بارزانی لەنێوان ڕێكەوتن یا دۆلار!

بەدران محێدین
13.07.2020

دوای جەنگی جیھانی یەكەم توركەكان بۆ دەست ھەڵگرتن لە ویلایەتی موسڵ؛ داوای رێكەوتنێكی 25 ساڵیان كرد بۆ ئەو ماوەیە %10ی نەوت ببەن، دواتر بە فشاری بەریتانیەكان بۆ دەستھەڵگرتن لەو رێكەوتنە؛ توركیا داوای 500 ھەزار لیرەی ئیستەرلینی كرد بەرانبەر دەستهەڵگرتن لەو ڕێكەوتنە 25 ساڵیە.

توركەكان لە كاتی چونیان بۆ ھەر شوێنێك، بە شێوەیەك دایدەكوتن وەك ئەوەی ماڵی خۆیان بێت، بۆ خێر و بێرەكەشی وەك مانگا لێی دەڕوانن و تاكو شیرەكەی ھەبێت دەیدۆشن و دواتر گۆشتەكەی دەخۆن، ئەوە ناچێتە دۆخی نەتەوەپەرستی بەڵكو ئەوە ڕووی راستی توركە و بەو شێوەیە لە كۆنەوە و تا ئێستاش سیاسەت دەكەن.

ئەو رێكەوتنە 50 ساڵیەی بنەماڵەی بارزانی یا ڕوونتر بڵێین؛ ئەو ڕێكەوتنەی نێچیرڤان بارزانی ئیمزای كردووە، بە ڕوونی خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتووی خۆیان؛ توركیا بە فریادرەس دەزانن بەڵام ئەوەی لە پشتی ڕووداوەكان دەگوزەرێ و ئەسلی بابەتەكە ئەوەیە نێچیرڤان ھەستی بەوە كردووە كە مەسرور بارزانی ئامۆزای خەریكی سڕینەوەی خۆی و دەسەڵاتەكەیەتی لە ناو حزب و ناو حكومەتیش، هەربۆیە بەخێرایی ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد ھەر ئەوەشە تا ئێستا مەسرور بارزانی نە دەسەڵاتی ھەیە وەزیری نەوت لە حكومەتەكەی دابنێ و نە بتوانێت رێكەوتنی نەوت رادەستی بەغداد بكات.

دووبارە بوونەوەی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت كە تورك لە ھیچ زمانێك تێناگات زمانی ھێز نەبێت. چەند مانگێك پێش ئێستا باسمان لەوە كرد بەغداد ئامادەكاری دەكات بەھێز دەست بگرێت بەسەر خاڵە سنوریەكان، لەشكرە قەڵەم فرۆشەكانی دەسەڵات لە جیاتی ئەوەی بۆ ئاغاكانیان ڕوونبكەنەوە كە ئەمە بابەتێكی ھەستیارە لەسەر ئابووری قەوارەكەیان، ھاتن وەك ئاغاكانیان دەستیان كرد بە تەخوینكردمان، ئێستاش بۆ ھەموومان ڕوونە كە رێكەوتنە 50 ساڵیەكە ھیچ گومانی تێدانیە دەبێتە سەرەخۆرەیان، ئەگەر ئاموونەكانی قەوارە زوو خەمی خۆیان نەخۆن و نەگەرێنەوە بەغداد و نەوتەكە رادەست نەكەنەوە؛ ھیچ گومانیان نەبێت بەغداد ھێز بەكاردەھێنت بۆ دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوت و بۆریە فرۆشراوەكان، دواتر توركیا ناچاریان دەكات لەپێناو رێكەوتنە 50ساڵیەكە ئەو ملیار دۆلارانەی دەستیان كەوتووە بە نەوت فرۆشتن لە ڕێگای توركیا، دەبێت بیخەنەوە بانقەكانی كەمالیستەكان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations