بۆچی سەردانەكەی فەڕەنسا گرنگە؟

لەتیف فاتیح فەرەج
18.07.2020


لە سەردانێكا بۆ هەولێر ژان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەڵێنی هاوكاری بەردەوامی بەهەرێمی كوردستان دا ، لە دوای هەوڵی ریفراندۆمە شكستخواردوەكەوە ، ئەوە یەكەمین جارە كەسێكی پایە بڵندی وڵاتێكی گەورەی ئەوروپی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات ، لۆدریان پێشتریش كە وەزیری بەرگری بوو چەند جارێك سەردانی هەرێمی كردووە ، ئەم سەردانەی ئەمجارە لە بارو دۆخێكدایە كە دەوڵەتی توركیا بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە كەڵبەی ژەنیوەتە هەرێمی كوردستان ، بۆیە دەكرێت بە بایەخەوە سەیری سەردانەكە بكەین ، هەروەها ئومێدی ئەوەی لە سەر هەڵبچنین ، كە دەشێت ئایندە باشتر بێت لە ئێستا ، گەرچی هەرێمی كوردستان لە ناو دەریایەك لە قەیران و نادادی و ستەمدایە ، گەرچی لە بواری میدیاو دەرهێنانی نەوت و بەرهەمهێنان و هێنانی دەرمان و زۆر بواری تردا قۆرخكاری و نادادی و چاوچنۆكی حزبیانە هەیە ، بەڵام سەردانەكەو  كەسەكەو وڵاتەكەش بۆ كورد گرنگن ، ئەمە لە كاتێكا ئێستا فەڕەنسا نوێنەرایەی و سەرپەرشتی ئەو بەرەیە دەكات كە دژی دەستوەردانی توركیان لە لیبیاو شوێنەكانی تر .

هاتنی لۆدریان لەم بارو دۆخەدا بە مانایەك نیشانەی جێنەهێشتنی كوردە ، گەرچی تا ئێستاش هەموو ئەو وڵاتانەی دۆستایەتی كورد دەكەن ، ئەوەندەی مامەڵە لە تەك حزبە ستەمكارەكاندا دەكەن ، ئەوەندە لە گەڵ خەڵكەكەدا نایكەن ، بەڵام فەڕەنسیەكان لە هەموو ئەوانی تر مرۆییانە تر مامەڵە لە گەڵ كورد دەكەن ، بە تایبەت كە ئیدی دەركەوت دوای سەت ساڵ لە روخانی عوسمانی، بێچارەسەری كێشەی كورد ئەم ناوچەیە ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە نابینێت ، گەورە ترین چارەسەریش لە ئێستادا داننانە بە كێشەی كورد لە توركیاو دەرهێنانی پەكەكەیە لە لیستی تیرۆر ، كە توركیا ئەوەی كردوەتە بیانویەك بۆ پێشێلی دیموكراتی و سەركوتی ئازادی بە رادەیەك لە كۆی 66شارەوانی كە پێشتر بە دەست هەدەپەوە بوون ئێستا كەمتر لە 20 شارەوانیان بە دەستەوە ماوە .

هیواخوازم هاتنەكەی لۆدریان خێرو بێری سیاسی و ئابوریشی بۆ كوردستان هەبێت ، لە گەڵ ئەوەشدا هیوای ئەوەم هەیە فەڕەنسیەكان خۆیان لە نزیكەوە سەرپەرشتی هەر پڕۆژەیەك بكەن كە بۆ هەرێمی كوردستانی دەكەن و لە خزمەتكردنا چاویان لە ناوچە زۆر ستەملێكراوەكان بێت نمونەی هەڵەبجەو گەرمیان و چەمچەماڵ و ناوچە سنوریەكان، بە باوەڕی من فەڕەنسیەكان و بەریتانیەكان و ئەوروپا بە گشتی لە ڕوی ئاكاری سیاسی و رەوشتی دیموكراسیەوە ئەركیانە ئاوڕ لە دۆزی كورد بدەنەوە ، دەزانم رەنگە ئەمە بە تەنیا بە وڵاتێك نەكرێت ، لێ‌ دەكرێت لەیەك وڵاتەوە دەستپێبكات .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations