بەڵكو یەكێتییەكان تێبگەن نوێبونەوەی حیزبەكەیان وەهمێكە

كەمال چۆمانی
12.07.2020


كە یەكێتیی گەڕایەوە هەولێر و زۆنی زەرد دوای ٢٠٠٣، یەكێتییەكان توشی شۆكێكی گەورە بون كە بینییان ئەو حزیبەی لەپێناویدا رۆژانی ٣١ی ئابیان تێپەڕاند و تەسلیمی پارتیی نەبون جیاوازییەكانی لەگەڵ پارتیی زۆر بچوكن. ئەوە توشی شۆكێكی گەورەی كردن، هەروەها خەڵكێكی زۆری كۆنە-یەكێتییش بو بە پارتیی. تەنازولە بێتامەكانی جەلال تاڵەبانییش بۆ پارتیی تەنها لەپێناو ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماری بەدەستبێنێت، هێندەی تر ئەو حیزبەی خستە باوەشی پارتیی، تەنانەت وای كرد هەندێك كادیر و ئەندامی سەركردایەتیی و مەكتەبی سیاسییش بە راستەوخۆ و ناوڕاستەوخۆ ببنە پارتیی.

یەكێتیی دوای كۆنگرەی "نوێبونەوە،" هاشوهوشێكی زۆر گەورەی دروستكرد. وەهمێكی دروستكرد كە ئیتر یەكێتییەكەی جاران نەما و كۆتایی بە پاشكۆبونی پارتیی دێت.

كەچی یەكێتیی نوێنەبویەوە، هەر لەسەر ستراتیژی مامیان دەڕۆن؛ تەنازول بۆ پارتیی و قبوڵكردنی هەرچی پارتیی دەیكات تەنها بۆ ئەوەی پارتییش قبوڵیبكات یەكێتییش وەك پارتیی سودمەندی گەندەڵیی و چەتەگەرایی ئابوریی و سەرچاوەكان بێت. واتا، شەڕی یەكێتیی چ پێش كۆنگرە و چ دوای كۆنگرە بۆ خەڵك و كوردستان نەبوە و نییە، تەنها بۆ برابەشییە.

پارتیی ئەو برابەشییەی قبوڵە، بەڵام ئەوەی قبوڵ نییە كە دوای كۆنگرە یەكێتیی هاوشوهوشی دەستپێكردبو. یەكێتییەكان توشی شۆكێكی گەورەتریش دەبن و هێندەی تر سەنگەریان دەگوازنەوە و بێهیوا دەبن، لە چەند مانگ و ساڵی داهاتو دەیبینن.

ئێستا كە یەكێتیی براگەورایەتیی "براگەورە"ی رۆژ بە رۆژ لا پیرۆز دەبێت، دڵنیابن چۆن مام جەلالی یەكێتیی و كاك مەسعودی پارتیی لە تاڵانكردنی بێخمە و فیفتی-بە-فیفتیی و شەڕی ناوخۆوە تا بەشكردنی بەغداد و هەولێر و نەوت و گاز لەنێوان خۆیان بەدوانەیی هێنایان، ئاواش كوڕ و نەوە و زاوا و برازا و خوارزا و نەوەكانیان بە برابەشیی دەیانەوێت بەردەوامیی پێبدەن.

پێویستە خەڵكە دڵسۆز و نیشتیماندۆست و دیموكراتخواز و ئینساندۆستەكەی ئەو دو حیزبە، بەتایبەتیی جەماوەری یەكێتیی كە دڵسۆزییەكەیان پەیوەستە بە مێژوی یەكێتیی بەر لە نەوەدەكان، لەوە تێبگەن كە ئەو دو حیزبە ئاشتیی و شەڕیان بۆ بەرژەوەندییەكانی هەردو بنەماڵە و نوخبەی هەرە سەرەوە و هەندێك بازرگانیی دەوروبەری خۆیانە. تا ئێوە لەوە تێنەگەن و دەنگی راستەقینەتان هەڵنەبڕن، ئەو دو حیزبە هەر بەردەوامدەبن لە دۆخی نە ئاشتی و نە شەڕ بۆ ئەوەی هەمیشە لە بەرەی خۆتاندا بهێڵنەوە و سەرچاوەكان فەرهود بكەن و هیواكانی ئێوە و گەل بكوژن.

پێویستە یەكێتییەكان ئەوە بزانن "نوێبونەوە"ی كۆنگرەیان نوێكردنەوەی پەیماننامە و رێككەوتنە ژێر-بە-ژێرەكانیانە لەگەڵ پارتیی و درێژكردنەوەی دۆخی هەنوكەیییە نەك گۆڕانێكی ریشەیییان پێبێت. یەكێتی خۆی بەرپرسیارە لە هەمو نەهامەتییەكانی كوردستان وەك پارتیی، لەوانەیە جیاوازییەكەی تەنها ئەو كەمتر لە سەدا دەیە بێت كە سەردەمێك یەكێتیی و پارتیی بە -وابزانم- سەدا ٤٧ بە ٥٣ بودجەی كوردستانیان دابەشكردبو. حیزبێك داوای نوێبونەوە بكات دوای حەوت مانگ هەنگاوێكی نوێبونەوەكەی دەردەكەوێت، نەك رۆژ دوای رۆژ زیاتر تەسلیمی ئیرادەی گەندەڵیی بێت.

بێهەڵوێستیی و دوڕویی و درۆزنیی یەكێتیی وا دەكات هێزەكانی دیش هەرگیز بڕوایان پێ نەكەن، ئەویش هۆكارێك بو كە گۆڕان بەتەواوی كەوتە باوەشی پارتیی. ئەو دۆخەی ئێستاش، هێندەی تر هێزەكان و خەڵك و تەنانەت هێزە عێڕاقییەكانیش و ئەندامە باڵاكانی یەكێتییش زیاتر دەخاتەوە باوەشی پارتیی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations