فەرمانڕەوای ملیاردێرو میللەتێکی برسی

سەروەت هەڵەبجەیی
25.06.2020

خۆسەپاندنی ئۆلیگارشی کەمینەیەک" و پەراوێزخستنی گەلێک،،،
کۆمەڵگەیەکی هەژار و ئابورییەکی دیلکراو داخراو حکومەتێکی بێباک و گەندەڵ بەردەوامی هەیە،،،
فەرمانڕەوای بێ ڕەقیب و تاکە حیزب و تۆقێنەر تا دەگاتە سیستەمێکی ئابوری گەندەڵ و تاڵانچی،، کۆمەڵگەی بۆ دوو جەمسەر دابەشکردووە،،،
لە نێوان ملیاردێرەکان و چینەکانی بێبەشکراو و بە هەژارکراو لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی نادەستووری چەکداریی ناڕەوا...


۱۲ساڵ لەمەوبەر، جیۆسیاسی هەرێمی کوردستان وەک دورگەیەکی ئارام و دیموکراسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەماشا دەکرا، بەڵام بەھۆی سیستمە سیاسییە بندەستەکەی ھەرێمەوە ئەمڕۆکە ھەم تەواو لە ژێر هەژموون و کاریگەریی وڵاتانی دراوسێدایە و ھەم حکومڕانییەکی ستەمگەر و دیکتاتۆرییش بەڕێوەیدەبات.


ئێمە سەدان نەهامەتیمان بەسەرداهات ، داڕمانی ئابوری، نەمانی موچە؛ خزمەتگوزاریەکان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات بەڵام ئەوەی سەیرە لام، ئابوری تورکیایە لەسەر هەرێمی کوردستان هیچ نەگۆڕا!.. بەڵکو بە گرێبەستە (50) ساڵەکەیشەوە نەوەستان بۆ فرۆشتنی نەوتەکە ، ئێستا کێڵگە نەوتییەکان بە تەواوی بە زەوییەکەشەوە فرۆشراوە بە تورکیا.


تورکیا، هەمیشە هەولێری وەک ئاسایشی نەتەوەیی ستراتیژیی خۆی سەیر دەکات.


کاریگەریی ئەم وڵاتە ئیقلیمیانە لەسەر ھەولێر بەڕادەیەکە کە ھەرێم ناتوانێت پەیڕەوی پلانە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.


دەتوانین بڵێین کە ئەمە دۆخێکی دەستکردی دەسەڵاتە کە بۆ کۆمەڵە دەسکەوتێکی سیاسی و حیزبی خۆی دایهێناوە و لە ڕێگای چەندین دەزگای ئەمنی و ئیدارییەوە ئەو بەرژەوەندییانەی دەپارێزێت، دۆخی لەم شێوەیەش ڕێگریی لە ئاوەدانی و بەرەوپێشچوونی کوردستان لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت بواری سیاسی و ئابوریدا کردووە.


ئەوەی حوکمڕانی کوردی و دەسەڵاتی خۆماڵی بەرهەمی هێناوە، کەمینەیەکی دەوڵەمەند و بەهرەمەند لە هەموو ماف و ئیمتیازێک و بەوپەڕی خۆشگوزەرانییەوە و زۆرینەیەکی بێ ماف و زوڵملێکراو و ڕەش و ڕووتە.


لەم دۆخەدا کە دەسەڵات بەوپەڕی بێڕێزییەوە سەیری خەڵک و داواکارییە ڕەواکانی دەکات، بێدەنگی هەندێک لەو هێز و کەسایەتییانەی کە خۆیان بە خاوەن هەڵوێستێکی باشتر دەزانن بووەتە نەنگێکی گەورە و لە کەشێکی بێدەنگی وەهادا دوو هێزی زۆر گەورە بێ کاریگەر کراون، واتە خەڵک و ئەو حیزبانەی کە نەیاری دەسەڵات و ئەم سیستەمە باوەی حوکمڕانین.


لە هەر سیستەم و دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیدا خەڵک بە سەرچاوەی دروستبوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگە دادەنرێن، کاتێک کە دەسەڵات بە بێڕێزی و گوێنەدان مامەڵە لە گەڵ ویست و داواکارییەکانی خەڵکدا دەکات، ئەگەر بێدەنگ بین بە واتای درێژەپێدانی ئەو زوڵم و زۆرەیە کە ساڵەهایە خەڵکی کوردستانی پێوە گیرۆدە بووە.


لەم کاتەدا تەنیا چارە ئەوەیە ئەم حکومەتە گۆڕانی بەسەردابێت. پێسنیار ...:
۱ـ هێزە نەیارەکانی دەسەڵات لە حکومەت بکشێنەوە.
۲ـ گرتنەبەری ڕێگای مەدەنی بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان.
۳ـ ئامادەکردنی پلان و ستراتیژی ڕەتکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە.
٤ـ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و شەقام.
٥ـ دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئازادیخواز و مەدەنی ناساندووە و سەلمێندراوە کە ئەو ئەرکەیان بۆ جێبەجێ ناکرێت و هێنانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و لێهاتوو بۆ گۆڕەپانەکە.


بابەتێک کە گرنگە دەسەڵات لێی تێبگات ئەوەیە کە سەیری دەیان حکومەتی دیکتاتۆری جیهان بکەن کە چییان لێهات و سەرۆکەکانی ئێستا لە کوێن، خەڵک هێزی گۆڕانکاریی هەیە، بێ گومان کوردستانیش ڕۆژێک دەگات ئەم گۆڕانکارییە بە خۆوە ببینێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations