ناسینی رەونشاد نەوشیروان مستەفا*

لەتیف مستەفا
15.07.2020

ناسینی رەوانشاد
دەمێكە خەونی دروست كردنی ھەرێمێكی دامەزراوەییم ھەیە كە یاسا تێدا سەروەر بێ، ھەر زوو بە تایبەتی لەساڵی ٢٠٠٠ ەوە كاتێ زانیم حیزبە دەسەلاتدارەكانی كوردستان ھی حوكمڕانی نین و كوردستان بەرەو چارەنوسی خراپ دەبەن ھەر بوارێكم بۆ ھەلكەوتبێ چی وەك رەخنەگرو چی وەك ئۆپۆزسێۆنێكی تاك دەستم بە رەخنەگرتن لەدسەلات و شێوازی حوكمرانی خراپ و دواكەوتوی ھەرێم گرت .بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە كە وانەی یاسای دەستوریم لە كۆلێجی یاساو رامیاری دەوتەوەو كۆمەڵێكی زۆری كادری بالای حیزبەكان بەتایبەتی یەكێتی دەیانخوێند، لەمادەكەی خۆشم تارادەیەك مسەیتر بوم.
سەروبەندی نوسینەوەی دەستوری عێراق بوو، من دادوەریش بوم لەدادگای سلێمانی كاك سەفوەتی محامی وتی كاك نەوشیروان لەسەر پرۆژەی دەستوری عێراق كۆرێك دەبەستێ لەسەر دەستورەكە بۆ كۆمەلێك نوخبەو مامۆستای زانكۆ لەبەر ئەوەی تۆش ماستەرت لەدەستوردا ھەیە و مامۆستای مادەكەی پێم باشە وەك ئەكادیمیەكی سەربەخۆ ئامادەبی.
منیش چووم دوای ئەوەی كاك نەوشیروان باسەكەی خۆی تەواو كرد و مەدحی دەستورەكەی كردمنیش مداخەلەیەكم كردوو رەخنەم لە پرۆژەی دەستورەكە گرت و خاڵی لاوازی پرۆژەی دەستورەكەم باسكرد بۆ كورد و بۆ دیموكراتیش، وتم جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و باڵانسی دەسەڵاتەكان لە پرۆژەكە لاسەنگە بەلای پەرلەماندا و ئەمەش مەترسی لادانی لێدەكرێ لە دیموكراتی ھەروەھا رەخنەم لەو مادانەش گرت كە پەیوەندیان بەكوردەوە ھەیە، ئەو لەوڵامدا وتی ئێمە ھەر ئەوەندەمان پێكراوە كێ باشتری پێ دەكرێ بابچێت بیكات وەك نارازی بونێك وتی ئەرێ ئەو برادەرە یاساناسە؟ 
من خۆم ھیچم نەوت، دكتۆر شاھۆ سەعید كە یەكێك بوو لە ئامادەبووەكان ھەستاو وتی ئەو ماستەری ھەیە لەدەستور و مامۆستای دەستوریشە سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا، دواتر ڕاگەیاندنی یەكێتی ئەو وەڵامەی كاك نەوشیروانی بۆ من لە كەمپەینی ھەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٠ دژی گۆڕان و كاك نەوشیروان بەكارھێنا كە وتی ئەم پرۆژەیە زۆر باشە و ئێمە ھەر ئەوەندەمان پێكراوە كێ باشتری پێ دەكرێ با بیكات.
جا كەوایە بۆچی منت بانگكردووە بۆ ئەوەی رەئیم وەربگری
لەدوای كۆڕەكەی سلێمانی پاڵاس بەماوەیەكی كەم كاك عومەری سەید عەلی تەلەفۆنی بۆكردم وتی كاك نەوشیروان دەیەوێ لەسەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی ھەرێم ڕاوبۆچونت وەربگرێ ، ئەگەر بتوانی سەرێكی لێبدەی، پرۆژەكە لە میدیا بلاوببۆوە من خوێندبومەوە
منیش وتم من چی پێم باشەو یاساییە ئەوە دەلێم ، وتی چیت پێ خۆشە ئەوە بلێ ، كەچووم بۆ مالیان لەگردی عەلی ناجی لەقاتی سەرەوە خۆی و كاك چێنەری عەلی جۆڵا بون ، پرۆژەكەی خستە بەردەمم و وتی ڕەئیت چیە ؟
وتم خوێندومەتەوە ، زۆر خراپە ، وتی خراپیەكەی چیە ، وتم دەسەلاتی زۆرو فیعلی داوە بەسەرۆكی ھەرێم كە لەگەل سیستەمی پەرلەمانی ناگونجێ و دەبێتە دیكتاتۆریەت ، وتی وەكو ؟ منیش چەند دەسەلاتێكم بۆ باسكرد ، ئەو وتی وانیە دەسەلاتەكان بەو شێوەیە نین خۆی و كاك چێنەر لەلایەك بەرگریان لە پرۆژە یاساكە دەكرد منیش لەلایەك باسی خراپیەكانم دەكرد ، وتم ئەوە رەئی منە ئەم یاسایە ئەگەر بەم شێوەیە لەپەرلەمان تێپەڕێ زۆر خراپە، وتی ئێمە چەند مانگە لەگەل پارتی ھەوڵ ئەدەین تا بەوە رازی بوە ، وتم جا كەوایە بۆچی منت بانگ كردوەو ڕام وەردەگری ؟وتی راستە ، ئیتر من روخسەتم خواست وخواحافیزیم لێكردن ، زۆر بەرێزەوە تا دەرگای دەرەوە بەڕێی كردم
ئەو یاسایە كە لەمانگی شەشی سالی ٢٠٠٥ بەو شێوەیەی ھەبو بەدلی پارتی لەپەرلەمان دەرچوو ، دواترو لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان بووە گەورەترین خالی ناكۆكی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان ، تا كار گەیشتە ئەوەی دەرگای پەرلەمانیشی لەسەر داخراو سەرۆكی پەرلەمانیشی لەسەر دەركرا. 


*نوسەر ئەم بابەتەی لە دوو بەشی كورتدا پۆست كردووە. 

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations