سوڵتان لە نێوان بارزانی و مەلا ئیدریسی بەدلیسیدا!

بەدران محێدین
26.06.2020


مەلا ئیدریسی بەدلیسی ئەو كاتەی بووە راوێژكاری سوڵتان سەلیم، سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی زۆر بە باشی كاری لەسەر ئەوە كرد كورد بەلای دەوڵەتی عوسمانیدا رابكێشت، پێنشنیاری بۆ سوڵتان كرد كە كوردەكان لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتاندا حوكم بكەن و لە ھەر شوێنێك دەوڵەتی عوسمانی تووشی شەڕ بوو كورد پشتی سوپای عوسمانی بگرێت و لە ھەمان كاتدا كوردەكان باج و سەرانە بدەن بە خەزێنەی دەوڵەتی عوسمانی.

دوای 508 ساڵ، ئێستا دەبینین مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، ھەمیشە سوڵتانەكان خاوەن بەختێكی باش بوونە بەرامبەر (میر)ە كوردەكان، ئەوانەی دژی دەسەڵاتی سوڵتانەكان بوونە ھەمیشە ژمارەیان زۆر كەمتر بووە لەوانەی خزمەتكاری سوڵتان بوونە، ئەو مێژووە كە ئێستا ھەیە و ئێستاش دەكات بە مێژووی بەیانی كە خزمەت كردن بە دەوڵەتی توركیای فاشیست لە مەلا ئیدریسی بەدلیسیەوە دەستی پێكردووە و ئێستاش لە لایەن بارزانی بەردەوامە، وەلێ دەبێت میرەكان باش ئەوە بزانن كە مێژوو رەحم بە ھیج كەسێك ناكات چۆن ئەوانەی پێشوو بوونە بە پەند لە نێو كۆمەڵگای كوردی ئەوانەی ئێستاش بە ھەمان شێوە دەبن بە پەند بۆ داھاتوو.

مەلا ئیدریسی بەدلیسی تەنیا راوێژی بۆ میرەكان دەكرد كە بە ھەموو شێوەكان كاربكەن لە پێناو دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام ئێستا ئەوەی ئێمە دەیبینین بارزانی خۆی ھەم راوێژكارە و ھەمیش میرە بۆ جێ بە جێكردنی كارەكان بۆ بەرژەوەندی سوڵتان.


 تاكی كورد لە باشووری كوردستان ئەگەر رێژەیەكی زۆرینەش نەبێت ژمارەیەكی باش ھەیە دژ بەو قەلەمڕەویەی سوڵتان بەلام داخی ئێمە ئەوەیە میر بارزانی بەو ھێزەی لە خۆی نزیكە ھەموو كات لەسەر پێیە بۆ بەرگریكردن لە دەسەڵاتی سوڵتان كە رێگرە لەوەی خەڵك دژی بەو داگیركاریە ھەڵوێست بنوێنێ، شارۆچكەی (شیلادزێ) بەنمونە، ئەمە جگە لەوەی پیاوەكانی میر بارزانی ھەر چاوێكیان كردووە بە دە چاو بۆ سیخوریكردن بۆ لەشكری سوڵتان پارێزگاری كردن لە سوپاكەی داگیركەر، میر بارزانی زۆر زیاتر ھاوكاری سوڵتانە لەو پێشنیارانەی سەردەمی كۆن مەلای بەدلیسی بۆ میرەكانی دەكرد.

لە ئێستادا كوردستان لە ژێر قەیرانێكی دارایی قوڵدایە و كە خاكەكەشمان دەوڵەمەندە بە سەرچاوە وزەییەكان كەچی خۆمان نانمان نیە بیخۆین لە كاتێكدا میر بارزانی باشترین ھاوكاری سەرچاوەی ئابووری توركیایە لە رێگای نەوت و غازە و تێچووی سوپاكەی سوڵتانیش لەسەر گیرفان و سفرەی ئێمەیە.


 خزمەت كردن بە دەسەڵاتەكانی سوڵتان ھیچ كات داھاتووێكی باشی نەبووە چونكە سوڵتانەكان كە كاریان بە خزمەتكاری میرەكان نەما، زۆر خراپ پشتیان دەدەن بە زەویدا، ئێمەش چاوەرێی كات دەكەین ئاخۆ بزانین ئەو خزمەت كردنەی بارزانی بەرەو كوێ دەڕوات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations