داوی عەشق و خیانەت

ئیبراهیم شێخ وەسانی
21.07.2020

(ئەگەر لەنێو رێزەکانی بزوتنەوەی کوردی رۆژئاواش پەیوەندی سۆزداری قەدەغە بێت، ئەوا عەشق ناچێتە بابی خیانەتەوە، خیانەتی گەورە، ئەوەیە، دەڵالی بکەیت بۆئەوەی، گۆری مەم و زین بگوازرێتەوە ئەستەنبۆڵ)
                            (١)

پێرێ، تەلەفزیۆنەکانی تورکیا، برازایەکی ساڵح موسلیمیان بەقۆڵبەستراوی پیشاندا.
 ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتی توركیا، گوتی، دالیا موسلیم لە شاری مێرسین خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا كردووە؛ خانەوادەکەشی لەدوایین لێدوانیان دەڵێن، دالیا لەباشوری كوردستانەوە رفێندراوە بۆ توركیا.
(( بەهاوکاری کێ؟!)) 
                            (٢)

ئەگەر گومانێک، لەهاتنی مستەفا سەلیمی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەبووبێت، ئەوا هیچ گومانێک، لەهاتنی دالیا موسلیم (برازای ساڵح موسلیم) بۆ هەرێمی کوردستان نیە.
خانەوادەکەی دەڵێن، کچەکەیان، لەهەولێر چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە.
((وەزارەتی ناوخۆش، لەراگەیاندنەکەی ناڵێت، لە هەرێمی کوردستان نەبووە))
                             (٣)

بەڕاست، بۆچی و، چۆن کچێکی نەخۆش، بەتەنها هاتۆتە ئێرە، شەش مانگ ماوەتەوەو، دووربووە لە خانەوادەکەی؟!
((ئەو قسەیە ناچێتە ئەقڵەوە، پێدەچێت کێشەیەکی هەبووبێت، بۆیە بەتەنها لێرە بووە))
                              (٤)

 وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، ئەو کچە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شەڕڤانێکی باکوری دروستکردووە، بۆیە وازی لەرێزەکانی هێزەکانی یەپەژە هێناوە.
رێی تێدەچێت، بۆ نا، ئەویش مرۆڤە، ئەگەر لەخانەوادەی ساڵح موسلیمیش بێت، رەنگە کەتبێتە داوی خۆشەویستی.
(( عەشق دەردێکە... سەد تەبیب ڕسوا دەکات))
                               (٥)

بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، بۆچی حکومەتی هەرێم، یان روونتر بڵێم، پارتی، ئەو شەرەفە گەورەیەی بەشیاوی خۆی نەزانی، کە کوردێکی باکوری و، برازاکەی سالح موسلیم(هانایان بۆ ئێرە هیناوە) بەعەشقەوە، لەژێر سایەی ئەوان بژن.
بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، دەزگا ئەمنیەکانی، پەناگەیەکی ئارام نەبوون بۆ ئەو دوو مەعشوقە، وەک بانگەشەی دەکەن.
((لەو سنورە فراوانەی ژێر دەستی پارتی، جێگایەک، شوێنێک، گوندێک، مەئوایەکی ئارام نەبوو بۆ مانەوەیان؟!)) 
                              (٦)

ئەگەر داوی عەشق، دالیای ناچار کردبێت واز لە یەپەژە بێنێت و، بێتە باشوری کوردستان، ئەو قسەیەش راستبێت، کە پارتی راستەوخۆ ئەوانی تەسلیمی تورکەکان نەکردبێت، ئەوا هێشتا گومانم هەیە، کە داوی خیانەت، ئەوانی هاندابێت و، ترسێندرابن و، دەڵالی کرابێت، بۆ ئەوەی برۆن و، بکەونە بەردەستی تورکەکان.
(( وەک خۆتان دەڵێن ئەوانە عاشق بوون، نەک خیانەتکار و خۆفرۆش، کەس باوەڕ بەو قسەیەتان دەکات، کە هەر بەهەوەس و ئارەزووی خۆیان ئامێزی دەزگای هەواڵگری میتیان هەڵبژاردبێت بۆ ژوان و بەیەكگەیشتن؟!))

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations