بۆ پارتی و یەکێتی و گۆڕان هاوڕان؟

بەختیار مەحمود
18.08.2020

بێگومان پارتی و یەکێتی و گۆڕان وەک سێکوچکەی سەرەکی ئەم حکومەتە، بە ئەندازەی حەجم و قورسایی خۆیان بەشدارن لە هەموو ئەو بەد بەختییانەی کە بەسەر خەڵکدێت ،  ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵک لەم حکومەت و دەسەڵاتەی هەیە  زیاتر بێ ئومێد دەبێت ، مووچە کە سەرەتایترین مافی فەرمانبەرە.


 ئەم سێ لایەنە  هاوڕان لەسەر بڕین و نەدان و دواکەوتنی ، ئەمە خاسێت و خەسڵەتی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەیە کە  مێژووی بەڕێوەبردن و تەمەنی سیاسی بەجۆرێک تێکەڵ بە گەندەڵی بووە  مەحاڵە چاک بوونی ، لە فەرهەنگی سیاسی ئەم دەسەڵاتەدا  گەندەڵی ڕەگی ڕیشەیی خۆی داکوتاوە و لەژێر ئەزموونی دامەزراوەکاندا  جێی فەساد و گەندەڵکاران کراوەتەوە بۆ ئیدامەدان بەم دەسەڵاتەی ئێستا ، ئەگەر سەرنج بدەینە نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان.

 دەبینین ڕۆژ دوای ڕۆژ  ئەم قەوارە دەستورییە بچوک دەکرێتەوە و مافەکانی خەڵکی کوردستانیش سەوداو مامەڵەی بازرگانی و سیاسی پێوە دەکرێت ،  ئەمە نە پەیوەندی به گوشاری بەغدا و هێزەکانی تری ئیقلیمییەوە هەیە نە پەیوەندی بە وڵاتانی دراوسێوە هەیە ، بەڵکو تاوانباری سەرەکی لەم مەسەلەیەدا  ئەم دەسەڵاتدارانەن کە لە پاڵ قەوارەی هەرێمی کوردستان بوون بە بازرگانی گەورە و خاوەنی  چەندەها  باڵەخانەو سەرچاوەی بازرگانی ناوخۆیی و جیهانین.


 نایانەوێت دەست بەرداری بەرژەوەندییەکانیان بن ، بۆیە ئامادەی هەموو سازشێکن بە نشتمان و خاک و قەوەرەکەشەوە  تەنها خۆیان و بنەماڵە و خێزانەکانیان پارێزراو بن ، خەڵک لەم کوردستانە زۆڵم و ستەمێکی زۆری بەرامبەر دەکرێ ،   نە دیموکراسی هەیە نە دادپەروەری و نە یەکسانی کۆمەڵایەتی ، ئەوەی کە پێویستە بۆ ژیان لەم هەرێمە قۆرغکراوە ، بژێوی خێزانەکان بۆتە ئەرکێکی سەخت و قورس ، ئەمە جیا لەوەی ئەم هەرێمە خاوەنی سامان و داهاتێکی یەکجار زۆرە ، بەڵام لە ڕێگای ئەو گروپ و تاقم و حزبانەوە   تەخشان و پەخشان دەکرێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations