ڕێکەوتنی شەنگال، ماڵئاوایی لە مادەی 140 و لاوازبوونی دەسەڵاتی کوردی

سەروەت هەڵەبجەیی
25.10.2020

یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکومەتێک بە ناوی حکومەتی هەرێم و بە بەشداری چەندین لایەنی سیاسی بوونی هەیە بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە کە تاکلایانە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و تەنانەت لایەنە دەرەکییەکان هەنگاو بنێت، ڕێکەوتن بکات و ئەو لایەنانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاتە هەستیارەکانی دیکەی پێویستی پێیان دەبێت، پشتگوێیان بخات.

ڕێکەوتنی شەنگال چۆن کرا و پارتی بۆ بە دەسکەوتێک بۆ خۆی ناوی دەبات؟ ئەوەی کە ئاشکرایە حکومەتی ئێستای بەغدا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی زیاترین پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هەیە، بە واتایەکی دیکە ئەم حکومەتە خوازراوی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایە کە تا ڕادەیەک لە ماوەی کارکردنیدا ڕەزامەندی ئەوانی بە دەست هێناوە، بە تایبەت لە سنوردارکردنی چالاکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و هاندانی ڕای گشتی لە دژی چالاکییەکانی ئەوان، ئەگەرچی ئەمریکا هەرێمی کوردستانیشی بە لاوە گرنگە بەڵام پاڵپشتی لەم بەهێزبوونەوە و هەستانەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق دەکات و کازمیش ئەوەی لا مسۆگەرە کە ئەمریکییەکان بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پاڵپشتی تەواوی دەکەن، هەر بۆیە پەنا بۆ هەندێک دۆسیە دەبات کە ڕەنگە لای سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە بە ئاسانی نەکرابێت.

کورد بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان ساڵەهایە دڵی بە مادەی 140 ی دەستووری عێراق خۆشە. بەرپرسانی کورد تەنیا ئەوە دەزانن کە بڵێن دەبێت ئەم مادە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت بەڵام چی بۆ جێبەجێکردنی کراوە؟

 

بە ڕێکەوتنەکەی شەنگال پارتی ئەو تروسکە هیواشەی لە دڵی کورد و بە تایبەت دانیشتووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان لەباربرد. ئەم ڕێکەوتنە لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و ناوەند کە بە کردەوە شوێنی مادەی 140 دەگرێتەوە.

لە مادەی 140 ی دەستووری عێراقدا باس لە بەڕێوەچوونی ڕاپرسییەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکێشەلەسەرەکان کراوە بەڵام بە ڕێکەوتنی شەنگال و ئەوەی کە بۆ ناوچەکانی دیکە بە تایبەت کەرکوکیش داڕێژراوە، بۆ هەمیشە دەبێت سنورەکانی کوردستان بەمەی ئێستای هەرێمەوە بمێنێتەوە و هەندێک بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی شوێنی بەدەستهێنانەوەی خاک و نیشتمانی کوردستان دەگرێتەوە.

پارتی دەزانێت کە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام پێگەیەکی ئەوتۆی لای ئێزدییەکان نەبووە و بە چۆڵکردنی ناوچەکەش لە کاتی هێرشەکانی داعش هێندەی دیکە ڕق و کینی ئەو چینە لە کۆمەڵگای کوردی پەراوێزخراو دژ بە پارتی و دەسەڵاتەکەی زیاتر بووە، هاتنی پەکەکە و بوێری و ئازایەتیی لە ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لە دەستی تیرۆریستان وایکرد کە پارتی بەدەر لە جێبەجێکردنی خواستی ڕژێمی تورکیا، بۆ دژایەتی پەکەکە وەک هێزێکی گەورەی کوردی، ملکەچی ڕێکەوتنی شەنگال بێت.

لە داهاتووشدا بۆ دژایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەوەی کە بە ڕیفراندۆم هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئەم حیزبەی لە کەرکوک دەدا، ڕێکەوتنەکەی شەنگال لە گەڵ کازمی بەرفراوانتر دەکات و نەک تەنیا مادەی 140 بوونی نامێنێت بەڵکوو ململانێی ناوخۆیی پارتی و هێزە کوردییەکانیش زیاتر دەبێت.

وەک چۆن ئاماژە درا لە شەنگال پارتی و پەکەکە دژی یەک دەوەستنەوە و بە ڕێکەوتنی کەرکوکیش کە چاوەڕوان دەکرێت لە پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بکرێت، ئەو دژایەتییە بەرامبەر بە یەکێتی دەکرێت، هەرچەندە دڵنیام کە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی هیچ کات ئەوە لە پارتی قبووڵ ناکات مامەڵە بە چارەنووسی کەرکوکەوە بکات.

ئەمریکاش نەیشاردووەتەوە کە لە بەرامبەر ئێران حکومەتێکی بەهێزی ناوەندیی لە عێراق دەوێت، لە ڕێگای گوشارەکانی سەر حکومەتی هەرێمیشەوە هەوڵ دەدەن کە هەولێر بەوەی کازمی دەیەوێت ڕازی بێت، تەنانەت هەوڵێکیش لە ئارادایە کە بۆ ڕێگری لە دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا دەسەڵاتی عێراق بە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتەوە زیاتر بکرێت، لە داهاتوودا کۆنتڕۆڵی ئەو بۆریییە نەوتەش کە کوردستان ویستی ئەوەی هەبوو سەردەمێک وەک کارتی گوشار لە دژی بە غدا بەکاری بێنێت دەکەوێتە دەسەتی حکومەتی ناوەند و تا دێت بەم ڕێکەوتنە تاکلایانەی پارتی نەک تەنیا ناوچە کێشەلەسەرەکان لە دەستی کوردا نامێنێن بەڵکوو دەسەڵاتەکەی هەرێمیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو لاوازبوون دەڕوات. ئەوە بەرهەمی ئەو دەسکەوتەیە کە پارتی شانازی پێوە دەکات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations