بۆچى لاهور شێخ جه‌نگی شایانى ستایش كردنه‌ ؟

یادگار عەلی
14.07.2020

ھەرچیبێ و ھەرچۆنێک بێ؛ لەمکاتەدا؛ پرسینەوەی بەڕێز (لاھور شێخ جەنگی) لەبارودۆخی سەخت و ھەستیاری تەندروستی گەرمیان، لەڕێگەی بەدەمەوەھاتن و جێبەجێکردنی داواکاری و پێداویستیەکان، ھەر لە دابینکردنی موچەی شەش مانگی ھەمو پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بەکۆرۆنا تاتەرخانکردنی ھەرچی دەرمان و ئامێری پزیشکی پێویست، کارێکی گرنگە و شایانی دەستخۆشییە.

بەمکارە دەوام و خزمەتگوزاری (٢٤)کاتژمێری بۆ نەخۆشخانەکە دەگەڕێتەوە، بەوەش کێشەی پێشوازینەکردن لەنەخۆشان بەپاساوی نەبونی موچە و دەوامنەکردن، ھەروەھا گرفتی نەبون و کەمی دەرمان و بەشێکی زۆر لەگلەیی و گازەندە ڕەواکانی تری ھاوڵاتیان لەکەرتی تەندروستی چارەسەر دەبێت.

ڕەنگبێت ھەندێک بەھۆکاری سیاسی و حیزبی یان ئایدۆلۆژی تایبەت بەخۆی ئەم ھەنگاوە وەکخۆی نەبینێت و پێیوابێ ئەو پارەیەش ھەر ھی خەڵک خۆیەتی و ئازایەتیەکی تێدانیە، بەڵام دەبێت بزانن، لەبارودۆخێکی شێواو و کەس بەکەس نەبوی وەک ئێستا کەھەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، حیزب دەتوانێت ئەوەش نەکات، چونکە ئەساسەن ئەوەی ئەو بەڕێزە ئەنجامی دەدات؛ کاری بێ سێ و دووی حکومەتە، لەوەزعێكدا؛ حکومەت بەئەرکی خۆی ھەڵناسێت و باکی بەمردن و ژیانمان نیە، دەبێت بەکەم سەیری ئەمجۆرە ھەوڵانە نەکەین.

من دەزانم کێشەی کەرتی تەندروستی لەگەرمیان بەمە چارەسەر نابێ، بەڵام ھیچنەبێ دڵنیادەبین؛ تائەو ماوەیەی کۆرۆنا دەمێنێت، کارەکان دەکەونە سەر ڕێچکەی خۆی و بەھۆی نەبونی دەرمان و دەوامنەکردنی پزیشک و کارمەندانەوە کەسوکارەکانمان لەپێشچاومان نامرن.‬

حیزب ئامرازە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، من ئەو ھەنگاوەی یەکێتی لەو چوارچێوەیەدا دەبینم، خۆزگە ھەمو حیزبەکانی تریش، لەئێستادا؛ ئەمجۆرە کارانە بکەن و تۆزێک بەتەنگ مان و مردنی خەڵکی بەشمەینەتی گەرمیانەوە بن، ھیچنەبێ ھەستبکەین، ژیانمان لایان بایەخێکی ھەیە و ئێمەیان تەنھا بۆ شەڕ و ھەڵبژاردن ناوێت.

بیرمان نەچێ؛ ئەو کارانەشی چەند ڕۆژێکە ھەندێک لەڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی گەرمیان بۆ ھاوکاری نەخۆشخانەی قەڵا دەیکەن، دیسان جێگەی پێزانین و گرنگیەکی زۆرە.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations