تورکیا بۆ وا دەکات؟!

بەدران محێدین
01.07.2020

لە دوای 23 رۆژی تر رێکەوتننامەی لۆزان تەمەنی دەبێت بە 98 ساڵ، ئەو رێکەوتننامەی وایکرد رێگری بکات لە تورکیا کە ھەم تورکیایەکی بچووکی بەھێز بێت و ھەمیش بە فراوانخوازی و زلھێزی نەمێنێتەوە، چونکە بەر لەو ڕێکەوتننامەیە تورکیا ئیمپراتۆریەت بوو، لە ناو ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمەریکی و بەریتانیەکان کە ھەمووکات تورکیایان کردووە بە گورگ و لە ناوچەکە بەکاریدەھێنن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
رۆڵی ئێستای تورکیا ھەمان ئەو ڕۆڵەیە کە ئەمەریکا ساڵی 1988 لە ئەفغانستان دابووی بە رێخراوی قاعید بۆ شەڕکردن دژی یەکێتی سۆڤیەتی جاران.

ئێستاش، پرسیاری ھەموومان ئەوەیە:
 تورکیا بۆ وا دەکات؟!

 راستیەک ھەیە کە هەستی رەگەزپەرستیی تورک بەرامبەر بە کورد مێژوویێکی کۆنی ھەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنیە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین کە تورکیا دێوەزمەیە و ھاتووە کورد بسڕێتەوە،ھیچ گومان لەوە نیە کە تورکیا ھەر کاتێک بتوانێت سڵ لە سڕینەوەی کورد ناکات، بەڵام ئەوەی ئێستا تورکیا دەیکات سڕینەوەی كورد نیە بە تەواوی، واتە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تورکیا بۆ خۆی نیە دەیکات بەڵکو ھەڵگیرسانی گلۆپی سەوزی ئەمەریکایە بۆ ئەوە ئەو بەشە کوردەی دەیەوێ نزیک بێتەوە لە جەمسەری سۆڤیەتی جاران و ڕووسیای ئێستا، واتە کورت و پوخت لە ھەر بەشێکی کوردستان کورد نزیک بێتەوە لەو جەمسەرە کە روسیا سەرپەرشتی دەکات ئەوە ئەمەرکیەکان وەک گورگێک تورکیا فوو دەدەن.

 ئەوەی ئێستا لە قەندیل و ناوچەی بادینان دەبینین بەڵگەی ئەوەیە کە کورد ئاگاداردەکرێتەوە بچنەوە قالبی خۆیان، تەنانەت دژی ئەو جەمسەرە تورکیا دەبینین رۆژانە شەری ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات لە لیبیا و سودانیش، پێشوتریش شەڕی ئەو دژە بەرەیەمان لە عەفرین بینی.

ئەو دۆخە جەنگیەی ئێستا کوردانی باکوور ( پەکەکە) تووشی بوونە و پێشووش لە رۆژئاوا بینیمان، لە کاتی ریفراندۆمەکەش ھەمان شت بوو بۆ حکومەتی ھەرێم لە کەرکوک، ئەگەرچی ئەمەریکا و بەریتانیا توانیان کۆمپانیا رووسەکان دەرپەڕێنن لە کەرکوک و ئەو ناوچانەی داھاتی نەوتیان دەبردەوە بۆ خەزێنەی رووسیا، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نیە کە یاریەکە تەواو بووبێت، چونکە تاکو ئێستاش کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی سوودمەندە لەو ناوچەیە کە ئەمەریکا و بەریتانیا بە موڵکی خۆیانی دەزانن.

بۆیە ئەگەر حکومەتی ھەرێم کۆتایی بەو یارییە نەھێنن ئەوە چاوەڕوانکراوە ھەرێم لە قالب بدرێت و سەرانی بازرگانی نەوت سەری خۆیان و قەوارەکەش بخۆن، وەلێ سەرانی بازرگانی نەوتی ھەرێم خۆیان لەوە دڵنیا بوونە ئەمەریکا و بەریتانیا لە کاتێکی دیاریکراو لە رێگای تورکیا یاخود حکومەتی ئێستای بەغدا بەرنامەی لەو شێوەیانن ھەیە، بۆیە کەوتوتنە پەلەقاژەی نەمانی قەوارەی ھەرێم، خەم خواردنیان بۆ نەمانی قەوارەی ھەرێمیش بۆ دڵسۆزی ھیچ کەسێک نیە، تەنیا بۆ ئەوەیانە ئەگەر تورکیا یان بەغداد ھێز بەکاربێنێت بۆ دەرکردنی رۆزنەفت و داگیرکردنی بۆری و بیرەنەوتیەکان ئەوە خوانی خۆیان تێک دەچێت و ئەو ناز و نیعمەتەی ئێستا ھەیانە، نامێنێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations