دوای ٢٩ساڵ خەڵک باوەڕی بەم دەسەڵاتە ماوە؟

بەختیار مەحمود
14.06.2020

دوای ٢٩ساڵ نا عەدالەتی و نا یەکسانی ، خەڵکی کوردستان هەقێتی متمانە بەم حزبانەی ئێستا نەک هەر نەکات بەڵکو دەرچەیەک بدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنیان.

ئەوەی ئێستا مەعلومە زۆرینەی خەڵکی باوەڕی بەم دەسەڵات وحکومڕانیەی ئێستا نەماوە ، بژاردەی دروست یەکخستنی بەرەی نا ڕازییە لە ژێر چەترێکی نوێ بە شێوەیەک کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوخۆ و خواستی جەماوەر  یەکانگیربێت ، ئەو بەرە نوێیە هەڵقوڵاوی خەڵک بێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە ، هیچیتر ڕێگە بەو سیاسیانە نەدرێت کە تاقیکراونەوە لە ژێرناوی جۆرا و جۆر ، بەشێک لەو حزبانەی ڕابردوو کە پێشتر وەک دەم ڕاست و نوێنەری خەڵک خۆیان پێناسە دەکرد ، دواجار بینیمان حزبەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و کەسی  وەک دوکانی سیاسی لێکرد ،متمانەی شەقامیان دۆڕاند.

هەڵبەت هیچ ئەزموونێکی سیاسی بێ کەموو کوڕی نابێت ،بەڵام مەنتیقی تێدانیە  مرۆڤی سیاسی ژیر  لە مێژوو و تەمەنی سیاسی خۆی بدات لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی بچوک بچوکی مادی ، ئەو ئەزموونانەی کە لەدوای ساڵی٢٠٠٩وە تاقیکرانەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە کوردستان ، شکستەکەیان ئەوە بوو ، کە  بۆ گەیشتن بە مەرامێک  دروستکرابوون ، نەک بۆ خەمی گشتی خەڵک  ، هەڵبەت کەسانی چاکە خواز و ڕۆشنفکری سیاسی بە توانا  قوربانی زۆریاندا و بەشدارییان لەو  بزوتنەوە و پڕۆژە سیاسیانە کرد ، تەنها ئامانجی ئەو خەڵکانە گۆڕانکاریی بوو لە شێوازی بەڕێوەبردن لەم هەرێمەدا و  چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی.

هەڵەی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان چی بوو؟

هەڵەی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان  بە تەنها دۆڕانی دەنگ و پشتیوانی خەڵک نەبوو ، بەڵکو ئومێدی گەورەی خەڵکیان بە زیندووی  ناشت و  بێ مەتمانەییان  دروستکرد ، بۆیە ئەوەی ئێستا  وەک واجبی سیاسی و ئەخلاقی کەو تۆتە سەر شانی هەموو لایەکمان ، دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ دەرباز بوونی خەڵک لەم دۆخەدا  ، شەقام زەنگی گۆڕانکاری لێداوە بە ئاشکرا  هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە.

بەشداری نەکردنی خەڵک بەو ڕێژە زۆرە لە پرۆسە یەک لەدوا یەکەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە زۆرینەی خەڵک  بەرەی دژ و  ڕووبەرووبوونەوەیان هەڵبژاردووە ، تەنها  لە ئەستۆگرتن و خاوەندرێتی ماوە ، دواتریش  ڕاگەیاندنی وەک سەکۆی ڕاستەقینەی خەڵک.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations