ئایا بازاڕى کار، پاساوێکى واقعییە بۆ داخستنى بەشی زمانى کوردیی زانکۆى چەرموو

مستەفا ڕەزا مستەفا
12.09.2020

ئەم نووسینە، وەڵامێکە بۆ سەرۆکایەتى زانکۆى چەرموو، هەروەها وەڵامێکیشە بۆ ئەو کەسانەى، کە پێیانوایە، پاساوى نەبوونى بازاڕى کار، پاساوێکى واقعییە و بڕیارى داخستنى بەشی زمانى کوردیی بڕیارێکى دروستە.

دیارە، ئەوەى ڕوونە، هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئابوورییەوە لە قەیران و تەنگژەیەکى ئابووریی و سیاسیی و بەڕێوەبرندایە، ئەمەش بە دیاریکراوى لە ساڵى ٢٠١٤ بەدواوە، پاش دروستبوونى شەڕى داعش و بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى ناوەندیی و بڕیارى ناعەقڵانیی ڕیفراندۆم و بێباکیی و گەندەڵیی و گیرفانپڕکردن و کورسی پەرستیی و پاوانخوازیی دەسەڵاتدارانەوە، ئەمانە هەموو بڕستیان لە بەر گەشەسەندنى هەرێم و بوژاندنەوەى ئەم هەرێمە بڕیوە، سەربارى ئەمانەش بێپلانیی و دامەزراندنى بێبەرنامە و کردنى سەدا حەفتاى دانیشتووانى هەرێم و بگرە زیاتریش بە (بطالة مقنع - بێکارى ڕازی) و مووچەخۆر و بوونى ژمارەیەکى زۆر لە مووچەخۆرى بندیوار و خەڵکانى ناکارا و ناشایستە لە فەرمانگە و دامودەزگاکانى حکومەت، ئەمانە هەموو وایانکردووە، کە تا دەیان ساڵى تریش حکومەت لە زۆربەى زۆرى سێکتەرەکاندا پێویستى بە دامەزراندن نەبێت، ئەمە جگە لەوەى کە لەم وڵاتە شتێکیش نییە بەناوى کەرتى تایبەت و ژێرخانى پیشەسازیی و کارگەى گەورە و پرۆژەى بازرگانیی و ئابووریی گەشەسەندو، تا دەرچووان و خاوەن بڕوانامەکان بتوانن کارى تێدابکەن و بڕوانامەکانیان ببێتە سەرچاوەى داهات و گوزەران و ژیانیان.

واتە بە کورتی گەندەڵیی و پاوانخوازیی و بێپلانیی و نەبوونى سیاسەتێکى نیشتمانیی بۆ کۆى سێکتەرەکان بە دیاریکراویش بۆ کەرتى ئابووریی و بازاڕى کارى هەرێم، ئەمانە هەموو وایانکردووە، کە دامەزراندن نەک بۆ هیچ بەشێکى ئەم هەرێمە نییە، بەڵکو بووەتە شتێکى خەیاڵیی و لە ئێستادا خوێندکار لە قۆناغى سەرەتایی و بنەڕەتیی لە بەرامبەر پرسیارى ئەوەى بۆ ناخوێنیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت مامۆستا خوێندن سوودى چییە خۆ نابم بە هیچ، خۆ دانامەزرێم، یاخود بە هەزاران گەنجى دەرچووى بڕوانامەدار لە سەرجەم پسپۆڕییەکان ئامادەى کرێکاریی ئاسایین، ئامادەى باخەوانیی و پاکەوانى و پاسەوانیی و دووکانداریی و چەکداریین، بەڵام ئەمانە و کۆى بوارەکانى تریش هەتا خزم و کەسوکار و ناسیاوى بەرپرس وەستا بێت، ئەوا دەست کوڕێکى گەنجى خاوەن بڕوانامە ناکەوێت، ئێمە ئەگەر ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا، بە هەزاران گەنجى دەرچووى زانکۆکان لە سەرجەم پسپۆرییەکان دەبینین، کە بێکارن و نەک دانامەزرێن، بەڵکو بەشێوەى گرێبەست و کاتیی و وانەبێژیش کاریان دەستناکەوێت، هەر بەڕاست خەڵکانى ویژدان زیندو و واقیع بین و دوور لە درۆ و دەلەسەى قاتوڕیبات لەبەر و خەڵکانى ڕووکەش بین، ئەرێ ئەم هەموو گەنجە بێکارە خاوەن بڕوانامەیە هەموویان دەرچووى بەشی کوردیین؟ ئەرێ هەر بەشی کوردیی بازاڕیی کاری نییە؟ یان لە پای سیاسەتى حیزبەکان و ئەکادیمییە خزمەتکارەکانیان و بەرژەوەندخوازەکانیان، شتێک نەماوە بە ناوى بازاڕی کارو دواڕۆژى گەنج و بڕوانامەدارەکانەوە.

کەواتە پاساوى بازاڕی کار و گونجاندنى سیاسەتى زانکۆ بەپێى بازاڕ و ئابووری ڕۆژ، لە بیانوویەکى نالۆژیکیی و درۆیەکى شاخدار و پڕوپاگەندەیەکى ناواقیعیی زیاتر چیدیکە نییە، هەربۆیەشە نابێت خەڵکانى حەقبێژ و ویژدان زیندو واقیع بین بە هەموو ئاوازێک هەڵپەڕن و بە هەموو دوعایەک بڵێن ئامین و بە هەموو قسەیەکى بریق و باق بڵێن ئەوا بیستمان و جێبەجێشی دەکەین، چونکە مرۆڤی سەردەمى تەکنەلۆژیاى زانیاریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت لە گیرفان و هەگبەى بەرامبەردا چی تیایە و مەبەست و ئامانجی لە قسە و ڕەفتار و هەڵوێستی چییە؟!

سەبارەت بەوەش، کە ئێمە وەک مامۆستایانى بەشی زمانى کوردیی ئەم بڕیارە نازانستیی و نائیداریی و نالۆژیکییە ڕەتدەکەینەوە، ئەوەیە کە پێمانوایە بیانووى پشتى ئەم بڕیارە، کە وەک وتمان گوایە بازاڕى کارە، بەڵام ئەوە بەلاى ئێمەوە ڕەتکراوەیە و بڵقى سەرئاوە، چونکە هەر کەسێک، کە سەرە واوێک لە سکی دا بێت و بۆ یەک ڕۆژ ئەزموونى ئەم واقیعەى کردبێت، بێگومان ئەوەى ئەزبەر کردووە، کە پاساوى بازاڕى کار هەر لە بنەڕەتەوە باتڵ و پووچەڵە.

هەربۆیە خەمى ئێمە، خەمى داهاتووى زمانەکەمانە، خەمى شوناس و کلتور و ناسنامەى نەتەوەییمانە، پێمانوایە زمانى کوردیی بۆ کورد لەوە ئەولاترە، کە تەنها وەسیلەیەک بێت بۆ گفتوگۆکردن و پەیوەندیکردن و گواستنەوەى بیرەکان، بەڵکو زمان بۆ ئێمە بەشێکە لە سیحر و تەلیسمى مانەوە و نەتوانەوەمان، سەنگەرێکە بۆ مانەوەى شوناسمان، ساباتێکە بۆ پاراستنى بوونمان، هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە، کە بە درێژایی سەد ساڵى ڕابردوو ڕووبارێک خوێن و دەریایەک فرمێسکمان لە پێناوى مانەوە و نەتوانەوەى خۆمان و زمان و کلتورماندا ڕشتووە، نەمانى زمانى کوردیی واتە نەمانى من، تۆ، ئەو، هەمووانى کوردیی، بۆ نموونە کوان (ئاشوریی، بابلى،ئەکەدیی، قیبتیی، ...)، کە لە ناوچەکانى (میزۆپۆتامیا و میصر و وڵاتى شام و ...هتد)دا ڕۆژێک لە ڕۆژان ژیاون؟؟ بۆ ئەمانە هەموو توانەوە و بوون بە بەشێک لە نەتەوەى عەرەب؟ چونکە زمانیان لە دەستدا و زمانیان توایەوە و نەما، بۆیە ئێمە بەپێچەوانەوە پێمانوایە پێویستە حکومەت و زانکۆکان و لایەنى پەیوەندیدار، سیاسەت و پلانێکى تۆکمەى زانستیی زمانیی هەبێت، تا زمانى کوردیی لە هەژموونى زمانانى بێگانە و هەژموونى جیهانگیریی بپارێزێت، نەک بە پێچەوانەوە هەر جارەى بە بیانوویەک و لەژێر پەردەى ئارگۆمێنتێکى نالۆژیکییدا هەوڵى تیرۆرکردن و جنۆسایدکردنى زمانى دایک بدرێت و هاوشێوەى دوژمنانى کورد ئاو بە ئاشی پڕوپاگەندەى دوژمناندا بکرێت و بە کرداریی ئەوە بسەلمێنرێت، کە فیعلەن زمانى کوردیی زمانى زانست و سیاسەت و دادگا و ئابووریی و بەڕێوەبردن نییە.

بۆیە لە کۆتاییدا ڕووى قسەم دەکەمە هەر بەڕێزێک، کە پێى وابێت پاساوى بازاڕى کار، قسەیەکى تەواو دروستە بۆ داخستنى بەشی زمانى کوردیی، پێیان دەڵێین پێویستە جارێکى تر واقیعبینانە و بە ویژدانەوە تەماشاى دەروبەرى خۆیان و واقعى ئەم هەرێمە بکەن و ئەو پرسیارە سادەیە لە خۆیان بگەن، ئەرێ هەر بەڕاست ئەوە تەنها بەشی کوردییە، کە بازاڕی کارى نییە؟ یاخود نەخێر ئەم شێرپەنجە نەفرەتییە هەموو جەستەى خوێندن و پەروەردە و تەندروستى و ژیانى مرۆڤەکانى ئەم هەرێمەى گرتووەتەوە و ئارگۆمێنتى بازاڕى کار تەنها بیانوویەکى ماکیاژکراوى هەندێک کەسی نابەرپرسە لە داهاتو و بایەخى زمانى نەتەوەیی و تێنەگەیشتنە لە بەها و پێگەى زمانى دایک و دەیانەوێت لەژێر ئەمجۆرە عەبا ڕەشە نەگریسەوە پیلانەکانى خۆیان جێبەجێبکەن.

مامۆستا لە بەشی زمانى کوردیی/ زانکۆى چەرموو

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations