مەرگی میللەت لەسەر (جادەو بانەکان)دا!

ماجد خەلیل
19.06.2020


شەقامەکان لەنێوان کەوتن یان هەستانی جەماوەریدا

لەشاری(کەرەج)، ژنێک لەسەر شەقامی گشتی (نبووەت)دا کەوتە سەر زەوی.
 پێش ئەوەی رۆژنامەی کەیهان و ماڵپەڕی میهر بیکەنە مانشێتێکی کارەساتباریی کۆرۆنا، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی نوسیی: خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئێراندا کەوتوون.
دوواتر رۆژنامەنوسێک رووماڵی راستەقینەی هەواڵەکەی کرد.  ژنەکەی دۆزییەوەو لێیپرسی:
+ ئایا کۆرۆناتە؟
- نەخێر
+ ئەی بۆچی کەوتییەسەر زەوی و خەڵکی دەترسان و نەدەهاتن بەلاتدا؟
- بەڵێ لەخۆشیدا کەوتمە سەر زەوی، چون هەواڵیان پێدام براکەم لە (دش)ەکەم جودابووەتەوە!

دەربڕینێک، دەیانجار لە زاری ناوەندە فەرمییەکان و میدیا فەرمییەکانەوە دەیبیستین. دەربڕینێکی تاڵ و تراژیدیی، تابلۆیەکی توڕە دەخزێنێتە زیهنمانەوە. هەرکەس لە شوێنی خۆیەوە، بیردەکاتەوەو خەیاڵ دەیباتە جێژوانی سەردەمی مەرگ. هەرکەس لە کوچەو کۆڵانی خۆیەوە دەرودراسێ دێنە پێشچاوی، دەبینێ چلۆن بەسەر شۆستەو شەقامەکاندا لە گیانەڵادان.
دەمێکە میدیاکان مژوڵی مەشقێکی میراتین، گەرەکیانە کەلتورە کارەساتبارەکە کاڵنەبێتەوە. 
لەراستیدا هۆشیاریی و هێزی خۆپارێزیی خەسڵەتێکی لۆژیکی و زانستی دەوێ، نەک بڵاوکردنەوەی ترسوتۆقین.

  لەیادەوەریی مێژووی سەدساڵی ئێمەدا، لەو جێگانەی جەنگی جیهانی یەکەم پێیتێنابوون، بەتایبەتی رووسەکان، لە خانەقین ورەواندوز و چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستیان نەدەپاراست و خەڵکێ بە هۆی قاتی و قەیرانی جەنگەوە لە جادەوبانەکاندا کەوتن و جارێکیتر هەڵنەسانەوە.
 ئەم مەشهەدە مەرگاویانە زۆرو زەبەندن وزەمەنێکە زیڕەیان لە خەڵکە بندەستەکە هەڵساندووە.
 ئیتر وایەو لێرەو لەوێی ئەم کیشوەرەدا هەرجارەی جێگەیەک داخنراوە بەسەر دڵییەوە.

ئەوڕۆ هەرێمەکەمان لەبەردەم پەتایەکی گشتگیردایە. پەتایەک لەهیچ شوێنێکی دونیا، نەیتوانیوە دەستی مرۆڤی شەقامەکان بشکێنێتەوەو بیانخات. 
وردە وردە ئەوروپا زاڵدەبێت بەسەریداو دەزانێ چۆن مامەڵەی لەتەکدا بکات.
 راستە، رەنگە لێرە خرابتر لە ئەوروپا چاوەڕێمان بکات. بەڵام هەرگیز هەرێمەکەی ئێمە نابێتە ناوەندێکی ترسناکی وا کە کەوتنی سەر جادەوبانەکانی لێبکەوێتەوە. 

رۆحە کۆمەڵایەتییەکەی ئێرە ئیرادەیەکی ئاسنینی هەیە، راستە جارناجارێ لێشاوی سەر سۆپەرمارکێت و بازاڕ و بەنزینخانەکان دەبینرێ. راستە پشێوییەکی بێپێشینە روویکردووەتە خەستەخانەکان و وەختە شتێک بەناوی حەرەمی حکومەتەوە بوونی نەمابێ. 
ئەوەتا تێکپژانی ئۆتۆمبێلی دوڕیانەکان و بایکۆتی پۆلیس و داخرانی ناوەندەکانی خوێندن و دادگاو پەرلەمان و غیابی ناغەریبی موچەو بوجە، هەموو ئەمانە جێگەی مەترسیین. 
بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستاو لەداهاتویشدا ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی راگیرکردووەو راگیریدەکات، ئەوە ئێوەنین، ئەوە تایبەتمەندیی کەلتوریی کوردەوارییەو گەر دەوڵەتیش بوونی نەبێت، رایەڵە رەسەنە کۆمەڵایەتییەکە بۆخۆی دەوڵەتێکە. 
ئێوە تا ئێستا ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکردتان دابیننەکرد، وەلێ خەڵکەکە بۆخۆی لەهەر شارو شارۆچکەیەکدا خەستەخانەیەکی خاسکرد.

  هێشتا سورملەسەر ئەوەی کەوتن لەسەرشەقامەکان، دەربڕینێکی درۆزنانەو دەستکردی دەسەڵاتێکی بێفەرهەنگە. دەربڕینێکە خاوەنەکەی نازانێ چی دەڵێ، یاخۆ ناتوانێ بیهێنێتە پێشچاوی چی دەقەومێ. دەربڕینی وەزیرو بەڕێوەبەرێ نییە، دەربڕینی شاعیرێکی کۆن کۆنەو کردویەتییە سەر شوێنێکی بەرزو ئیرتیجالی هاواردەکات. 

 ئەسڵەن جادەوبانت هەیە تا مرۆڤی لەسەر بکەوێ. گەر بوترایە خەڵکی لە چاڵوچۆڵییەکانی شەقامەکاندا دەکەون، ئەمەیان دروستبوو. چوون لۆژیکییە مرۆڤ کەوێتە نێوچاڵ، بەتایبەتی ئەو چاڵوچۆڵانەی کە نیانە تەمەنی سی دانە ساڵی رەبەق کەمتربێت.

 بەڵێ خەڵکی لەسەر شەقامەکان دەکەون، دەربڕینێکی بێمانای باوە، باوێکی برینداری باڵادەستەکان، شتێکە قابیلی قەبوڵی لۆژیک نییەو هیوادارم ئیدی وەزیری تەندروستی یان هەروتەبێژێکی تر تێبگات، ئەو دەربڕینە، زیاتر زەمینەی خەیاڵی رۆمانێکە.
 پێویستە وەزیر تێبگات پەنجەکانی چەندە دەکەوتن بەسەر دوگمەو دوکانی کیبۆردەکەیدا و هەر لەدوورەوە پیشانی دەدان، بۆیە خەیاڵیشیخاوە، خەڵکێکیش هێندەی پەنجە سیناریستەکانی ئەو، بەسەر جادەو بانەکانەوە دەکەون.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations