پێترۆ-دۆلار لە دروستکردنی گەلحۆدا

كەمال چۆمانی
22.07.2020


ئیماراتی عەڕەبیی کەشتییەکی ئاسمانیی بۆ سەر مەریخ رەوانە کرد. یەکێک لە بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە Hope Mars Mission گوتی یەکێک لە ئامانجەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە نەوەی نوێی عەڕەب کاریانتێبکرێ و خەون ببینن ببنە زانای گەورە لە داهاتودا.


لەناو هەر کۆمەڵگایەک پڕۆژەی گەورە و کەسانی پەبلیک فیگەر، ئەوانەی لەناو کۆمەڵگەدا ناسراون، هونەرمەندێک بێ یا یاریزانێک یان نوسەرێک یا سیاسییەک، بۆ ئەوەی ببنە مۆدێلێک بۆ گەنجان گرنگیی خۆی هەیە و پێویستە. هەر بۆیەشە ئەوانەی کەمێک ناسراون لەناو کۆمەڵگەدا، جا چ لە گوندێک بێ یا لەسەر ئاستی وڵات، دەبێت باشتر ئاگاداری هەڵسوکەوتی خۆیان بن تا نەبنە مۆدێلێکی خراپ بۆ گەنجان و ئەوانەی پێیان سەرسامن یان کاریگەرییان لەسەر بەجێدێڵن.


لە کوردستاندا، بەداخەوە نە پڕۆژەی وا هەیە گەنجان پڕ هیوا بکا، زۆرێک لەوانەشی ناسراون نمونەیەکی زۆر خراپن. گروپێکیش پەیدابونە کە تەنها لەڕێی جەستەیانەوە، یان لەڕێی شاشەیەکی درۆزنەوە ناسراون، جۆرێک لە ستایلی بۆرژوازیی ژیان پێشدەخەن هەر جار دەیانبینم قێزم لێیان دەبێتەوە. یان موچەیەکی باشیان لەڕێی ناشەرعییەوە دەستکەوتوە و پۆز بەسەر چینی خوارەوە لێدەدەن.


یەکێک لەو ئارگیومێنتانەی هەندێکجار خوێندکاران دروستیاندەکرد بۆ سەلماندنی بێهیوایی خۆیان یان جدینەبونیان لە خوێندن، کە زۆر بێتاقەتی دەکردم، ئەوە بو دەیانگوت "ئەگەر بلیمەتترین تاکی ناو کۆمەڵگا بین و بە باشترین نمرەش زانکۆ تەواوبکەین یەکێتیی و پارتیی نەبین ناتوانین ململانێی بێمەعریفەترین و گەمژەترین ئەندامی ئەو حیزبانە بکەین."


ئەو گروپەی لە شاشە درۆزن و فاشیلەکانەوە ماکیاژی دەستەڵات دەکەن، ئەوانەی بە جەستەی خۆیان خۆیان پێشدەخەن، ئەوانە لەلایەن دەستەڵاتەوە بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی وێنەیەکی سەخیفی ژیان کە وا لە گەنجانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بەو بەهەشتە درۆیینە بگەی، دەبێت خۆت سادەبکەیتەوە، درۆ لەگەڵ خۆت و دەوروبەرت بکەیت و بیر لە ئازادیی، دیموکراسیی، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی نەکەیتەوە. هەوڵبدە پارە پەیدابکەیت و دوا مۆدێلی جلوبەرگ لەبەربکەیت و لە سۆشیەڵ میدیا خۆت نماییشبکە. ئەگەر دەشتەوێت بەو ژیانە ماکیاژکراوە بگەیت، دەبێت گەلحۆ بی، نابێت تاكیکی پرسیارکەر و گومانکەر بی. پرسیار و گومانەکانت دواتدەخەن لەوەی بەو بەهەشتە بگەیت، لەوەی لە تیڤیییەکی تەرفیهیی دەربکەویت و پرسیاری ئەوەت لێ بکرێت "بۆتۆکس یان فیڵەر."


ئەوە سەخیفترین کاری دەستەڵاتدارێتیی کوردییە کە لەدوای دەرکەوتنی نەوتەوە ئیشی لەسەر دەکات. بە رادەیەک ئەوەی لە سۆشیەڵ میدیاوە نماییشی دەکەن هیچی لەگەڵ واقیع نایەتەوە.


ئەوەی جێی دڵخۆشییە، بە رادەی ئەو هەوڵانەی دەستەڵاتی نابەرپرس، گەنجانمان هەوڵدەدەن خۆیان لەو شەپۆلی خۆگەلحۆکردن و خۆسادەکردنەوە و خۆنماییشکردن و سوککردنی عەقڵ و جەستە بەدوربگرن. ئەو گروپە گەلحۆترین گروپی ناو سۆشیەڵ میدیایە. ئەوان گروپێکن لە بەرپرسی باڵاوە بگرە بۆ ئەندام پارلەمان و رۆژنامەوان تا دەگاتە مۆدێل و هونەرمەند کە جگە لە خۆنماییشکردن و جەستە نماییشکردن، هیچیتریان نییە بیبەخشن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations