بارزانی و ماستاوه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا

لەتیف فاتیح فەرەج
18.06.2020

دوای ساڵی 2003 له‌ به‌غدا بووین ، له‌ گه‌ڵ مه‌جید ساڵح چووینه‌ سه‌ردانی دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ ، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا  فواد عارفیش له‌وێ‌ بوو ، دكتۆر كه‌مال نامه‌ی ماسته‌رێكی ته‌له‌به‌یه‌كی عه‌ره‌بی هێنا كه‌ له‌ سه‌ر مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو ، زۆری به‌ شان و باڵدا هه‌ڵداو چه‌ند دانه‌یه‌كیشی پێدام ، وتی توانیت بینێره‌ بۆ بارزانی ، من هاتمه‌وه‌ دامه‌ براده‌رێكی پارتی ، به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ دكتۆراو ماسته‌ر به‌و راده‌یه‌ بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر تاكه‌ كه‌سێك بێت ، ئێ‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ پاره‌و ئیمتیاز بێت و هیچی تر.

دوێنێ‌ دۆستێك هه‌واڵه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا محه‌مه‌د سه‌لیم عارفی بۆ ناردم كه‌ ره‌نگه‌ سبه‌ی دالێك بخرێته‌ پێش ناوه‌كه‌ی  ئه‌و نوسیبووی منیش له‌ سه‌ر عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ماسته‌رێك دێنمه‌وه‌ ، بیرمه‌ بارزانی له‌ مامۆستایه‌كی زانكۆی دهۆك توڕه‌ بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ماستاوی بۆكرد ، وتم ده‌ی ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانه‌ ، كه‌چی له‌ گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆما بارزانی زۆر كه‌یفی به‌ ماستاو چیه‌كان ده‌هات و له‌وانه‌ش قه‌ڵس و توڕه‌ بوو كه‌ له‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌ترسان .
زه‌كه‌ریا سه‌لیم محه‌مه‌د عه‌رف دكتۆرای له‌ ره‌وانبێژی له‌ وتاره‌كانی بارزانیدا هێناوه‌ته‌وه‌ ، خوا نه‌یبڕێ‌ كۆمه‌ڵێك دكتۆریش لیژنه‌ی بڕیارو پێدان و سه‌رپه‌رشتی دكتۆراكه‌ بوونه‌ ، ده‌بوو پێشتر له‌ بری بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ بارزانی ئه‌و كابرایه‌ی بانگ كردباو وه‌ك چۆن مامۆستاكه‌ی دهۆكی ته‌ریقكرده‌وه‌ به‌ویشی گوتبا من پێویستم به‌وه‌ نیه‌ دكتۆرا له‌ سه‌ر وتاره‌كانم بهێنرێته‌وه‌ ، خۆی بارزانی ئه‌وه‌ی نه‌كرد ، دڵنیام له‌وه‌ش كه‌ بیستویه‌تی بابایه‌ك به‌ ناوی زه‌كه‌ریا خه‌ریكی ئه‌و به‌زمه‌یه‌ ، خۆ ئێستا ده‌توانێ‌ داوا له‌ خوێندنی باڵاو زانكۆی سه‌لاحه‌دین بكات ئه‌و دكتۆرایه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌م جۆره‌ تێزو دكتۆرایانه‌ دۆخی خوێندن و په‌روه‌رده‌یان به‌م رۆژه‌ گه‌یاند ، ئه‌وه‌تا سه‌دان هه‌ڵگری دكتۆرامان هه‌یه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ رۆڵێكیان له‌ باشكردنی دۆخی ئابوری ، سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بێت و به‌شێكیان هێنده‌ی پارله‌مانتاره‌كان موچه‌ وه‌رده‌گرن و خاوه‌نی دوو رسته‌ی به‌جێش نین ، ئێمه‌ له‌ كوردستان نه‌ك دكتۆراو ماسته‌ری زیاده‌مان زۆره‌ ، زانكۆو ناوه‌ندی خوێندنی بێناوه‌ڕۆكیشمان زۆره‌ ، ئه‌وه‌ چ لۆژیكێكه‌ بۆ چوار پارێزگاو پێنج ملیۆن كه‌س ئه‌و هه‌موو زانكۆ حكومی و ئه‌هلیه‌ هه‌بێت ، هه‌ندێكیان له‌ بری ناوه‌ندی فێر كردن بن ، بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی بازرگانی و پاره‌ په‌یدا كردن .
جێی خۆیه‌تی خوێندنی باڵا بۆ تێزه‌كانی دكتۆراو ماسته‌ر ناوه‌ندێكی زانستی هه‌بێت و رێگه‌ به‌م جۆره‌ تێزانه‌ نه‌دات ،جا خۆ كاری ئاوا ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ سبه‌ینێ‌ زانكۆیه‌كی تر بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ دكتۆرای ته‌له‌به‌یه‌كی قه‌بوڵبكات به‌ ناونیشانی " رۆڵی گۆچانه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌ په‌روه‌رده‌ی سیاسیدا " راستی ئه‌گه‌ر زه‌كه‌ریا دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر  بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد و رۆڵی مه‌سعود بارزانیش بوایه‌ ره‌نگه‌ كه‌س هیچی نه‌وتایه‌ .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations