دوو ئاراستەو دوو بیركردنەوەی جیاواز

سەرتیپ جەوهەر
27.07.2020

دوو ئاراستەو دوو بیركردنەوەی جیاواز بەروونی دەركەوتن. ئاراستەیەك هەڵگری خواستی جەماوەرەكەیەتی و باس لەشەفافیەت و ئاشكراكردنی رێككەوتنە 50 ساڵییەكەی نەوت و هەمواری قانونی هەڵبژاردن و پرسی كۆتاكان و.. تد دەكات.

 

ئاراستەیەكیش داكۆكی لەبەرژەوەندی كەمینەیەك دەكات وبەشێكیان شوێنەوارو دەنگی رەعیلی حەرەس قەدیمن و هێشتا نوزەیان ماوە. هەروەكو لە خیتابی هەفتەیەك بەرلەئێستاو ئەمڕۆ بەروونی دەركەوتن.


ژانەسەر بەریدابوین، بەڵام دیارە هاتۆتەوەو درێژخایەنە. دیسان عەیامێك مەشغەلەت دروست دەكات، سەریان لەم خەڵكە شێواندووە، نازانین سەرەنجام بەچی دەگات.


هەركەسێك داكۆكی لەم حكومەتە نەخۆش و پڕ گەندەڵییە بكات، داكۆكی لەبرسیكردن و كەمكردنەوەی موچەو قوتی خەڵك دەكات، خەڵكیش چاو لەڕێ فریادڕەسێكە ئەو دەردەیان تیماربكات.


ئێستا مێژوو جیاواز دەنوسرێتەوە، ئەگەر جاران لەپەڕی كاغەزو دەفتەری یادەوەریی نوسرابێتەوە، ئەمڕۆ بەدەنگ و رەنگ تۆماردەكرێت، كەس لەدەستی دەربازی نابێت. كۆتایی ئەوانەی لەگەڵ خەڵك بوون یان نەبوون هەردوكیان روونە، یەكەمیان بوونەتە سیمبولی جوانیی و نەمریی دوومیشیان كەس ئیرەیی و خۆزگەیان پێناخوازێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations