گۆڕان بۆ لە حکومەت ناکشێتەوە؟

بەختیار مەحمود
10.10.2020

لای هەموو لایەک ئاشکرایە  بەشداری و هاوبەش پێکردنی گۆڕان لە حکومەت لە لایەن  پارتیەوە بۆ بێ دەنگ کردن و کپکردنی ئەو دەنگە زوڵاڵە بوو کە بزوتنەوەی گۆڕان و جەماوەرەکەی دژی دەسەڵات و حکومڕانی هەیانبوو لە ڕابردوودا ، بە بەشداری گۆڕان لە حکومەت پارتی  هەم  هەژموونی قەڵەم ڕەوی یەکێتی لە زۆنی سەوز  لاواز کرد هەمیش  گۆڕانی وەک هێزێکی  جەماوەری مەدەنی لە بەرەی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن دابڕی بە تەواوی ، ئێستا گۆڕان بە دەست و قاچی شکاوەوە لە ناو حکومەتدا ماوەتەوە ، نە دەتوانێ جارێکی تر ببێتەوە بە معارەزەیەکی سیاسی کاریگەر لە کوردستان نە دەتوانێت لەو کێکە شیرینەی دەسەڵات کە بەشێکی دەخوات جێی بهێڵێت.

نیگەرانی خەڵک لە گۆڕان چیە؟

ئەو هێزەی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی دژی گەندەڵی و فەسادی سیاسی دەستپێکرد و خەڵک وەک فریاد ڕەس متمانەی خۆی پێ بەخشی ، کارەکتەرە سیاسیەکانی ئەو بزوتنەوەیە بانگەشەی  جیاوازی  ئەوەیان نیشانی خەڵکدا کە ئەمانە بەو ڕێگا مێژووییەی حزبەکانی دەسەڵاتدا ناڕۆن ، ئەمەبوو هۆکاری بەخشینی متمانەو هیوای خەڵک بەو بزوتنەوە تازە دروستکراوە ، لە ڕاستیدا گۆڕان نەک نەیتوانی  ئەوەی خەڵک دەیویست بیکات ،  هەستا  پێچەوانەی ئیرادەی خەڵک و جەماوەرە دڵسۆزەکەی  هەموو دەستکەوتە مەعنەوی و سیاسییەکانی تەسلیم بە خەزێنەی حزبەکانی دەسەڵات کردەوە ، ئەو بێ ئومێدی و سەرگەردانە سیاسییەی کە لە ساحەی کوردستاندا  دروست بووە ، بەشێکی سەرەکی گۆڕان و ئەو هێزانە لێی بەرپرسن کە دیعایەی بەدیلی حزبەکانی دەسەڵاتیان دەکرد !

گۆڕان چی لێدێت؟

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی  یەکێتی پەیدا‌بووە ، زۆر نمونەی جوانی کەسایەتی  سیاسی بەهێز لە پاڵ ئەو بزوتنەوەیە وەستابوون  وەک  قارەمانی مێژوویی و وەک دەست پاکەکانی سیاسەت ناسێنرابوون ، هەر لە عوسمانی حاجی محمودەوە بگرە بۆ قادری حاجی علی و ئەمسالە ڕێک پۆشەکانی مێژووی یەکێتی کە ئەمانە ساڵانێک وەک بڕیار دەر و بەشدار لە قەراری سیاسی یەکێتی حساباتیان بۆ دەکرا ، خۆیان خاوەنی بڕیاری ناوچەیی و میحوەرەکانی ژێر نفوسی خۆیان بوون ، ئەمانە لە ساتی دروست بوونی گۆڕان هەم یەکێتیان بۆ نیوە زیاتر لەت کرد  هەمیش وەک  دامەزرێنەری گۆڕان دەرکەوتن ، خەڵک هیوای بەم کەسایەتیە مێژووییانە هەبوو لە پاڵ نەوشیروان مستەفاوە  وەک قەڵا وەستابوون ، ئەمانە هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و نشتیمانی بوون ، لە شاخەوە بۆ شار  جۆرێک لە جیاوازی گەورەیان هەبوو لەگەڵ  هاوڕێکانی خۆشیان، بەڵام  ئەو گۆڕانەی ئەمڕۆ  لە دەرەوەی ویستی سیاسی ئەوان و  بەشێکی زۆری جەماوەری  گۆڕانیش دەژی ، بەر ئەنجام  ڕۆژ دوای ڕۆژ قیادەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە  هەڵدەوەرێ ونیگەرانیەکانی جەماوەرەکەشی  پەرە دەسێنێت و بەرژەوەندی خوازەکانی ناو ئەم بزوتنەوەش لە پێناو ئیمتیازی شەخسی و کەسی  چونە دۆڵی دەسەڵات و لە کاروانی خەڵک دابڕان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations