ئەرشیفە گەڕاوەكەی بەعس

یاسین تەها
04.09.2020

پاش ئەوەی 18 تۆن بەڵگەنامەی حیزبی بەعس لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی مستەفا كازمی كە خۆی یەكێك بوە لەوانەی ئیشی تێداكردووە لەگەڵ كەنعان مەكیە، پرسیار و بەدواداچوونەكان لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو 6 ملیۆن بەڵگەیەوە هەر بەردەوامن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لەمیدیا عەرەبی و جیهانییەكاندا بەردەست 2.7 ملیۆن لەو بەڵگەنامانە كە 5 تێرابایتی دیحیتاڵن، نوسراوەكانی سەرۆكایەتی كۆمارن بۆ موخابەرات و ئیستیخبارات و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەمنی گشتی و ئەمنی تایبەت، لەبارەی زۆر پرسی هەستیار و گرنگی رۆژی خۆیانەوە.

زیاتر لە 3 ملیۆن بەڵگەنامەش كە 5 تێرابایتن تایبەتن بە ئەندامان و كادرانی حیزبی بەعس، لەم بەڵگەنامانەشدا چۆنییەتی وەرگرتنی ئەندامێتی و پلەبەرزكردنەوە و خەڵاتكردن و سزادانی كادران و بەرپرسانی حیزب روون دەكاتەوە لەگەڵ سەرنج و هەڵسەنگاندنی بەرپرسان و ئۆرگانە حیزبییەكان لەسەریان.

زیاتر لە هەزار 336 بەڵگەنامەیتر هی وەزارەتی رۆشنبیری ـ ن و حەزی سەدام بۆ چۆنییەتی دەرخستنی وێنەی خۆی لەبەرچاوی رای گشتی ڕوون دەكەنەوە لەپاش 1991 .

بەشێكیتری ئەرشیفەكە تایبەتە بە دۆسیەی جولەكە لەعێراق و تێیدا فۆكەس خراوەتە سەر جولەكەكانی كوردستان.

ئەم ئەرشیفە كۆمەڵێك كاسێتی ڤیدیۆیی لەگەڵدا هاوپێچە كە وتارەكانی سەدام و كۆبوونەوە حیزبی و جەماوەرییەكانیەتی.

لەكاتی گواستنەوەی ئەم ئەرشیفەدا دۆسیەی راگواستنی زیاتر لە 960 گوندی كوردستان كەوتووەتە بەرچاوی كامێراكان، لەگەڵ لە سێدارەدانی 4 شوانی كورد كە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان ناوچەی قەدەغەكراویان بەزاندووە.

بەو پێیەشی بەڵگەنامەكان زیاتر پاش ساڵانی 1991_ 2003 ن زۆر دۆسیەیتری هەستیار رووماڵ دەكەن و ئێستا پاش سكان كردنیان لە ئەمەریكا لەبەغدا لەجێگایەكی قایمكراو كار لەسەر پۆلێن و بەكارهێنانیان دەكرێت.





copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations