بۆچى ده‌بێت دژى پڕۆژه‌ياساى كارى ڕۆژنامه‌نووسيى ئه‌ليكترۆنيى بين؟

ئەحمەد میرە
16.08.2020

هه‌رچه‌نده‌ دۆخى ميدياى ئه‌ليكترۆنيى كوردى، زۆر خراپه‌و بووه‌ته‌ زه‌لكاوێكى پڕ به‌كترياو چاوگى بڵاوكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تی‌، به‌تايبه‌ت سۆشيال ميدياى ئێمه‌ ڕۆڵی جاسوسێكی بێ مۆراڵ ده‌گێڕێت و بێ پرسكردن خۆى ده‌كات به‌ ژيانی تايبه‌تی هه‌مووانداو ڕۆژانه‌ چه‌ندين كه‌س ده‌بنه‌ قوربانی ئه‌مجۆره‌ به‌ناو ميديا بيژوه‌. ده‌مێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ده‌مامكى ئه‌مجۆره‌ ميديايه‌ لاببرێت، چونكه‌ هه‌رگيز ماسكداره‌كان نه‌ مرۆڤى شه‌ريفن و نه‌ كارى شه‌ريفانه‌ ده‌كه‌ن، بۆيه‌ زۆريش پێويسته‌ ياسايه‌كى مه‌ده‌نی توندوتۆڵ هه‌بێت بۆ ڕێكخستن و ڕاستكردنه‌وه‌ى سۆشيال ميدياى كوردى.

 

به‌ڵام به‌ ئه‌وپه‌ڕى ڕاشكاوی ده‌ڵێم، په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانێت ياسايه‌كی نيه‌ت پاكی مه‌ده‌نى له‌ به‌رژه‌وه‌نديی ئازاديی ڕۆژنامه‌نووسی و ديموكراسييه‌ت ده‌ربكات. پێكهاته‌ى ئێستاى په‌رله‌مان به‌جۆرێكه‌، ئه‌وه‌ى نابێت تێيدا گفتوگۆبكرێت، بابه‌تى ئازاديى ميدياو ديموكراسييه‌.

 

ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان، ديوه‌خانی نه‌خوێنده‌واره‌كانه‌و خولی شه‌رعيه‌تدانه‌ به‌ تاكڕه‌ويی و عه‌قڵی خێڵه‌كيی، چۆن ده‌كرێت داهاتووى ديموكراسييه‌ت به‌ گروپێكی ڕۆژنامه‌نووس_كوژ بسپێردرێت؟! ئه‌و به‌ڕێزانه‌ى له‌ نيه‌تێكی پاكه‌وه‌ پشتيوانی ياساكه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت بزانن دواجار كێ گفتوگۆى ياساكه‌ ده‌كات و كێ ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌دات؟!! ده‌وترێت پڕۆژه‌ياساكه‌ دوو شاره‌زاى ميديايی ده‌ره‌وه‌ى پارتی، ئاماده‌يانكردووه‌، له‌ ڕاستيدا كاره‌كه‌يان نه ‌پيرۆزه‌و نه‌ بۆ خزمه‌تكردنه‌‌، چونكه‌ دواجار‌ ئه‌وان نايكه‌نه‌ ياسا، به‌ڵكو زۆرينه‌يه‌كى ناديموكراسی په‌رله‌مانی ده‌يكه‌نه‌‌ ياسا.

 

دۆخى كارى ميديای ئێمه‌، زۆر جوان نييه‌، بۆيه‌ به‌م پڕۆژه‌ خراپه‌ ئاڵۆزترى مه‌كه‌ن و نه‌هامه‌تی ترمان بۆ زيادمه‌كه‌ن، باشترين كار ئه‌وه‌يه‌، پێكه‌وه‌ بڵێين جارێ زۆر زووه‌ بۆئه‌وه‌ى ببينه‌ خاوه‌نى ياسايه‌كى تر بۆ ڕێكخستنی كارى ڕۆژنامه‌وانی ئه‌ليكترۆنی، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ داڕێژه‌رانی ياسا له‌م هه‌رێمه‌دا، بڕوايان به‌ ئازادى ڕۆژنامه‌نووسی و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نی نييه‌ و ئه‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت، به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگايه‌كی بێده‌نگه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتكه‌ردا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations