سۆران، بیرتدەكەم

ئەحمەد میرە
20.07.2020

ھیچ شتێك ھێندەی تیرۆركردنی (سۆرانی مامە حەمە) بەشێك نییە لە یادەوەرییەكانم. چیرۆكی تیرۆركردنی ئەم ھاوڕێیەمان، ماوەی دوانزە ساڵی ڕێكە، ئێجگار بەسوێیە. ھەموو دەمێك خوێ دەكاتەوە ناو برینەكانی یادەوەریی. ئەو ڕۆژنامەنووسێكی تاقانەبوو، كاتێك بە فەرمانێكی ترسنۆكانەی ئاوەززەرد تیرۆركرا. لاپەڕەكانی ناو دونیای ئازادیی ڕۆژنامەنوسیی كوردیی ھێندە تۆز و غوباری زوڵم نەیگرتبوو، خوێنی ڕۆژنامەنووس زۆر بەقیمەت بوو، كە ئەو تیرۆركرا ئیدی دەرگایەكی پانوپۆڕی تیرۆركردن بەسەر ڕۆژنامەنووساندا كرایەوە. خوێن لە دوای خوێن ڕژا و جۆگەلەی خوێنی جەستەی ڕۆژنامەنووسان لە بادینانەوە تا گەرمیان درێژبووەوە و تا ئێستایش ئەم جۆگەلەیە سور سورە بەخوێنی سۆران و ھاوڕێكانی تری.


ئەو لە زەمەنێكدا تیرۆركرا، ئەم نەوەی ئێستا، كە سۆشیال میدیای تەنیوە، نە دەزانن بۆچی تیرۆركرا و نە لەو بارودۆخەیش تێدەگەن، كە سۆرانی تێدا شەھیدكرا ؟!


ئەو لە بارودۆخێكدا خوێنی ڕژا، كە وڵات سەرڕێژبووبوو لە نادادپەروەریی و گەندەڵیی و قەبەبوونی مافیاكان. ئەو لە ڕیگەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانییەوە، ئەو چیرۆكانەی بۆ دەگواستینەوە، كە كەركوكی خاوەن نەوت بەدەست چەتەی خۆماڵییەوە چ كارەساتێكی بەسەرداھاتووە.


لە مێژە ئەو بۆچوونەم ھەبووە، كە بە ئەندازەی ئازاری تیرۆركردنی قەڵەمە ئازادەكان، ئازاری ئەو سیناریۆیانە ناخۆشترن، كە دوای تیرۆركردنیان لەلایەن باندەكانەوە دروستدەكرێت. لەماوەی ئەو دوانزە ساڵەدا، باندەكانی پارتیی و ھاوقەڵەمە ناشرینەكانیان لەژێر دەمامكی تیرۆردا سەدان چیرۆكی خەیاڵیی و پڕ گومان و قێزەونیان بۆ تیرۆركردنەكەی ھۆنیوەتەوە و بازاڕی میدیایان پێ گەرمكردووە. سەیرەكە لەوەدایە تا ئێستایش كەسانێك ھەن وای بۆ دەچن، پارتیی حیزبێكی خەرمان پاكە و بەشێك نییە لەو تیرۆرە ڕێكخراوەی، كە چەندیین ساڵە لەناوخۆی ھەرێمدا ئەنجامیدەدات. بەڵام ئەوەی، كە ڕاستییەكی بەڵگەنەویستە پارتی بەھەر چوار پەلییەوە كەوتووەتە ناو زەلكاوی تیرۆرەوە. بۆیە پێویستە كاتێك گوێبیستی ڕووداوێك دەبین، بەتەواوەتیی مێژووی ڕووداوەكە شەنوكەو بكەین و ھەموو ڕەھەندەكانی ڕاڤەبكەین، ئەوكاتە ماندوونابین لە تێگەیشتنی ئەو ڕووداوەی، كە ڕوویداوە.


سۆرانی مامە حەمە تاكە كێشەیەك، كە لەم دونیا جەنجاڵەدا ھەیبووبێت، نووسین و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی بوو، ئەو ڕاپۆرتانەی، كە بەئەوپەڕی دڵپاكیی و ڕاستگۆییەوە ئامادەیدەكردن و لە میدیای ئازادی ئەو دەمەدا بڵاویدەكردنەوە. ئەو ڕۆژنامەنوسێك بوو تەنھا باجی ڕاستگۆیی قەڵەمەكەی دا و ھیچی تر. باجی ئەوەیدا، كە لەسەر ڕێگای ڕاستیی نووسین و گەیاندنی زانیارییەكان بوو. ئەگەر بھاتبایە ڕێگایەكی پێچەوانەی بگرتایەتەبەر، گومانم لەوەدا نییە، كە خۆشبەختیی و گیرفانپڕیی ئەم دونیا دەبووە میوانی، بەڵام ئەو ئێستا لەسەر وتنی ڕاستییەكان ھەڵبژاردنی بەرەی قەڵەمە ئازاد و ئازاكان، میوانی خودایە.


ھەموو جارێك، كە پەڕەی ڕۆژنامە یان گۆڤارێك دەبینم یان ھەواڵی تیرۆركردن و مردنی ڕۆژنامەنووسێك دەبیستم یان لەگەڵ ھاوڕێیەكمدا بە وەرزی بێتاقەتیدا گوزەردەكەم، یاخود ناوی ھونەر و شانۆ بەگوێمدا تێدەپەڕێت، تەنانەت بە تەنھا بیستنی وشەی كەركوك واملێدەكات، بیری تۆ بكەمەوە، بیری كەركوك و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، بیری ھێمنیی و قەڵەمی پڕ خەونت بكەم. ھەر ھێندە دەڵێم ئێستا تۆ وەك شێركۆ بێكەس وێناتدەكات: مانگی ئەرخەوانیی كەركوكیت، بۆیەش دەمەوێت بەو كۆپلەیەی شاعیری وێنە جوانەكان و بیری بەرزی ئازادیی، شێركۆی مەزن كۆتایی بە نووسینەكەم بھێنم، كە بۆ عەبدولخالق مەعروف دەنووسێت و دەڵێت:


ئەوەندەی نان بیری برسی و
ئـەوەنــدەی ئــاو بیـــری تـــینــو
ئەوەندەی شەهید بیری منداڵیی و
ئەوەندەی زیندان بیری ئازادیی و دەرێ ئەكات
بـــــــــیــــری ئــــــەكـــەم

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations