یەکێتی و گۆڕان و نوێنەرانیان لە حکومەت و پارلەمان

كەمال چۆمانی
22.06.2020

تەنانەت هیچ هاوڕێیەتییەک و پەیوەندیی ژن و مێردایەتییش لەسەر نییەتی چاک بونیادنانرێت ئەگەر ئەو نییەتە چاکە لەلایەن هەردولاوە ئیحتیرامی نەگیرێت و لە پراکتیزدا ئەنجامەکانی نەبینرێن، چ جای ئەوەی تۆ لەناو حکومەتێکی گەندەڵ، ناکارا و تاکڕەو و پۆلیسیی بی و چاوەڕێبکەیت ئەوەی دەیەوێت دەستەڵاتی سیاسیی، ئابوریی، عەسکەریی و هەواڵگریی زیاتر بخاتە بن رکێفی خۆیەوە چاکسازیی بکات.

 

تەنانەت ژن و مێردێکیش ناتوانن پەیوەندییەکانی خۆیان بەردەوامیی پێبدەن ئەگەر یەکێکیان سەرەڕای گەندەڵیی و ناکارامەیی خۆی، تاکڕەو و سوکایەتیپێکەریش بێت.

مانەوە لەناو حکومەتێکی ناکارای گەندەڵ کە لەلایەن کەسێکی تاکڕەوە بەڕێوەدەبرێ و تەواوی ستافی حکومەتەکە وەک فەرمانبەری بێنرخ و سوک تەماشادەکات، هیچ مانایەک هەڵناگرێت تەنها ئەوە نەبێت کە بەڕاستی ئێوە شایانی ئەو سەرۆک وەزیران و مامەڵەکردنەن.

بەڵام ئێوە دیارە شایانی ئەو مامەڵەکردنەن چونکە ئێوە بەشدار نین لە حکومەت، ئێوە بەشدارییتان پێ کراوە لە حکومەتدا. ئێوە لە بەرانبەر ئەو دەستکەوتە کورت-مەودایانەی کە وەریدەگرن ئامادەی قبوڵکردنی ئەو دۆخەن، هەروەها رۆژانەش سوکایەتییتان پێبکرێت. ئەوە ئێوەن پارتییتان کردۆتە ئەو دێوەزمەیە بەسەر خەڵکی کوردستاندا تەنها لەپێناو ئەوەی دەست بەوەوە بگرن کە پێتان بەخشراوە.



ئێوە پڕۆژەی چاکسازییتان نییە، ئێوە پڕۆژەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانتان هەیە. ئێوە نە هاوپەیمانی پارتیین لە حوکمڕانیی و دەستەڵاتدا، نە حیسابیشتان بۆ دەکات، پارتی ئێوەی کردۆتە پشکداری بەشێک لە حوکمڕانییەکە و دەستیشی ئاوەڵاکردون لە هەرچی گەندەڵیی هەیە لە سنوری خۆتان و وەزارەتەکانتان، هەربۆیەشە ئێوە دژی چاکسازیی و گۆڕانی ریشەیین؛ جا ئێوە یەکێتیی بن یان گۆڕان، لە مەکتەبی سیاسیی و خانەی راپەڕاندن بن یان لە ئەنجومەنی وەزیران و پارلەمان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations