فەرهاد؛ نمونەیەکی بچوکراوەی غەدر لە کوردستان

ئیبراهیم شێخ وەسانی
29.07.2020

(فەرهاد پیرباڵ، لەڤیدیۆیەکی دەڵێت، من نمونەیەکی بچوکراوەی غەدرم لەکوردستان)
                                (١)

شەوی رابردوو، فەرهاد پیرباڵ، پۆستێکی کردووە، (وێنەیەکی مەسرور بارزانی لەگەڵ پۆستەکە داناوە) نووسیویەتی
" تکایە برا گەورە، وەرە بەدەم داواکاریەکەمەوە، لەزانکۆ دەرکراوم، موچەم بڕاوە، لەماڵو منداڵیان کردوم، هەموو مافێکم لێ سەندراوەتەوە، تەنانەت نایەڵن شفتی فرۆشتنیش بکەم، پاسپۆرتم بۆ تازە ناکەنەوە، سیمیناری زانکۆ و، غەیری زانکۆم لێ قەدەغە کراوە، لەژیانێکی ناخۆشدا دەژیم، بەمن دەڵێن شێت، تەنیا لەبەر ئەوەی، داوای مافی خەڵکیم کردوە" 
((پۆستەکە درێژە، کورتم کردۆتەوە))
                             (٢)

لەکۆتایی پۆستەکەشی دەڵێ " داوات لێدەکەم، وەرە بەدەم داواکاریەکەمەوە، مافەکانم بۆ بگێڕەوە، تەواو ماندویان کردوم، هێزیان لێ بڕیوم، ئەگەر تاکو هەفتەیەکی تر، نەیەیت بەدەم داواکاریەکەمەوە، ئێوە بەرپرسن لەوەی، هەر شتێکم بەسەربێت"
(( لەناو کۆشکی کتێبخانەکەی لە پارکی شانەدەر ، بەتەنیا دەژی، ژیانێکی تاڵی هەیە، تاڵتر لەوەی کە بەوشە وێنابکرێت))
                              (٣)


چیڕۆکی فەرھاد، لەچیڕۆکی باوکە ئادەم دەچێت، کە بەخواردنی سێوێک، یاساکانی شکاندو، لە بەهەشت دەركرا.
((ئەویش یاسای خوداکانی ئەربائیلۆی شکاند، بۆیە، ھاوڕێ، حیزب، زانکۆ، دەزگاکانی راگەیاندن، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامەکان، ھەولێر و سلێمانیش، لەفیردەوسی خۆیان وەدەرنا....))
                             (٤)


لەھەشتاکان، فەرهاد دەیتوانی وەک باوکی بکات، لەھەولێر بژیو، بڵێ ھەولێریم.
((بەڵام ئەو کوری دایکی خۆی بوو، گوتی کوردم، چووە شاخ، بووە پێشمەرگە))
                              (٥)

بەکوردی ده‌نووسی، بۆ کورد ژیا،‌ بۆ کوردیش دەربەدەری وڵاتان بوو.
((لەساڵی نەوەتو چواریش، کاتێک ھەزاران گەنج،  لە پێناوی پارە و، خۆشیەکانی ئەوروپا، پشتیان لەوڵات دەکرد، رێگای قاچاخیان دەگرتەبەر، ئەو لەپێناوی کورد و ھەولێر، وازی لەزانکۆکانی فەڕەنساو، خۆشیەکانی پاریس ھێناو، گەڕایەوە ھەولێر))
                         (٦)


لەسەرەتایی شەڕی ناوخۆش، لەناو میتینگێکی گەورەی شاری ھەولێر، ویستی لەدژی شەڕی براکوژی، خۆی بسوتێنێت، بەڵام نەیانھێشت.
                        (٧)

(لەماڵەکەی)ئەوکاتەی ماڵێکی هەبوو، تاکە پێلاوێکی کۆمەڵناس و، نووسەری تورکی، داکۆکیکار لە کورد، ئیسماعيل بێشکچی ھەڵواسرابوو.
 ((فەرھاد کاتێک پێڵاوەکەی لە بێشکچی وەرگرت،
گوتی" بۆیە ئەو پێڵاوەت لێوەردەگرم، چونکە
تاکە پێلاوێکی تۆ، لەسەری ھەموو سوڵتانەکانی عوسمانی بەشەڕەفترە...."))
                            (٨)


کاتێکیش تورکەكان، ویستیان ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، دەیانگۆت  
" دەچینە کەرکوک، تورکمانەکان ئازادکەین"
فەرھاد، چووە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، خۆی ڕووتکردەوەو، گوتی " مەگەر دەبابەکانی تورکیا بەسەر لاشەی مندا بچنە کەرکوک.."
                           (٩)
 
لەحەفتی مانگی چاری ساڵی دوو هەزار و حەڤدە، لەناوەڕاستی شار، بەرۆژی رووناک، لەپێش چاوی خەڵکی ھۆلاکۆبەزێنی ھەولێر، پاسەوانەكانی والی هەولێر، روکنە فەندی، لە فەرھاد پیرباڵیان دا، سوکایەتی پێکرا، کە شەوداهات، لەتەلەفزیۆنی ئێن ئارتی گوتی"من کورد نیم، ھەولێریم، سوڵتان موزەفەر من دەپارێزێت"
((دەستەواژەی" کوردنیم، ھەولێریم" هی غەیرە کوردەکانی ھەولێرە، سوڵتان موزەفەریش ڕەمزی تورکمانەکانی ھەولێرە)))
                         (١٠)

ئەوە چ ھێزێکە، لەبەعس و دەبابەکانی تورکیا بەھێزترە، کە فەرھاد، لە کوردبوون پەشیمان دەکاتەوە؟
((گەلۆ، ئەو کوردە، بۆچی نەیپرسی)) 
                      (١٢) 


"گۆرانیەکی قەرەجەکان ھەیە، دەرێ، ئێمەی قەرەج وەکی ئەوانی دیکە شێتەکانی خۆمان فڕێنادەین،
بە شێتەکانماوە، وڵات بە وڵات دەگەرێن، بەڵام ئەگەر من شێتیش بم، ھەولێر ، کورد منیان فڕێدا....." راستی گۆت فەرھاد
(( ئەومان فڕێدا))
                         (١٣)

لەلاپەرەی پازدەی رۆمانی قەبرێکی سێگۆشە، فەرهاد لەسەرزاری ئیبراهیم ناوێک دەڵێت
" ئەگەر لە سۆنگەی لەسەرحەق بوونت، تۆ هیچ کەسێکت نەما خۆی بەکەسی تۆ بزانێت، یان ئەگەر تۆ خۆت بە ویستی خۆت دەستت لە هەموو کەسەکانت هەڵگرت چونکە نەیانویست لای حەق بگرن؛ ئەوا مسۆگەر خودا لە داهاتوودا هەموو کەسێک والێدەکات ببن بە کەست. کەسە راستەقینەکانیشت، کە تۆیان فرێ دابوو، خۆزگە دەخوازن ببنەوە کەست. 
((فەرهاد گیان ئەی مرۆڤە جوانەکەی هەولێر  "لاتحزن إِنَّ الله مَعَنَا"))

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations