بارزانیەکان بۆ دەترسن؟!

بەدران محێدین
30.07.2020


بێرتراند ڕاسێڵ گەورە نووسەری ئینگلیز لە کتێبی (رەوشتی سیاسەت لە کۆمەڵگای مرۆییدا) دەڵێت:
 جگە لە باشەکان ترسیان ھەیە خراپەکان زیاتر لەوە دەترسێن کەسانێک بێنە پێش ھێز و دەسەڵاتی ئەوان بکەوێتە مەترسی و ھەڵدێری یەکجاری، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک دەژیان دەوەستن تا تەنیا خۆیان لە مەیدانەکە بەردەوامبن.

شاری ھەولێر لە دوای دەست بەسەرداگرتنی لە لایەن بنەماڵەی بارزانی لە رێگایی حزبی بەعس و تورکیا ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوە دابوونە خۆیان بە تەنیا حاکمی شاربن.
 ترس و تۆقاندنی خەڵکەکەشی بە گشتی ھەر بۆ ئەوەیە خۆیان بەردەوامی بە دۆخەکە بدەن، کاتێکیش دێتەسەر باسی خزمەتگوزاری زۆر خۆیان بە حەق دەبینن و دێن بە خەڵکی رەسەنی ئەو شارە دەفرۆشنەوە. ئێمەومانان کە
کوڕی ئەو شارەین؛ زۆر باش ئاگاداری مێژووی ئەو شارەین. فرۆشتنەوەی خزمەتگوزاری بە خەڵکی ھەولێر بڕوا پێکەرە بۆ کەسانێک کە لە دوای ٣١ ئابەوە ھاتبن بۆ ئەو شارە، ئاخر ئیشکردن بۆ ھەولێر لە قەدەر ئەو بودجە زەبەلاحەی لە چەند ساڵی رابردوو ھەیبووە ھەر ھیچی بۆ نەکراوە، لە دوای ٣١ ی ئاب ئەو شارە ھەر خاوەنی نەخۆشخانەی رزگاری بوو، نیوەی قوتابخانەکان دروستکراوی سەردەمی حزبی بەعسن، نیوەکەی تریش لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق کۆریەکان و دەزگا خێرخوازیە جیھانیەکان دروستیان کردووە، شەقامەکانی ٣٠ مەتری تاکوی ١٠٠ مەتریش بوونی ھەبوو، گەڕەکەکانی سێتاقان و تەیراوە و باداوە و سەیداوە ھەر وەک خۆیانن، ئەوەی بۆیان زیاد کردووە ھۆتێل دیڤان و رۆتانا و شاری فیرعەونەکانە، ئەوانیش بوونە بە شوێنی حەسانەوەی دوژمنانی میللەت و دەزگا ھەواڵگریەکانیان کە لەوەتەی ھەن دژی ئەو میللەتەن.

دوای ئەو ھەموو نایەکسانیە چینیایەتی و نادادپەروەرییە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی لەو شارە دروستیانکردووە ئێستا ترسیان لەوە ھەیە کاتێک دەبینن لاھوری شێخ جەنگی دەیەوێت ھەولێر بکات بە چەقی یەکلاکەرەوەی سیاسەت، ئەو بڕیارەی یەکێتی بۆ خەڵکی ئەو شارە بووە بە مایەیی دڵخۆشیەکی زۆر، چونکە لەو شارە ئەوەی کاسەلێسی بنەماڵە نەبێت لە فەرمانگەیەکیش ئیش و کاری قورستر دەکەن.


ھیوادارین ئەو بڕیارەی لاھوری شێخ جەنگی ھەموو حزبەکانی تریش بگرێتەوە بە گۆران و نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامیەکانیش. ئێمە لەوە دڵنیان ئەگەر حزبەکان سەنگەریان نەگوزانەوە بۆ شاری ھەولێر پارتی ھەم لە رووی سیاسی ھەرێم بێ باک دەبێت ھەمیشە زیاتر و زیاتر خەڵکی ئەو شارە دەچەوسێنێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا ئێمە ئاگاداری بنەماڵەی بارزانی کەوتوونەتە جوڵە و ئەو ترسەیان لێ نیشتووە کە (بێرتراند ڕاسێل) زۆر بە وردی باسی دەکات و ئەوانیش بە جوڵەی لایەنەکان بۆ ھەولێر خەمی لەدەستدانی ئەو ھەولێریانە کە چارەگە سەدەیەکە دەیچەوسێنەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations