کابینەکەمان سەگە نازیەتی!

ماجد خەلیل
21.06.2020


ئەو ڕۆژانەی بە سرودی (ئاسودەبێ زەبری زیندان) چاومان بەم ئەزموونە ئازادیخوازییە هەڵهێنا، ئیدی لەخەونەکانماندا ئاسودەیی بوویە فەرشێکی سوورو سی ساڵی رەبەقە بەسەریدا هەنگاو دەنێین.


ئیدی ئاسودەیی بوویە قاڵییەکی رەنگاوڕەنگی دەستوپەنجەی کوردایەتی و سی ساڵە بەناو هەوری پڕ قەیران و قەسوەتی گەندەڵی دا دەمانبات.
ئیتر کاتییەتی لەو خەوی غەفڵەتە بەئاگابێین و بپرسین ئاسودەیی لەکوێی ئەم کیشوەرەدایە؟


ئیتر کاتییەتی دەستی ماندووی مووەزەف و موچەخۆر، لەسەر سکی تێری میریدا لابەرین. ئیتر کاتییەتی دەردەدڵی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، شەڕەپەڕۆی حزبایەتی و کلتوری ناووناتۆرەی سەر یەکتریی داماڵین و دەستلەنێودەست، بەگژ هەموو ئەو سەرمایەدارە باندو بازرگانانەی ناوگریسی کوردایەتیدا بچینەوە.


ئەوان سی ساڵە وەک مریشکی ئاشەوان بەچەپو بەراستا، دەنوک لەرۆحمان دەدەن. ئەوەی بۆ ئەوان رێککەوتووە، بۆ بزنی دێلێژەیش نەسوڕاوە. ئیدی کاتی دابڕانێکی راستەقینەو راچەنینێکی راستگۆیانەی جەماوەرییە.


لەم رۆژانا شیعرە بەناوبانگەکەی بێسارانی مەزنم بیرکەوتەوە، کە لەچاوەڕوانی عەشقە مەزنەکەیدا، بانگی کۆتایی نەهامەتییەکان، لە دەستپێکی داڕووخانی دڵییەوە دەردەبڕێ و دەڵێ: جەمینش جە بورج تەشاو دیاربی.


بەڵێ جەمینی جەماوەرە جوامێرەکە، ئیدی کاتییەتی لە کڵاوڕۆژنەی کوردبونێکی خاوێنەوە خۆی نومایانبکات.


ئەوەتا کابینەکەمان وەکو کورد دەڵێ: سەگە نازیەتی.


کابینەکەمان، کۆرس و کەلتوری (سەرۆکمان زێڕە)ی زیندانە هەتاهەتاییەکەی کیشوەرەکەمان، سەری لەگوێی قەبرا دەلەرزێ. ئەوەتا دیسانەوە راوێژکارو دەهۆڵکوت و کاسەلێسەکانی کوردایەتی دەستی لەرزۆکی هەتاکو تێیدایە هێزی بەیگوشین! دەباتەوە بۆ چڵە پوشەکەی پارەو پوڵی موچەی موچەخۆران. ئەوەتانێ بڕیارە برسیڕەنگەکانی کابینە تڕزلەکە، وەکو گای عەلی خۆیان دەلێسنەوەو چاوەڕێی قوتی لایەموتی موچەی ئەو خەڵکەن کە بە رەنج و تواناو تەکبیری ساڵەهای خۆیان بەموراد گەیشتوون.

 

من دەمزانی کابینەکە، بە بنکڕی کابینەکەی کازمیشدا راناگات. دەمزانی پەرلەمانێکی پاشاگەردانەو جورئەتی جوامێریی ئەو هەموو نوێنەرە ورگنەی حەشدو سەدری پەرلەمانەکەی حەلبوسی تێدانییە.


ئەوان ئازایانە هاتنەدەست و پلەباڵاکانیان کردە پۆڕی خوراو، بەبێ ئەوەی دەست بۆ موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی بەرن.


بەڵام لێرە لە پەڕوباڵی کەمئەندام و کەمدەرمەت و کەسوکاری ئەنفالەوە دەستپێدەکەن.


ئێستا کابینەی کوردستانە بەهێزەکە، هێندە لاوازە، کورد گوتەنی: سەگەل چاویلێدادەگرن.


ئیتر پارتەسیاسییەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، هیچکامیان مەڕی پێغەمبەر نین، هەموویان لەبەردەم ئاهونزولەی خەڵکی کوردستاندا، وەک گیسکی قوتاربووی دەستی قەساب وان. ئەمڕۆ نا سبەی دەبێ ئەو گەردەنەی لە جەنگی ناوخۆدا بە بێتاوان خۆی لەقەڵەمدا، بکەوێتە بەر کافرمانی کۆستی کەوتوی کوردەواریی.


ئیدی دروشمی باقوبریقی باوەڕی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم، ئیدی دروشمی دینداریی و سیاسەتی سێبەری خواو سالارەکانی بنەماڵە لەبەردەم تاوی تەشاوی ئازادیخوازی و مافی مرۆڤدا دەبێـت ملبدات. بەڵێ ئیتر کاتی ئەوەیە جەمینی جوانییەکانی مرۆڤبوون و هەڵوێستی هیومانیزم سەرێ هەڵبێێ.


وەکو چۆن لە راپەڕیندا دەستەواژەی (بەعسی قڕان) ڕاگیرا، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، بەگیانێکی نیشتیمانی خاوێن و یەکگرتوو، هەڵبدرێتەوە. ئێستایش دەبێ نوکی نەشتەری رەخنەو روئیای دژە پارتەکان، بەگیانێکی بەرپرسانەتر ئاڕاستەکەین. پێویستە دەنگی شەقام، دەنگێک بێ، کادیرەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان،هەمووانی تێدابێت. چوون هەمووان لەو کەشتییەی کوردبوندان کە سی ساڵی رەبەقە جەرگی کونکوندەکرێ. هەمووان بەسەر ئەو لقە شکاوەوەن کە سی ساڵی رەبەقە، رەشەبای قەیرانەکان قۆڵی دەبڕن. ئیدی پێویستە پێوەنی پەیامێکی رۆشن و راستگۆ، بە ئیمان و ئیرادەیەکی کوردانەی ئەوساوە لقوپۆپی ئەم لۆژیکە لاوازانە داڕنێت و دەرونی خاڵی لەچاکسازی و گۆڕانکاریی لەبێخ دەربێنێ.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations