بەڕاستی حكومەت و پەرلەمان زیادەن و پێویستە نەمێنن

زانكۆ سەردار
06.07.2020

لەماوەی حكومڕانی هەرێمی كوردستادا هیچ كات وەك ئێستا بوونی حكومەت و پەرلەمان زیادە نەبوون و نەبوون بە بار بەسەر خەڵكەوە، هیچ كات هێندەی ئێستا میللەتیان بێ بەها و بێ كەرامەت نەكردووە، دۆخی ئێستای حكومەت و پەرلەمان گەیشتۆتە ئاستێك ئەگەر من بومایە لەبری سەرۆك و جێگرەكان و سكرتێر و وەزیر و پەرلەمانتارەكانی، شەرەفمەندانە دەستبەرداری هەموو شتێك دەبووم و لە پێناو ناشرین نەكردنی مێژووی مرۆڤبوونی خۆم دەموت "بمبورن میللەتی بەڕێز، نامەوێت لەمە زیاتر بێ ڕێزتان بكەم، ئەوا من دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنم، بەڵكو لە من باشترتان هەبێت بۆ بەڕێوە بردن".

پاشان بەجدی میللەتیش خۆی شایستەی ئەوەیە كە بەسەری یەت، بۆ؟ ڕاستە نەخۆشییەك ئێستا هەیە بە ناوی كۆرۆنا و تەواوی دونیای بەدەست خۆیەوە گیرۆدە كردووە، بەڵام خۆ تەواوی دونیای بەدەست خۆیەوە بێ كەرامەت نەكردووە، خۆ تەواوی دونیای بەدەست خۆیەوە توشی داڕمانی ئەخلاقی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی نەكردووە، بەڵام خۆ دەستی نەخستۆتە قووتی خەڵكی و كەسی برسی نەكردوە، بۆیە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت دوور و نزیك پەیوەندی بە كۆرۆنا وە نییە و كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت بۆ بە گەوجاندنی میللەت.

حكومەتێك و پەرلەمانێك بگاتە ئەو ئاستەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆكەی پێی بڵێت "بڕوخێ دز" دەبێت چی لێ چاوەڕێ بكرێت؟ ئایا هەر بۆ نەمان و هەڵوەشانەوە باشتر نییە؟ حكومەتێك بە سەرۆك و جێگر و وەزیر و گزیرەوە، پەرلەمانێك بە سەرۆك و جێگر و سكرتێر و یەك عەشام پەرلەمانتارییەوە كە بەرپرسی یەكەمن لە تێكدانی دۆخی شیرازەی كۆمەڵگەوە، نەتوانن خاوەنی عەقڵیەتێكی چاككردنی دۆخێكی پڕ قەیران كە وەك چۆن خۆیان دروستیان كردووە، ئیتر دەبێت گرنگی هەبوونیان چی بێت؟

وەلحاڵ، میللەتیش بە قبوڵكردنی ئەم هەموو سوكایەتی و بێ ژیانكردنەی كە رۆژانە بەهۆی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەوە ڕوبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەندەی دیكە شەرعییەت دەداتە حكومەت و پەرلەمانە دەست و پێ سپییەكەی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations