مام جەلال؛ بۆنی هەموو عەترەکانی دنیا لە یەک عەتردا‏‎

عیماد ئەحمەد
02.10.2020



له‌به‌ر ده‌رگای پایزێکی دیکه‌ وه‌ستاوین، هه‌موومان چاوبه‌فرمێسک بۆ کۆستی ماڵئاوایی سه‌رۆک و رابه‌رمان، به‌ دیار شینی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا ره‌نگاوره‌نگه‌کانی دره‌خته‌کانی ئه‌م پایزه‌ دانیشتووین، ئیتر کاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌و فرمێسکانه‌ ره‌گی یه‌کێتیه‌که‌مان ئاو بده‌ین و له‌ به‌هاری داهاتوودا بیکه‌ینه‌وه‌ بە دره‌خته‌ هه‌ره‌ سه‌وز و سایه‌و سێبه‌ره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌که‌ی کوردایه‌تی.


پایز و سه‌ربورده‌کانی ئه‌مانباته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌ری شه‌هیده‌کانمان، زیندانیان و چیرۆکی بێ وێنه‌ی خۆڕاگریان، چۆن به‌یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی پێشمه‌رگه‌و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوون به‌ هارمۆنیایه‌کی تازه‌و به‌هاری راپه‌ڕینیان خولقاند، ئه‌بێ ئه‌مڕۆش گرفت و قه‌یرانه‌کان ساردمان نەكه‌نه‌وه‌، به‌ڵکو وزه‌مان پێ بده‌ن بۆ گۆڕینی خۆمان و ده‌وروبه‌رمان، ئه‌مه‌ش به‌ ئیلهام و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حیکمه‌تی سیاسی مام . 

قه‌ده‌ری یه‌کێتی وابووه‌ له‌پشت هه‌ر سه‌رکه‌وتنیک خوێنێک، له‌پشت هه‌ر خۆشیه‌ک، خه‌میكی قوڵ هه‌بووه‌، ھەرئەوەشە وایکردوە باشتر له‌ خه‌ڵکی تر نرخی ده‌سکه‌وت و به‌رهه‌می خۆمان بزانین، به‌ڵام ئێستا پشتوپه‌نامان، مامی هه‌مووانمان له‌گه‌ڵ نییه،‌ که‌ جاران کێوێک بوو له‌ پشت یه‌کێتی و یه‌کێتیه‌کان، بۆیه‌ ئێستا پێویسته‌ رۆحی مام و رێبازه‌که‌ی قیبله‌نمامان بێ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌نا وه‌فادار بین بۆ رێبازه‌که‌ی، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌که‌وینه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌و ستراتیژیه‌وه‌.

هەر لەم پایزەدا، چه‌ند رۆژێکی تر به‌سه‌ر یاده‌وه‌ریه‌کی دیکه‌ی پڕ له‌ ئازاردا ئه‌که‌وین، که‌ دۆسته‌کانی دوێنێمان بێ ویژدانانه‌ فرسه‌تیان لێ هێناین و رفراندۆمیان كرد بە (كراسەكەی عوسمان) -که‌تێبینی زورییشی لە سەر بوو- ئه‌وه‌ی به‌ خوێن له‌ داعشمان وه‌رگرته‌وه‌و پاراستمان،  به‌هێز لێیان وه‌رگرتینه‌وه‌  و ئابلوقەی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئیداری بە سەر هەرێم سەپاند و ئه‌وان به‌وه‌شاندنی خه‌نجه‌ری ژه‌هراویان، نه‌ک به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانیان داگیرکرده‌وه و ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە یەكێتی یان شەهید كرد ‌، بگره‌ تۆویی دووبه‌ره‌کیه‌کی تازه‌شیان له‌ناومان چاند، که‌ سێ ساڵه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌کانی تر، ئه‌ویش بۆته‌ به‌ڵایه‌کی دیکه‌ بۆ کوردستان و خه‌ریکه‌ جه‌سته‌ی کوردایه‌تی ئه‌نجن ئه‌نجن ئه‌کات، به‌جۆرێک نه‌یاره‌کانمانی یه‌ک خست و ئێمه‌شی په‌رت په‌رت و دابه‌ش کرد.

 به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌ ده‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌ی وائه‌کات ئه‌م پایزه‌ی سروشتی کوردستان ، وه‌کو پایزێکی سیاسیش بکه‌وێته‌وه‌ بریتیه‌ لە: گەندەڵی و لاوازی دامەزراوەكانی دیموكراسی و نەگۆرینی مەشروعیەتی شۆرش بۆ مەشروعیەتی یاسا و دەوڵەتداری و بەقوربانی كردنی ئایندە بۆ دەسكەوتی رۆژانەی بچوک.


 بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌مانه‌‌ پێویسته‌ دووباره‌ ئه‌م پایزه‌ بکه‌ین به‌ که‌ره‌سته‌و وزه‌و توانا بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و بە یەك ریزی و یەك هەڵوێستی و یەك دەنكی  بۆ گەیشتن بە به‌هارێکی درێژخایه‌نی کوردایه‌تی، که‌ به‌قه‌د فره‌یی ره‌نگه‌کانی فره‌یی سیاسی و بۆچوون و رای ئازادی تیا بێت و هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ ببین به‌ هارمۆنیاو سه‌مفۆنیای بوژانه‌وه‌ی کوردایه‌تی.

سێ ساڵه‌ ئێمه‌ بێ مام جه‌لالین، ئه‌و مام جه‌لاله‌ی تاقه‌ دره‌ختێک بوو به‌لام تامی هه‌موو باخچه‌کانی دنیای ئه‌دا، چه‌پکه‌ گوڵێک بوو له‌ گوڵێکدا، بۆنی هه‌موو عه‌تره‌کان  بوو له‌یه‌ک عه‌تردا، هه‌موو کوردستان بوو له‌ره‌هبه‌رێکدا، تا زه‌مه‌ن زیاتر به‌سه‌ر ئۆغری ئەبەدی تێئه‌په‌ڕێت، زیاتر لێمان نزیک ئه‌بێته‌وه‌، ئیمرۆ  یەكێتی و هەموو لایەنەكانی كوردستان و عیراق پێویستییان بە حكمەت و دووربینی مام جه‌لالە، دەبا ده‌ست به‌ حیکمه‌ته‌کانیه‌وه‌ بگرین و بڵێین بۆ ئه‌به‌د تۆ رێنیشانده‌رو رابه‌رمانی، چونکە بە لێهاتوویی خۆت واتکرد ئەمڕۆ تۆ لە یەکێتی و لە هەموو جۆرە حزبایەتیەک گەورەتر بیت و بەمەش بوویت بەسێبەرێک بۆ هەمووان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations