دۆسیەی کچی پارێزگاری هەولێر

ئیبراهیم شێخ وەسانی
04.09.2020

(ئەگەر دەستدرێژی کرایە سەر کچی پارێزگار، بێدەنگ مەبە، ئەگەر بێدەنگ بیت، نۆرەی تۆش دێت)                               

                              (١)

(بۆ بەبیرهێنانەوە)
کچێکی حەفت ساڵان، رۆژی سێی گوڵانی دووهەزار و نۆزدە دەڕفێندرێ، لە بیستودووی رەشەمێی ئەمساڵدا، باوکی کچەکە له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند کە پاسەوانەکانی بەرپرسێکی پارتی لەشاری هەولێر، بەیارمەتی ژنەکەی (زڕدایکی کچەکە)، کچەکەیان فڕاندووە، بەحەب بێهۆشکراوە، سێکسیان لەگەڵی کردووە.

باوکی کچەکە لوقمان ئیسماعیل گوتیشی " برای بەرپرسەکە، لەپێش چاوی بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی هەولێر عەبدولخالق تەلعەت، هەڕەشەی لێکردم، گوتی ئەگەر لەدادگا سکاڵا لەسەر پاسەوانەکان نەکێشیەوە دەتکوژم"

                             (٢)

  قسەکانی باوکی کچەکە، هاوڵاتیانی توڕەکرد، لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داوایان دەکرد چاو لەو تاوانە نەپۆشرێت.
پێشتر تۆمەتبارەکان بەکەفالەت (بەشێوەیەکی نایاسایی) ئازادکرابوون، بەڵام دوای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیەکە، جارێكیتر تۆمەتبارەکان دەستگیركرانەوە.

                              (٣)

 رۆژی دواتریش، پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی لە تەلاری پارێزگا پێشوازی لە باوك و كچەکە کرد، گوتی" ئەو كچە كچی ئێمەیە، هەرچی پێویستبێ بۆیدەکەین، دۆسییەكە بەدادپەروەری دەڕوات، تۆمەتباران بەسزایی عادیلانەی خۆیان دەگەن، بەزووترین كاتیش لێكۆڵینەوە دەكەین، هەركەسێك لەهەر پێگە و مەقامێك بووبێ، هەڕەشەی لێكردبن، بەشێوەیەك لە شێوەكان دەستێوەردانی سلبیان لەدۆسییەدا كردبێت، بەسزایی یاسایی خۆیان دەگەن، هیچ كەس پارێزبەندی لەسەر نییە".

                   
                             (٤)

 بەڵام پێرێ، بەبیانووی نەبوونی بەڵگە، تۆمەتبارەکان ئازادکران، هەرێم رەفعەت، پارێزەری کچەکە بەمنی گوت " بەپێی راپۆرتی پزیشکی سەلمێنراوە کە لواتە (واتە دەستدرێژی سیکسی لەرێگەی کۆمەوە) لەگەڵ ئەو کچە کراوە، کەواتە تاوانەکە کراوە، بەڵام تاوانبارەکان دیارنیین، بۆچی رووبەڕووبوونەوە و ناساندنی راستەوخۆ لەنێوان تاوانلێکراو و تۆمەتباران نەکرا؟!"

هەرێم پێیوایە ئەگەر دادگا رووبەڕووبوونەوە و ناساندنی ئەنجامدابا باشتربوو، گوتی " رەنگە سەرەداوێکمان دەستکەوتبا".


                             (٥)

 بەراست، بۆچی رۆژی چوارشەم جگە لە هەرێم رەفعەت هیچ پارێزەرێکیتر لە دادگا ئامەدەنەبوو؟!
 (دۆسیەکە کۆمەڵێک پارێزەری خۆبەخشی هەیە) ئایا هەرەشە و تۆقاندن هەبووە؟
بۆچی دادگای تێھەڵچوونەوە رەچاوی ئەوەی نەكردووە و، لەسەر ئەو خاڵە نەوەستاوە، كە لەدادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، بڕیاری روبەڕووبونە و، کرداری ناساندنی تۆمەتبارانی ئەنجام نەداوە؟!


                            (٦)

رۆژێک کەسێک زلەیەک لە مەلا نەسرەدینی رۆمی دەدات، کە ئاوڕدەداتەوە، کابرا دەڵێ " ببورە نەمزانی، بەبرادەرێکت تێگەیشتم"
 کێشەکەیان دەکەوێتە دادگا، بەڵام قازی برادەری شەقوەشێن دەردەچێت، بۆیە زۆر داوا لە مەلا دەکات بیبورێ، سودی نابێت.
رۆمی دەڵێ "شتی وا نیە، یان دوو دینارم دەداتێ، یانیش بەهەموو هێزم شەقێکی لێدەدەمەوە،"
قازی بەهاوڕێکەی دەڵێ " بڕۆ پارەکەی بینە"
مەلا زۆر چاوەڕێ دەکات، کابرا ناگەرێتەوە، ئیدی تێدەگا کە فێڵی لێکراوە، بۆیە زلەیەک دەسرەوێنێتە بناگوێی قازی و، رادەکات و دەڵێت" جەنابی قازی دوو دینارەکە بووە حەلاڵی ئێوە"
جەنابی پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەدۆسیەی کچەکەت، گومانی ئەوەناکەی ئێوەش فێڵتان لێکرابێ ؟!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations