کێ هەڕەشە لە دادوەران دەکات

ئیبراهیم شێخ وەسانی
14.10.2020

                            (١)

 پارتی رۆژنامەنووس شێروان شێروانى دەستگیرکردووە، ئێستاش یێژن شێروان لەسەر فەرمانى دادگا دەستگیرکراوە(تۆمەتبارە)، لەدەرەوەى چوارچێوەى کاری رۆژنامەوانییەکەى دەستگیرکراوە. 

                           (٢)

* ئەرێ شێروان شێروانی تۆمەتبارە بەچی؟
- دیندار زێباری ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان (OCIA) دەڵێت "شێروان شێروانى لەکاتى لێکۆڵینەوەى سەرەتایى، دانى بەوە ناوە کە ئەو لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتیی دارایی کراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى، ناشیرینکردن و گوتنى قسەى نەشیاو بە پەرپرسان و کەسانى خاوەن پێگەى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو، هەروەها بەلاڕێدابردنى ناڕەزایى و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەکان بۆ دروستبوونى توندوتیژى و هەڕەشەکردن لە دادوەران".

                            (٣)

* گەلۆ ئەو دادوەرە کێیە، کە شێروان شێروانی هەڕەشەی لێکردووە ؟!
* کێن ئەوانەی هەڕەشە لەدادوەران دەکەن و، نایەڵن دادگا سەربەخۆبێت، رۆژنامەنووسان یان پیاوەکانی دەستەڵات؟!

                            (٤)

بەڕاست، یەکێک لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتیی دارایی کرابێت بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى، دەبێت چۆن بژێت؟!
بۆئەوەی راستی ئەو قسەیەی دیندار زێباریت بۆ دەرکەوێت، تەنها پرسیارێک بکەین، بەسە.
*ماڵی شێروان شێروانی لە کوێیە؟
- یەکێک لەو کۆمەڵگە زۆرەملێیانەی دەوروبەری هەولێر، کەبەعس بۆ خەلکی گوندەکانی دروستکردبوو (ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونی خەلکی هەژار و کەمدەرامەتە).    

                           (٥)
                          
قانعی شاعیر، یەکێک لەو کوردانەی باشور بووە، کە لەسەردەمی کۆماری کوردستان دەچێتە سابڵاغ، هەژاری موکریانی لە «چێشتی مجێور» دەڵێت " قانع لە خۆشەویستی کۆمار هاتبووەوە ئەودیوە، بەڵام کاریان نەدەدایێ، لای پێشەوا داوای کارم بۆکرد، گوتی وازی لێبینە، دەڵێن جاسووسی ئینگلیسە، گوتم: ئەم کابرایە پتر لە شێست ساڵی عومرە، کەس نەیبیستووە هیچکات بەتێری نانی خواردبێ، ئاخر ئەو بەخشیشەی قانع لەجاسوسی دەستی دەکەوێت بۆ کەنگیە.

                           (٦)

گرتنی رۆژنامەنووس، چاڵاکوان و ئەندامانی حیزبەکانیتر لە هەولێر و بادینان، بۆتە دیاردە، بەکورتی و کرمانجی، دەستەڵاتدارانی هەولێر بەو جۆرە دەیانەوێت، ئەوانەی داوای ماف و، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیەکان دەکەن، بترسێنن، رەنگە ئەوە نەزانن، کە ئەوڕۆ هەزارانی وەک شێروان شێروانی لەو هەرێمە هەن، کە بەهۆی ئەو شێوازی حوکمڕانیە، ئەوەندە بێزارن، لەهیچ ناترسن، رۆژی چەندین جار دەڵێن  "مرۆڤ هەر جارێک دەمرێت".

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations