بارزانی بۆ دژی کازمییە؟!

بەدران محێدین
20.07.2020


کاتێک عەبدولکەریم قاسم لە 14ی تەموزی 1958 کۆتایی بە حوکمی پاشایەتیی 38 ساڵە هێنا لە عێراق، ئیتر خەڵکی عێراق بە تەواوی رزگاری بوو لە دەسەڵاتی فیوداڵ (دەربەگ)ی، دوای 11 ساڵ مەلا مستەفا بارزانی و کۆمەڵێک لەو پێشمەرگانەی ھاورێگای بوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت گەڕانەوە بەغدا، دۆخی ئەمنی و ئابووری عێراق بەرەو ئارامیەکی تەواو چوو و کورد لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم مافی تەواوی وەرگرت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، بەڵام زۆری نەخایاند؛ ئەو پەیوەندییە بەھێزەی کورد و عەبدولکەریم قاسم بە تەواوەتی تێکچوو لەسەر کوشتنی كەسانی بنەماڵەی زێباریەکان کە ئەوە قبوڵ نەکراوبوو لەلایەن عەبدولکەریم قاسم.

دوای 56 ساڵ تێپەربوون بەسەر دەسەڵاتی عەبدولکەریم، کە ئێستا مستەفا کازمی لە جێگای ئەو حوکم دەکات و بووە بە ناوێکی دیاری شەقام و میدیای تەواوی عێراق، عێراقیەکان دوای نائومێدیەکی زۆر ئێستا خەریکە ھیوا دروست دەکەنەوە، بە درێژایی 17 ساڵی رابردوو ئەو بێ ھیواییە تەواوی عێراقی گرتبووەوە لە بەسرا تا زاخۆ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ حوکمداریەکی زۆر ناتەندروست، پڕاوپڕ لە گەندەڵیی و برسیکردنی خەڵک بەگشتی.

ئەوەی لێرە بۆ ئێمە گرنگە پرسیار بکەین؛ بۆچی مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی وەک سەرکردە عێراقیەکان دژی مستەفا کازمین؟! بارزانی بەدرێژایی 12 ساڵ لە سەرۆکایەتی ھەرێم ھەر بانگەشەی چاکسازی دەکرد، مەسرور بارزانی کوڕیشی ساڵێکە سەرۆکی حکومەتە و بە ھەمان شێوەی باوکی بانگەشەی چاکسازی و پاکسازی دەکات ئەی ئەو نھێنیە چیە ئێستا وا سەغلەتی کردوون؟! ئەوەی کە باشە ئەوەیە کە ئێمە دڵنیابووینەوە لەوەی کە حوکمداری کوڕ و باوک لە باسکردنی چاکسازی تەنیا دروشمە و هیچی تر نا، چونکە ئەوانە نەک گەندەڵن، بەڵکو خۆیان خاوەنی گەندەڵیەکانن.

ئەوەی ماوەتەوە کە چاوەڕوان بین ئەوەیە کە مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی حزب و بنەماڵەکەی لەو چاکسازیەی مستەفا کازمی رزگاریان بێت و سلامەت لێی دەربچن چی دەکات؟ ئایا بە ھەمان شێوەی باوکی دۆخەکە تێک دەدات و دەیگەیەنێتە مریشکە رەشە؟!


 ھەموومان دەزانین دۆخی ئارامی سیاسی ھیچ کاتێک لە بەژەوەندی بنەماڵەی بارزانی نیە و نەبووە، ھیوادارین دۆخی ئابوری و ئەمنی کوردستان لەوە خراپتر نەبێت و وەک ھەموو جارێک خەڵک نەکەنە قوربانی لە پێناو خۆیان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations