ناڕازین ناشوێرین دەریببڕین!

گەرمیان خالید گڕاوی
02.07.2020

‎چاكسازی فاكتەرێكی سەرەكیە بۆ گۆڕانكاری، ئەگەر لە ھەلومەرجی لەبار جێبەجێ بكرێت، چاكسازیش بەخێرای وەك پەچەكردار لەبەرامبەر قەیرانەكان بەلاوازی جێبەجێ دەكرێت.

‎ ڕەنگە ئەوشێوە چاكسازیە خۆی كاریگەری لەسەر تەشەنەكردنی  قەیرانەكان بكات، دەرئەنجامی نەخوازراوی لێ بكەوێتەوە.

‎‏‎  هیواكانمان بوون بەخەون، بەڵێنەكانیشیان فەزایەكی شێواوی پڕ لە ناڕاستی خولقاند، لە پازدە ساڵی رابردوو، تواناكانمان بەهێزبوو و داهاتەكانی حكومەتیش لەحساب ناهات، هیچ یەك لەحكومەتەكانی پێشوو  نەیتوانی لەزستاندا بەرمیلێ نەوتمان بۆ دابین بكات ولەچلەی زستان و لەناوەندی هاوینیش لەبێكارەبایی نەمانتوانی سپلیتێك داگیرسێنین.

‎ راستە ئێستا دورشمی چاكسازی بۆتە بڕیار، بەڵام كێ بڕوا بەچاكسازی دەكات؟ خەڵك دەڵێن، چاكردن و گۆڕانكاری بەكەرەستەی كۆن و عەقلە تاقیكراوەكان هەرگیز ناكرێ. 

‎‏‎ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر سنوری ناڕەزایەكانی خەلكی گەشتۆتە ئاستێك بۆ ھەر كونجێكی ئەم وڵاتە دەڕۆی گلەیی و بۆڵەبۆڵی خەڵكیە، لەبەرامبەریشدا چینێك هەیە بەدەنگی نزم  دەڵێن وسبە بێدەنگبە هەموومان  نیگەرانین لەو دۆخە، بەڵام چیبكەین؟.

‎‏‎بێزاریەكان پانتایەكی گەورەیان داگیركردوە، خەڵك قێز لە ناوی حكومەت و دەسەڵات دەكاتەوە، كەسانێك هەن خۆزگە و ئاوات بە سەدام حسێن و (ڕژێمی بەعس) دەخوازن...

‎‏‎بەڕاستی شەرمە بۆ دەسەڵاتداران و كاربەدەستانی كورد، خەڵك خۆزگە بۆ  رژێمێك بخوازێ كەگەلەكەمانی لەهەموو ئازادیەكان بێبەشكردبوو،  گرتن، سێدارە، كوشتن، كیمیاباران، ئەنفال بەشی گەلەكەمان بوو، زۆربەمان دەزانین دوای خۆیان وڵاتێكی سوتماكیشیان بۆ جێهێشتین... 

‎‏‎گۆڕان و چاكسازی لە موچەیەك ناكرێ كە بەشی (كرێ خانوو،  كارەبای مولیدە، خۆراك و پێداویستیە زۆر و قورسەكان ناكات... ) دەبێ چاكسازی لە شەفافكردنی داهاتی نەوت و گومرگەكان دەستپێبكات، لە ژمارەی وەهمی و ناوی پێشمەرگەی لیوا و فەوجەكانیان، لەبڕینی موچەی بندیوارەكان و لەكەمكردنەوەی موچەی سەركردەكان بكرێ....

‎‏‎جگە لەوەی دەبێ چاكسازی بەیاسا  بكرێتە پرۆسەیەكی بەردەوام ئەوەی گرنگە ئەبێ لە پرۆسەی چاكسازی پاكسازی دەزگای بێلایەن و بەدەسەڵات هەبێ، زۆربەمان دەزانین قورسایی گەندەڵی لەهەڕەمی دەسەڵاتە، لێرە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، كێ دەتوانی پەنجە بۆ كەم و كوڕیەكانیان درێژ بكات؟، كێ دەتوانی خەونیش بەپێشێلكاریە یاساكانیان ببینێ؟، كێ بۆی هەیە؟ كام دەزگا؟، پەرلەمانی كۆتا، یا ئەنجومەنی دادوەری یەك ڕەنگ؟، پێموایە چاكسازی تەنها و تەنها  بۆ مەبەستێكە، وەك مەتەڵێکە زۆربەمان دەیزانین ئەویش ئەنجامدانی كارێكی ئاسان نیە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations