تاڵەبانی گەر زیندوبا!

عەبدوڵای مەلا نووری
03.10.2020

تاڵەبانی رۆحی شادبێت، با وای دابنێین بۆ هەفتەیەک زیندو ببێتەوە، چ پەیامێکی دەبێ؟


(با بە دیوە ئیجابیەکەدا بیر بکەینەوەو وا گریمانە بکەین لە ئاستی ئەم هەمو زوڵمەدا بێ دەنگ نابێت و داوای تازەکردنەوەی رێکەوتننامەی ستراتیجی ناکات!)
ئەگەر تاڵەبانی پەیامێکی جدی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت؛ ئەوا دڵنیام لە پێشەکی قسەکانیدا؛


بە بارزانی دەڵێت: هاوڕێی ئازیز ئەوە خۆ من و نەوشیروان مستەفا نەماین تا رێگربین لە بەردەم (ویستە چاکەکانت)، ئەی خێرە دوای ئێمە هەرێمی کوردستان پەرتەوازەتر و حوکمڕانیەکەی گەندەڵتر بو؟


هەروەها پێی دەڵێت: بە داخەوە لە ساڵڕۆژی مردنی منیشدا بە ناوی دڵسۆزیتەوە بۆ من، هەر خەریکی دروستکردنی درزی لە ناو یەکێتیدا!


بە قوبادی کوڕی دەڵێ: کوڕم ئەرێ ئەوە چۆن پەرلەمان جارێکی تر دەنگی بە تۆ دایەوە؟ هەر بە راست پەرلەمان نەماوە وا تۆ هەر جێگری؟!


ئەوە چۆنە ئەو هەزاران دۆنم زەویتان لە سنوری سلێمانی و ناوچەکانی تر داگیر کردوە؟ لە کاتێکدا من چاوەڕێ بوم ئەوانەی سەردەمی منیش بۆ خەڵک بگێڕنەوە؟!


ئەوە چۆنە بە شەو رۆژ خەریکی سۆپەرقاچاخچێتین لە مەرزەکاندا؟


ئەوە چۆنە کاکە حەمەی حەمە سەعیدی وەزیری یەکێتی خەریکی دانانی کۆت و بەندە لە سەر ئازادی نوسین؟


بە هاوسەرۆکانی یەکێتی دەڵێ: تو ویژدانتان ئەگەر کوڕو خزمی من نەبونایە دەتانتوانی ببن بە هاوسەرۆک؟


بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی و کۆنە هاوڕێکانی دەوت: ئەرێ ئێوە بە راست سوسیال دیموکرات و لیبراڵ و دژە بنەماڵەن؟ ئەوە چۆنە ئاوا تەسلیمی کوڕو برازاکانی من و ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بون؟!


پێی دەوتن: چاوەڕێ بوم هەڵەکانی ئێمەش راست بکەنەوە، کەچی وا نەبون!


بە نێچیرڤان بارزانی دەوت: کوڕی باش ئەوە تۆ هەر ماویت؟ ئەرێ لە سەردەمی سەرۆکی حکومەتدا چ شتێکی گرنگت بۆ خەڵک کرد، وا ئێستا کراویت بە سەرۆکی هەرێم؟!


زۆر دڵنیام قسەیەکی بۆ گۆرانیش دەبو؛ رەنگە بە سەر سوڕمانەوە بیوتایە: ئەرێ خێرە حیزبەکەی کاکە نەوەش توشی هەمان دەردو نەخۆشیەکانی حیزبەکەی من و حیزبەکەی بارزانی بووە؟!


دوا قسەشی بۆ خەڵک ئەوە دەبو: ئیدی بڕوا بە بەڵێنی ناراست و فرمێسکی تیمساحی ئەم دەسەڵاتە مەکەن، ئیدی پشتگیری ئەم بەرپرسە خراپانە مەکەن و، بە شانوباڵی کوڕانی بنەماڵەدا هەڵمەدەن!


ئیدی گەندەڵی و بێ موچەیی قبوڵ مەکەن و خەمی ژیان و کەرامەت و ئایندەی ماڵومنداڵی خۆتان بێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations