ئاڵای کوردستان بۆچی دەسوتێندرێت؟

هاوژين زيبا
18.10.2020


لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تاسەمان ئەوە بوو کە ئێمە وڵات و سیستەم و قوتابخانەو بازاڕمان هەبێت. تاسەمان ئەوە بوو کە بە ڕەنگ و دەنگی خۆمان بە زمانی خۆمان بدوێین ، بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆمان ئازار و مەینەتی زۆرمان چەشت. باشە لە کۆتاییدا بەعس ڕۆیشت و سیستمەکەمان دروست کرد ئێستا فیدرالشبێت بە فەرمی وڵاتێکمان هەیە وشانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین شانازی بە مێژوو و ڕەنگ و دەنگی خۆمانەوە دەکەین.

 

وڵاتێکی دەوڵەمەند بە کشتوکاڵ و نەوتمان هەیە ،بەڵام مرۆڤ بیردەکاتەوە دەپرسێت بۆچی  هێشتا هەژارین ؟ ! بۆچی ئێمە هەموو کات شەڕ دەکەین؟ بۆچی کۆتایی بە کێشەکانی ناو وڵاتەکەمان ناهێنین؟! حکومەت تا چەند هۆکاری بەردەوامی کێشەکانە؟ کاری سیاسەت و دەوڵەت ئەوەیە کە وەڵامی کێشەکە بداتەوە و چارەسەری بکات بەڵام لێرە حکومەت و سیاسەتەکەی ئەو کارەدەکەن؟

بەڕاستی ناتوانین بڵێین سیاسەتمەدارەکانمان نەزانن و نازانن سیاسەت بکەن هەموو باش دەزانن سیاسەت چییە و چی نییە. بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت وەک سیاسەتمەدارێک باسی هۆشیارزێباری بکات. هۆشیار زێباری پیاوێکی نەزان نییە لە ئوردن و ئینگلتەرا زانکۆی خوێندووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئینگلتەرا و ئەمریکا فێری سیاسەت بووە بەڵام ئەمڕۆ هۆکاری کێشەیەکی گەورەیە لە وڵاتی ئێمەدا. هۆشیار زێباری بە زمانی خۆی شمشێرەکەی حەشدی شەعبی لە هەناوی ئێمە دەدات. بەهۆی سیاستی ئەوەوەیە ئاڵای کوردستان دەسووتێندرێت ئەقڵی سیاسی ئێمە جارێکی تر بەرەو شەڕی ناوخۆ ئاراستە دەبێت. 


لێرەدا پرسیارێک  دروست دەبێت ئایا ئەمەی هۆشیار زێباری دەیکات نەزانی سیاسەتە یان جێبەجێکردنی  سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیزە؟ وەک لەسەرەوە باسمکرد هۆشیار زێباری کەسێکی نەزان  نییە . لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکاندا پەروەردەی سیاسەتی خوێندووە ئەو باش ئەم سیاسەتە دەزانێت. حەشدی شەعبی هەرچەندە حزبێکی عیراقیش بێت لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و دەزانین کە ئەمەریکا و ئینگلتەرا ئەم هێزە سەربازییەیان لە عێراقدا ناوێت . 

 

ئەمریکا و ئینگلتەرا سیاسەتی خۆیان لە رێگەی ئەندام و حزبە کوردییەکانیەوە پێشدەخەن. من وەک ڕۆژنامەنوس، نووسەر یان هاوڵاتیەک، دەمەوێت ئەمە بپرسم؛ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەوێت و چی قازانجێک دەکات؟ ئایا پارتی بەم سیاسەتەی، دەیەوێت هێزی حەشدی شەعبی لە شەنگال دەرکات؟ شەنگال پارچەیەکی کوردستانە مرۆڤ کاتێک بە نەتەوەپەرستی بیر دەکاتەوە دەڵێت ئەمە باشە بەڵام  دەزانین نە نەتەوە پەرستی چارەسەرەو نە و حەشدی شەعبیش لە شنگال دەچێتەدەرەوە. بۆیە نابێت ئێمە خۆمان فریوبدەین ئەم سیاسەتەی پارتی حیزبییە و سودێکی بۆ کورد نییە. کێشەی ئابووری چارەسەر ناکات، دەسکەوتی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە. دوای هێرشەکانی داعش، گەلەکەمان توانای نییە بچێتە ناو شەڕێکی نوێوە دەبێت لایەنگرانی ئەم ئاژاوەیە باش بزانن کە بەم سیاسەتەی پارتی گەل و دەستکەوتەکانمان پارێزراو نابن. دەبێت حکومەت و دەوڵەتەکەمان سیاسەت بکەن بۆ سەرکەوتن، با لەبری ئەوەی قەیران و تەنگژە دروست بکەن  کێشەی ئابووری وڵاتەکەمان چارەسەر بکەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations