چیمان دەوێ و چیمان بۆ دروست دەکەن!

گەرمیان خالید گڕاوی
29.07.2020

رۆژانە لە گەرمەی رووداو و دروست بوونی کاردانەوەکان شتێکی زۆر خۆشی منداڵی خۆمم بیردێتەوە، ئەوکاتەی داوای پیاسەو یاریم دەکرد دەگریام بۆی، یان ھەر داواکارییەکم ھەبا لەوکاتە بۆیان جێبەجێ نەکرابایە، دایکم دەیووت ئەو ھەموو خوێیە چیبوو ڕشتبووت!

لە ڕاستیدا من پیاسە و یاری و چونەدەرم دەویست، کەچی دایکم باسی خوێی دەکرد نە من ڕشتبووم نە ئاگاداریشی بووم.


ئێمە موچە و کارەبا و ئاو خۆشگوزارەنیمان دەوێ، دەمانەوێ کەمێک ھەست بکەین مرۆڤین ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو تۆزێک قیمەتی ھاوڵاتی بوونمان ھەبێ، کەچی حکومەت ئەوەندە لێزانە ھاوشێوەی مەسەلەی (خوێیەکەی دایکم) بیرمان دەباتەوە چیمان دەوێ ڕەنگە بڵێن چۆن!؟ ئێوە سەرنجێکی تۆزێک قوڵتر بدەن!!


ھاوشێوەی  منداڵی من و بیرچوونەوەی ئەسلی بابەتەکە کە دابین کردنی پێداویستی دڵ خۆشبوون و تۆزێک خزمەت بوو.

حکومەتی ئێمە دێت لە ناوەڕاستی باس و خواستی ھاوڵاتیان بابەتێکی ئاینی دروست دەکات!


باسی دەروێشت بۆ دەکاتە بەزمی میدیا، کرێی نێوان پارێزگاکانت بۆدەکاتە مقۆ مقۆی ھاوڵاتیان.


 لەولاشەوە باسی سەعاتێکی گران بەھات بۆدەکا، ڤیدیۆی سێکسی مامۆستایەکی ئاینیت بۆ پەیدا دەکا!


ئیتر شتێکت بۆ دروست دەکا مووچەکەت کە مافی خۆتە و حەزت لێیە وەریگری و تۆزێ ئیدارەی ژیانتی پێ بکەی، لەبیرت دەباتەوە، ئێستا تێگەشتن بۆ "مێش دەبێتە گامێش" زۆر شت گەورەدەکرێ، ھەفتەی دوو مەوزوع نەبێ دانەیەک ھەر ھەیە! 


بۆ ئەوەی ئەم میلەتە خۆشباوەڕ و ساویلکە کاتی زیاتر بکوژێ، مووچە و تەواوی داواکاریەکانی بیرچێتەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations