كێ‌ ئیزدییەكانی رزگاركرد؟

سەرتیپ جەوهەر
04.08.2020

ـ چەند راستییەك لەبارەی مەرگەساتی شنگال و رزگاركردنی ئێزدییەكان
ـ فەرماندەکانی پێشمەرگە یەك خێزانی ئێزدیان رزگار نەکرد


لەدوێنێوە هەراو هەڵایەكی زۆر هەبوو لە فەیسبوك لەسەر ئەوەی كێ ئێزدییەكانی رزگاركردووە. بەحوكمی بۆخۆم بەدواداچوون و سەردانی ناوچەكەم كردووەو خۆم ئاوارەكانی ئێزدی سەرشاخ و فەرماندەكانی پێشمەرگەو پەكەكەم لەشنگال بینیوەو راستەوخۆ لەدوای رزگاركردنی شنگال سەردانی زۆربەی شوێنەكانم كرد. دەمەوێ‌ چەند راستییەك هەیە وەكوخۆی بیخەمە روو كە پێویستە هەموومان بیزانین.


ئەوەی گرنگە لەگەڵ دەستپێكی پەلاماری داعش هەرچی هێزی پێشمەرگەیە لەناوچەكە بەبێ‌ تەقەكردن و هیچ بەرگرییەك لەهەموو ناوچەكان كشانەوە، لەبەشێك لەو ناوچانە پێشمەرگە ئەوەندە خیرا ناوچەكانیان بەجێهێشت و دوو رۆژ پێش خەڵك رایانكرد و ناوچەكەیان جێهێشت، دوای دوو تا سێ‌ رۆژ داعش گەیشتنە ناوچەكە.


هیچ هێزو فەرماندەییەكی پێشمەرگە بەبێ‌ (دون استثناء) لەهیچ بەرەیەك و هیچ گوندو شارێك بەرگریی نەكردو هەرهەمووی ناوچەكەی جێهێشت و رایكرد. سەرەتا ئەوانەی بەناوی داعش هاتن عەرەبی ئەو گوندانەبوون كە خۆیان دایە پاڵ داعش و بۆ تاڵانیی و كوشتو بڕو بردنی كچانی كورد پەلاماری ناوچەكانی ئێزدخانیاندا و تاڵانیان كرد. دواتر چەكدارانی داعش پەلاماریاندا. ئەو گوندانەشی كەوتبوونە قوڵایی و دووربوون لەسنور سەرەتا داعش پەلاماری نەدان و دوای چەند رۆژێك دوای كۆنترۆڵكردنی سنورەكان بۆیان گەڕانەوەو كوشتوبڕیان كردن، لەوانەش هەردوو گوندی كۆچۆو حەردان.


ئەو شوێنانەی جۆرێك لەبەرگریی لێكرا ئەو شوێنانە بوون:


1- لەگوندی گر زەرك كە دەكەوێتە خوار شنگال ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتی كە پێدەچێ پێشمەرگەی كۆمیتە بووبن دۆشكایەك دەبەنە سەر خوێندنگای گوندەكە هەندێك بەرگریی دەكەن و ژمارەیەكیان لێ‌ شەهید دەبێت و ئەوانی دیكە ناوچەكە جێدەهێلن كە ژمارەیەكی كەم بوون.


2- لە سەرەتای لۆفەكانی شنگال كە لەقەڵای سمایل بەگ سەردەكەویت داعش تا لۆفەی سێیەم دێن، دەیانەوێ‌ بەر لەخەڵك بگرن و ژن و منداڵی ئێزد گلبدەنەوە، بەڵام ژمارەیەك چەكدار كە دوو سێ‌ كەسیان كۆنە رێكخستن و گەریلای پەكەكە بوون و شارەزای شەڕی (پارتیزانیی بوون) تەقە دەكەن و بەرگریی دەكەن، ژمارەیەك چەكداری ئێزدی دیكەش دێنە پاڵیان و داعشەكان بەرەو خوار دەكشێنەوەو لۆفەكان چۆڵ دەكەن و خەڵكەكە سەردەكەوێت، بەڵام ژمارەیەكی زۆری ئێزدی لەناو شنگال نەیانتوانی بگەنە شاخ و دەكەونە دەست داعش، ئەگەر داعش لەو لۆفانە رانەگیرابوایە مەرگەساتەكە زۆر خوێناویتر دەبوو.


3- لە مەزاری شەرفەدین ژمارەیەكی زۆر چەكداری ئێزدی تێكەڵ لە یەكێتی و پارتی كە بەشێكیان لەشاخ بوون و دێنەخوارێ‌ بەرگری لەمەزارەكە دەكەن، ئەو چەكدارانە بەناوی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی بەرگریی ناكەن، بەڵكو بەناوی بەرگریی ئێزدیی دەمێننەوەو رێگا نادەن شەرفەدین دەستی بەسەردابگیرێت لەوانە حەیدەر شەشۆ كە ئەوكاتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بوو.


4- لەسەرووی ناحیەی سنون لەنزیك گوندی (رجم العبد) ژمارەیەك چەكداری یەپەگە سنور بەدوری كیلۆمەترێك تا دوو كیلۆمەتر دەبەزێنن و دەگەنە سەر شەقامە گشتییەكەی بەرەو رەبیعە دەچێت بازگەیەك دادەنێن و بەرگریی دەكەن و ژمارەیەكی زۆر ئێزدی رزگاردەكەن كە بەئۆتۆمبێل رویان لەشارەكانی دیكەی هەرێم كردووە، بەڵام داعش لەوێ‌ دەیەوێ رێگەیان لێبگرێت. لەو شەڕو پێكدادانەی ئەوێ‌ ژمارەیەك شەرڤانی یەپەگە شەهید دەبن، كە خەڵكەكە دەپەڕنەوە ناوچەكە بەجێدەهێلن.


5- ئەو شوێنانەی خەڵكی ئێزدخان واتە شنگال و سنون و گوندەكان پێیدا رایانكرد، بەشێكیان زوو رایانكردو بەڕێگەی رەبیعە خۆیان گەیاندە زاخۆ، ئەوانی شنگال بەسەر شاخی شنگال سەركەوتن و روبەرووی نەهامەتی زۆر بوونەوە. بەشێكیان لەنزیك گوندی رجم العبد پەڕینەوە دیوی رۆژئاوای كوردستان.


پێشمەرگە هەرهەمووی رایكرد، هیچ فەرماندەو پێشمەرگەیەك نەمایەوە بەناوی پێشمەرگە بەرگریی بكات، ئەوەی لەفەیسبوك دەیبینین كە خەڵكانێك باس لەرزگاركردنی ئێزدیەكان دەكەن، هیچ بنەمایەكی نییەو ناتوانن یەك شایەتی بۆ قسەكان بێننەوە. راستییەكەی بەشێك لەپێشمەرگە كە ژمارەیەكی كەم بوون لەبەرئەوەی هەردوو دیوی رەبیعە واتە رێگای رەبیعە بەرەو سنون و رێگای رەبیعە بەرەو مەحمودیەیەیان لێگیراو فریای راكردن بەرەو هەرێم نەكەوتن، ناچار خۆیان گەیاندە دەروازەی رەبیعە كە پێشتر هێزەكانی یەپەگە دەستیان بەسەر خەستەخانەكەو كۆمەڵگای فەرمانگەكان و دەروازەكەدا گرتبوو. ئەو پێشمەرگانە خۆیان دەخیلی یەپەگە كردو ماوەیەك لەوێ‌ مانەوە، بەڵام دوای ئەوەی داعش گەیشتە ئەو ناوچانە و هەوڵی داگیركردنی دەروازەكەیدا ئەو پێشمەرگانە كە نزیكەی 30 پێشمەرگەیەك و چەند ئەفسەرێك بوون تەنها چەكی كڵاشینكۆفیان پێبوو هیچ چەكێكی قورس پێنەبوو. رەنگە بەشدارییەكی سنورداریان كردبێت لەچەند كاتژمێری یەكەمی هێرشەكە و هیچیتر. لەوێ لەچەند گرتە ڤیدیۆیەكی تەلفزیۆنەكانی پەكەكەدا دەركەوتوون و قسە دەكەن، ئەوانە بۆخۆیان رایانكردبوو تەنها چەند رۆژێك لای یەپەگە مانەوە.


هیچ فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئێزدییەكانی رزگار نەكردووەو لێقەوماوانی ئێزدی لەدەروازەی رەبیعە نەچوونە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، نەیانتوانی بگەنە ئەو دەروازەیەو داعش رێگاكانی گرت.


تێبینی:

ـ رەبیعە نزیكەی ۱٠٠ كیلۆمەتر لە شنگال دوورە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations