یەکگرتوی ئیسلامیی دوڕو

كەمال چۆمانی
21.06.2020


کە موسڵمانان لە مەککە لەلایەن زاڵمانەوە چەوسێنرانەوە، پێغەمبەرمان، سەلامی خوای لەسەر بێ، داوای لە هاوەڵانی کرد کۆچبکەن. چون بۆ حەبەشە. پاشای حەبەشە موسڵمان نەبو، بەڵام بەرگریی لێ کردن چونکە خەباتی موسڵمانان هەق بو. دواتر ژیانی پێغەمبەر پڕ زەحمەتیی بو. خۆیی و هەڤاڵانی بۆ مەدینە کۆچیان کرد. مەدینەیییەکان باوەشیان بۆ کردنەوە و بەرانبەر زاڵمە هەرە دڵڕەقەکانی مەککە وەستانەوە. چەند شەڕێکی زۆر نابەرانبەریان کرد. رۆژێک مەدینەیییەک بە پێغەمبەری نەگوت ئێوە ژیانی مەدینەیییەکانتان ناخۆش کردوە و بۆچی هاتون بۆ وڵاتی ئەوان، لە کاتێکدا دەیانزانی هێز و قەبارەی ئەوان بەراورد ناکرێ بە زاڵمانی مەکە. بەپێی لێکدانەوەی ئەو رۆژگار، داگیرکردنی مەدینە لە ئان و ساتدا بو.


یەکگرتوەکەی سەلاحەدین بەهائەدین؛ ئێوە نە نرخ بۆ بەها ئیسلامییەکان دادەنێن، نە بۆ ئازادیی و دیموکراسیی و خەباتی نیشتیمانییش. ئێوە لە هێزە هەرە دوڕوەکەی کۆمەڵگا و سیاسەتن. ئێوە بەو پێودانگانەتان بێت، دەبێ دژ بە خەباتی فەڵەستینییەکانیش بن بەرانبەر ئیسڕائیل، بەتایبەت حەماسی ئیخوانی براتان. مامەڵەی دەوڵەتی ئیسڕائیلی جو لەگەڵ عەڕەبی موسڵمانی ئیسڕائیل، زۆر زۆر ئینسانییترە لە مامەڵەی دەوڵەتی تورکیا و ئەکەپەی هاوپەیمان و دۆستتانی بەناو موسڵمان لەگەڵ کوردی موسڵمانی تورکیا. ئێوە هەڵگری هیچ بەهایەکی ئیسلامیی و گەردونیی نین هەربۆیە هەمو کارێکی نائەخلاقیی دەکەن، وەک ئەو بەیاننامەیەتان دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان، تەنها بۆ ئەوەی پارتیی و ئەکەپەتان لێ رازی بن.


هەر بەجدی بڕواتان وایە "الحیاء شعبة من الایمان" بێ؟


ئیسلام هەق دەناسێ، دوڕویی قبوڵناکات. خوای میهرەبان پەیامی ناردوە بۆ چەسپاندنی عەدالەت نەک بۆ دابەشکردنی گەل و سنورەکان. خوا و پەیامەکەی سنور ناناسن. بەرگریکردنیش لە دادپەروەریی و مافی ئینسان واجبی سەر شانی هەرکەسێکە زیاتر لە نوێژ و رۆژی و حەجکردن. لەسەر نوێژنەکردن کەس ناچێتە جەهەننەم، بەڵام خوای شەدیدولعیبقاب بەبەردەوامیی لە باسی زاڵمانی وەک ئەردۆغان و دەڤلەت باخچەلیی و هاکان فیدان دەفەرموێ "لە جەهەنەمدا بەنەمریی تێیدا دەمێننەوە."


ئێوە لای کەم "اضعف الایمان" بەدڵ پێتان ناخۆش بێت کە تورکیای فاشیست مافی کوردان پێشێل دەکات نەک پشتیوانیی بدەنە فاشیستێکی وەک ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations