خۆری پارتی ڕوو لە ئاوابوونە!

بەدران محێدین
21.06.2020


ساڵی1972 کاتێک ئەفسەرێکی باڵای دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا مەلا مستەفا ئاگادار دەکاتەوە کە ھەموو ھێلکەکانیان نەخەنە سەبەتەی شای ئێران، چونکە لە ھەر ئەگەرێک شای ئێران ئیشی بە کورد نەما شتێک نامێنێت بەناوی شۆرش، بەڵام سەرانی شۆرشی ئەیلول زۆر بێ باکانە کاریانکرد دژی ئەو ئاگادارکردنەوەیەی ئەمەریکیەکان و لە ئەنجامدا لە شەو رۆژێکدا بە ڕستەیەکی مەلا مستەفا (کار من تمام شد) شتێک نەما بەناوی شۆڕشی ئەیلول.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا (مام جەلال) لە دیدارێک پێناسەی سیاسەت دەکات و دەڵێت:
لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن دانانی نەخشە و پلانە، بەڵام ئەوە جێگای سەرنجە وەک ھەمیشە مێژوو رابردوومان بۆ زیندوو دەکاتەوە و ئێمەش لەوە تێناگەین ئاخۆ ئەوانە بێ بەرین لە سیاسەت یا ئەوەی ڕۆژانە دەبینین بچووکبوونەوەی بنەماڵە و حزبەکەیانە! ئەگەر پێناسەکەی جەنابی ( مام جەلال) و ریفراندۆم بکەین بە نمونە ھیچ پێناسەیەکی زانستی بۆ ئەو حزبە بوونی نیە.


پێش ریفراندۆم وەک ساڵی 1972 دووبارە ئەمەریکیەکان لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (تیلەرسن) لە نامەیەک زۆر بە ڕوونی بە مسعود بارزانی گوت:
ئەوەی ئێوە دەیکەن لە ئێستادا ھەڵەیە و ھیوادارم پەلەنەکەن ئەگەرنا کورد زەرەر دەکات و دەگەڕێنەوە سنووری پێش ساڵی 2003! بارزانی خۆی ناوەرۆکی ئەو پەیامەی ئەمریکا لە دیدارێکی کەناڵی الجزیرە باسی کرد، بەڵام نھێنی و و ئامانجی ریفراندۆم تاکو ئێستاش دیارنیە، بەڵام بۆ ھەموومان ڕوونە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بە تەواوی بچووککردەوە و هەر ئەو بچووک بوونەوەیەش لەکۆتاییدا بەرەو پووکانەوە و لەناوچوونیان ئەبا.

خۆر ئاوابوونی پارتی و تەنانەت ھەرێمی کوردستانیش ئەگەرێکی زۆر کراوەیە، چونکە رێکەوتنی 50 ساڵەی بنەماڵەی بارزانی لەگەر تورکیا گەورەترتین مەترسیە لەسەر ھەرێم، لە ماوەی ڕابروود ئەمریکیەکان داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنەیان کردووە، وەڵامەکە ئەوە بووە؛- کە دەبێت ھەرێم نەمێنێت ئەوکات رێکەوتنەکە لەگەڵ تورکیا ھەلدەوەشێتەوە ئەگەر لایەنەسیاسیەن بە زووی نێنە سەر خەت شتێک نامێنێت بەناوی ھەرێمی کوردستان.


 گوێ نەدان بە پەیامەکەی ئەوکاتی ئەمریکا تاکو ئێستاش بارزانی باوک و کوڕ و برازا باجەکەی دەدەن، لە ئێستادا کە ئەوان خاوەنی حکومەتی کوردین و ناتوانن موچە دابین بکەن و بەغداش زیاتر دەیەوێت بێ دەسەڵات و بچووکتریان بکاتەوە، داواکردنی تەواوی نەوتی ھەرێم و خاڵە سنوریەکان مەرجی بەغدان، ئەگەر بنەماڵەی بارزانی بچێتە ژێر ئەو فەرمانەی بەغدا ئەوە بە تەواوی بچووک دەبێتەوە، ئەگەر دواکاری بەغداش جێبەجێ نەکەن ئەوا ناتوانن مووچە بدەن و حکومەتەکەیان لە سەرەتایی تەمەنی پەکی دەکەوێت، لە ھەمان کاتدا ھیچ دوورنیە بەغدا بە ھێزبێت و دەست بگرێت بەسەر بیرە نەوتەکان و خاڵە سنورییەکان، بە تایبەتی ئیبراھیم خەلیل.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations