەکی بەھێزدان بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، لە عێراقیش دەنگۆی دروست بوونی ھەرێمی سوننە باسەکەی تۆختر بووەتەوە.

پێش ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق دروست بوونی ھەرێمی سوننە، بووە مژارێکی گرنگی دۆسیەی سیاسیی عێراق و تەنانەت وەک پرۆژەش بەوردی کاری لەسەرکرا، بەڵام دوای ئەم پرۆژەیە ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق، ھاتنی کتوپڕی داعش بۆ موسڵ، جگە لە وێرانکردنی ناوچەکانیان ھاوکات بیرۆکەو پرۆژەی ھەرێمی سوننەشی بیر ھەمووان بردەوە.

دیموکراتەکان پشتیوانی لە دروست بوونی ھەرێمی سوننە دەکەن لە عێراق، ھەر بۆیەش جۆ بایدن کە خاوەنی پرۆژە چارەی کێشەکانی عێراقە، نەخشەی دابەشکردنی عێراق بۆ سێ ھەرێم بەپێویست دەزانێت و بەتەواوی پشتیوانی لێدەکات.

دیموکراتەکانی ئەمریکا دەیانەوێ لە سەردەمی حوکمی ئەواندا، بەشێک لە کێشە کەڵەکەبووەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەربکرێن، ئەگەر بۆ کۆمارییەکانی ئەمریکا ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دەستکەوت بێت، ئەوا بۆ دیموکراتەکانیش چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و سووریا دەستکەوتێکی دیکە دەبێت.

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سوننەکانی عێراق، لە قەتەڕ و ئیمارات کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دروست بوونی ھەرێمی سوننە، بەڵام لە بەرانبەردا شیعەکان کەوتنە ئامادەکاریی و پرۆژەکە مت کرا.

دواجار پرۆژەکەی جۆ بایدن، کە ھاوکات بیرۆکەی زووتری بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقیش بووە، ھەرێمی سوننە و شیعەو کورد، پرۆژەیەکی گونجاوە بۆ ئیدارەدانی عێراق و کەمکردنەوەی کێشەکان.

بۆیە زوو یان درەنگ، لەسەردەستی بایدن بێت یان ئوسامە نوجەیفی!، ئێران و شیعەکانی عێراق پێیانخۆشبێت یان ناخۆش!، ھەرێمی سوننە دروست دەبێت.

کوردی گەر یاریزانێکی باش بێت، لەنێوان ھەردوو ھەرێمی سوننە و شیعەدا دەتوانێ خود بژێویەکی باش دەستەبەربکات

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations