بارزانی بۆ ڕۆیشتە بەغدا و چی دەستکەوتووە؟

سەروەت هەڵەبجەیی
23.06.2020


سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە پێی ئەوەی کە لە ناوەندە سیاسییەکاندا باس دەکرێت ئەنجامەکەی پێچەوانەی ئەوە بووە کە لە ڕاگەێندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمدا باس کراوە، تا ڕادەیەک کە باس لە شکستی سەردانەکە و مسۆگەرنەبوونی ئەو ئامانجانە دەکرێت کە بارزانی هەوڵی بۆ دەدا.

هیچ ئامانجێکی چاوەڕوانکراوی بارزانی لەو سەردانەدا مسۆگەر نەبوو، مستەفا کازمی تەنیا بەڵێنی بە سەرۆکی هەرێم داوە و تەنانەت وەڵامی بۆ ئەو قسەی بارزانیش نەبووە کە وتی کاتی ئەوە هاتووە بگەینە لێک تێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی هەرێمدا باس لەوە کراوە کە هەرێم ئامادەیە سەرجەم دۆسیەکانی لە گەڵ حکومەتی ناوەند چارەسەر بکات، ئەمە تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە و ئەوەی کە دەبینرێت دەرهاویشتەی هەلومەرجی ناوچەکە و جیهان و لە هەموو گرنگتریش دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

بارزانی لە سەردانەکەیدا چەند ئامانجێکی هەبووە. گرنگترینی ئەو ئامانجانەش دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە لە ئێستادا کابینەکەی مەسرور بارزانیی ڕوبەڕوی کێشەیەکی جیدی کردووەتەوە، ئەو بڕەپارەش کە پێشتر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی وەک نیازپاکییەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ڕەوانەی هەرێمی دەکرد، نەماوە و مستەفا کازمی وەک چۆن کە ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە بە بێ ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان هێندە ئاسان ناگاتە ڕێکەوتن لە گەڵ هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری ئەوەشی کردووە کە لەو شاندەی کە بڕیارە بە سەرۆکایەتی کازمی ڕەوانەی هەر سێ وڵاتی سعوودیە، ئیمارات و کوێت بکرێت نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان بەشدار بێت، لە بەر ئەوەی کە دەزانێت دانوستانەکانی کازمی لەو سێ وڵاتەدا ڕەهەندی ئابوریی هەیە و باس لە بەڵێنی 4 ملیار دۆلاری بۆ حکومەتی بەغدا دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە دەوترێت بارزانی پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ڕێکەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان بەغدا و ئەنکەرە واژۆ بکرێت و تورکیا مافی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەی لە باشوری کوردستان هەبێت، بە واتایەکی دیکە هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەغداش وەک تورکیا پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

وەڵامەکەی کازمی ئەوە بووە کە پێشنیارەکانی بارزانی کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنکەرە، بەغدا و هەولێر و هەولێر و ئەنکەرە هەیە و دەبێت هەمووی تاوتوێ بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە بەغدا بە فەرمی دژایەتی خۆیی بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە بەڵام ڕەنگە ئەمە بۆ دڵخۆشکردنی ڕای گشتی لە ڕێگای میدیاکانەوە بێت و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە سەردانەکەی پێش دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ بەغدا بە تەواوی ئەوەی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا یەکلایی کردبووە.

تورکیا داوای لە مستەفا کازمی کردووە کە هێزەکانی تورکیا تا مەخمور پێشڕەوی بکەن بەڵام دەوترێت کە کازمی تەنیا موڵەتی هێرشی سنورداری ئاسمانیی بەو وڵاتە داوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations