زارا و دالیا؛ قوربانی‌ دوو دەسەڵاتی‌ هاوشێوە

ئەحمەد میرە
20.07.2020

نەگبەتی‌ ئێمە وەك نەتەوە تەنها داگیركەرەكانی‌ كوردستان نییە، بەڵكو ڕەفتاری‌ هێزە حوكمڕانەكانن سەد هێندەی‌ ڕەفتاری‌ ئەو هێزە داگیركەرانە قێزەونتر و نامرۆڤانەترە، چونكە هەر دوو لایان كار لە سەر قڕكردنی‌ كورد دەكەن، دەیانەوێت مرۆڤبوونی‌ كورد بسڕنەوە.. 

بۆ نموونە ئێرانی‌ ئاخوندەكان مامۆستایەكی‌ زمانی‌ كوردی‌ تەنها لە بەر ئەوەی‌ هەوڵیداوە بە دڵسۆزانە پیشەكەی‌ خۆی‌ جێبەجێ‌ بكات، دەستگیری‌ دەكات و حوكمی‌ دەساڵ‌ زیندانی‌ بە سەردا دەسەپێنێ‌، (زارا) لە سەر دوو تۆمەت حوكمدراوە، كە هەردوو تۆمەتەكە جێگای‌ شانازیین، ئەوانیش تۆمەتی‌ كورد بوون و تۆمەتی‌ مامۆستایەتیی‌، ئەگەر رەفتاری‌ رژێمی‌ ئاخوندەكان دژ بە (زارا) ڕقێكی‌ نەتەوەیی‌ و ئایدۆلۆژیی‌ بێت، ئەوا ڕەفتاری‌ پارتی‌ بەرامبەر بە (دالیا موسلیم) خیانەتێكی‌ گەورەیە.

 بە جۆرێك هیچ گومانێك لەوەدا نییە، كە ڕەفتاری‌ پارتی‌ بەرامبەر بەم خانمە تێكۆشەرە سەدان هێندە لە رەفتاری‌ رژێمی‌ ئاخوندەكان بەرامبەر بە مامۆستا (زارا) خراپترە، هەر ئەمەشە وامان لێدەكات بڵێیین كورد بوون لە دیدی‌ داگیركەرەكان و هێزە نانیشتیمانییەكان تاوانێكی‌ گەورەیە، هیچ گومانم لەوەدا نییە دەبێت ئەم ڕەفتارەی‌ پارتی‌ بە ئەندازەی‌ گەورەیی‌ تاوانەكە كاری‌ لە سەر بكرێت، چونكە ئەوان خۆیان بە هێزێكی‌ نەتەوەیی‌ دەزانن و لە سەر ئەم پرسە نەتەوەییەش چەندیین ساڵە گیرفانیان پڕدەكەن.

پارتی‌ لە دۆسییەی‌ رادەستكردنی‌ شۆرشگێرە كوردەكان بە دەوڵەتی‌ داگیركەر خەرمانێكی‌ دەوڵەمەندی‌ هەیە، بە ئەندازەی‌ دەوڵەتێكی‌ وەك توركیا سەركردەی‌ شۆرشگێرو پێشمەرگەی‌ كوردیی‌ تیرۆر كردووە، بە بۆچوونی‌ من پێویستە دوای‌ دۆسییەی‌ (دالیا موسلیم) دەڕابەی‌ كوردایەتی‌ لە دیوەخانی‌ پارتیدا دابدرێتەوە...

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations