بڕیارەکانی کابینەی ڤیدیۆ کۆنفرانس...

شێرکۆ حەمەئەمین
02.09.2020

کابینەی نۆیەمی حکومەت،کابینەی سێکوچکەی پارتی،یەکێتی،گۆڕان و سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی،یان وەک خۆیان دەڵێن برا گەورە،سەرەتا میدیای حیزب و  بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکان،کەبە پارەی نەوت و کۆمپانیا و خاڵەسنورییەکان کاردەکەن.


زۆریان لە بارەوە وت و ئومێدی،لە سەر هەڵچنرا و مژدەی حوکمڕانیەکی یۆتۆپیان،بە خەڵکدا،وەک قۆناغی دابڕان سەیریان دەکرد و مەسرور بارزانیش هەر بەو جۆرە لێدوان دەدات.


بەڵام دوای ساڵێک و پەنجا ڕۆژ،لە دەستبەکاربونی دۆخی هەرێمی کوردستان،لە هەموو ڕویەکەوە،لە جاران خراپترە و قەیران دوای قەیران سەربار دەبن.
کابینەی ئۆنلاین و ڤیدیۆ کۆنفرانسیش،بەبێ توێژینەوە و حسابی لێکەوتەکانی و وردەکاری بڕیارەکانیان،چونکە،لە خەڵک و دۆخەکە دابڕاون،هەر بڕیار دەدەن و سەرئەنجام مەینەتی و کارەسات،بۆ خەڵک دێنن،ئەم کابینەیە هێندە،لە ژێر هەژمونی براگەورەدایە و سێبەری ئەویان،لە سەرە  تەنانەت،ناتوانن،کۆتایی بە کۆبونەوەی ئۆنلاین و ڤیدیۆ کۆنفرانسیش بێنن.


بڕیاری ئەمڕۆ ۲٠۲٠/۹/۲ لەبارەی ساڵی نوێی خوێندنی ۲٠۲٠_۲٠۲۱ سەلمێنەری ئەو ڕاستیە و فەشەلی ئەم کابینەیە،ئاخر پشت،بە ستوو،بە کام توێژینەوەو ڕاپرسی و وەرگرتنی ڕای قوتابیان و خوێندکاران بڕیاری خوێندنی ئەلکترۆنی دەدەن؟


لەکاتێکدا،لە وڵاتانی ئەوروپا،وەک پێویست سەرکەوتو نەبوە،کە تەواوی ژێرخانی پەروەردەیی و پێداویستیەکانی دابینکراون،ئاخۆ،لە هەرێمدا و بەم دۆخەوە چۆن سەرکەوتو دەبێت و چی لێ بەرهەم دێت؟


تۆ،کە ناتوانیت هێڵی ئینتەرنێت و لاپتۆپ و پێداویستیەکانی تری خوێندنی ئەلکترۆنی لایەنی کەم،بۆ هەموو خێزان و هەموو ناوچەکانی کوردستان دابین بکەیت،چۆن بڕیاری لەم جۆرەدەدەیت؟


ئایا دەتوانیت،بۆ گوندەکان و دەرەوەی شارەکان کارەبا و هێڵی ئینتەرنێت و لاپتۆپ دابین بکەیت؟بێگومان هەر لە بەرنامەشتاندا نیە،کاری وا بکەن.
ئایا مامۆستاکان ڕاهێنراون و ئامادەن،بۆ ئەو کارە؟


لە هەمووی سەرەکی تر،سیستمی ئەلکترۆنی چۆن،بۆ منداڵی پۆلی یەکی بنەڕەتی،دەگونجێت،کە تازە دەچێتە قوتابخانە و پیتەکان فێر دەبێت؟
چۆن فێری ئەلف بێی زمانی کوردی دەبێت؟


رەنگە،بۆ ئێوە ئاسایی بێت،چونکە پێ دەچێت،ئاگاداری دۆخی خوێندنی حکومی نەبن،بڕواشناکەم سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی منداڵەکانیان،
لە خوێندنگای حکومی و خوێندنی کوردی بن؟


وەزارەتی پەروەردە،لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا ئەمە هەموو بژاردە و جێگرەوەکانتان بوو؟


هەموو ئەو وڵاتانەی خەمی ئایندە و پێشکەوتنی وڵاتەکەیانە گرنگی،بە خوێندن و پەروەردە دەدەن،بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێزانی هەرێم،ئێستا و ئایندەی نەوەکان و هەرێمیان تاریک و نادیارکردوە و ئەوەی لایان گرنگ نەبێت،خوێندنە.


لە مێژە وتراوە،چاکبون،بۆ میللەتێک نیە،سەرچاوەی منداڵەکانی لێڵ کردبێت،ئەم دەسەڵاتەی هەرێم،لە بری لێڵ سەرچاوەکەی تاریک کردوە.


لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ۱ ملێۆن و ۷٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار هەیە،کە نزیکەی ٤۸٠ هەزاریان،لە سنوری پارێزگای سلێمانیدان، بەم جۆرە  چارەنوسیان چی لێ دێت؟ئایا پار هیچیان خوێند،تا ئەم ساڵیش بەم دەردە ببرێت؟


لەبەر هیچ نا،تەنیا بە هۆکاری ئەم بڕیارە و بێ باکی حکومەت،لە ئاست ئایندەی نەوەکان،ئەم کابینەیە فاشلترین کابینەیە و شیاوی هەڵوەشاندنەوەیە.


ئەگەر ئەم بڕیارە یەک هۆکاری تەندروستی و خۆپارێزی هەبێت،سەد هۆکاری تری هەیە،کە پێنەدانی موچە و دابین نەکردنی ژیانی خەڵکە و ترسە،لەناڕەزایی و خەباتی مەدەنی،کە هەر ڕودەدات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations