بەرھەمی ساڵێک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەنھا چاندنی نەمامێکە

سابیری سەندیکا
14.06.2020

بەخێربێن بۆ زیارەتی جوانترین درەختی دونیا.

ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بۆ دە ساڵی دیکە بمێنێتەوە!
ئەو نەمامە گەورە دەبێ و دەبێت بەدار، بەدرەخت.

وەک زۆرێک لە شتەکانی دیکە پیرۆز دەکرێت، لەبەرئەوەی بەدەستی جەنابی سەرۆک چێنراوە. کۆیلە و ماستاوچی لەو لای درەختەکەوە ڕیز دەگرن، لەژێر سێبەری درەختەکەدا وێنەیەکی یادگاری بگرن،ھەندێکیش ھەر لە دوورەوە سێڵفیەک دەچرکێنن،بەجۆرێک درەختەکە و حەشاماتی دەوری درەختەکە دەربکەوێت.

لەو لاشەوە حیزبنوسەکان ھەموو ساڵێک و لەو ڕۆژەدا لاپەڕەی ڕۆژنامە و ڕووبەری سایتەکان پڕدەکەن لە وتار و پێدا ھەڵدان،دەڵێن ئەگەر جەنابی سەرۆک نەبوایە،ئێستا مەملەکەت ھەمووی لە بێ ئۆکسجینیان دەخنکا،یاخوا دەست بە عومری سەرۆکەوە بگرێ و بۆمان بھێڵێت.

شاعیرێکی قەڵەمفرۆشی سەکرانیش لە کۆپلە شیعرێکدا دەنووسێت: ئەوەی جەنابی سەرۆک چاندی نەمام نەبوو
دارستان بوو
ئێستا بۆتە جەنگەڵ 
ھەرچی ئاژەڵ و باڵدار وزیندەوەری ئەو ملەکەتەیە 
لەوێ دەحاوێنەوە
خۆ ئەگەر جەنابیان خاکەنازی شۆڕشی چاکسازی ھەڵنەگرتبایە
ئەوا ژینگە و گیانداران 
ڕووبەڕووی مەترسی و لەناوچوون دەبوونەوە
بژی سەرۆک بژی سەرۆک
بمێنێ سەرۆک بمێنێ سەرۆک
تا ڕۆژی قیامەت.

ئەقڵ فرۆشێکیش دێتە سەر شاشەی تیڤی و بە نێوی شرۆڤەکاری سیاسیەوە دەڵێت:
ئەوەی زۆر گرنگ بوو جەنابی سەرۆک پارەی نەمام و خاکەنازەکەی لەسەر بودجەی تایبەتی خۆی دابینکرد
لەقوتی منداڵەکانی گرتەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و خۆشبەختی ئەو میللەتە.

بەڕێوەبەرێکی تازە دامەزراوی حزبی لەپشت مێزەکەیەوە دانیشتووە،خەڵک دێن بۆ پیرۆزبایی و دیاری دەستیان تابلۆی نەمامەکەی جەنابی سەرۆکە،لە ژێر تابلۆکەش نوسراوە جوانترین درەختی دنیا.

ئیدی وای لێدێت ناوبانگی ئەو درەختە ھێندە بڵاو دەبێتەوە و خەڵک سەردانی دەکات،شارەوانی بەناچاری تەندەرێکی چەند ملیۆن دۆلاری بۆ دەردەچوێنێت و دەیدات بە مقاولێکی حزبی،ئەویش بە چەند ھەزار دۆلارێک شورەیەک بەدەوری درەختەکەدا دەکات و کارەبای بیست و چوار کاتژمێریشی بۆ ڕادەکێشن ھاوشێوەی کارەبای گشتی ، بەناوی پاسەوان و باخچەوانیشەوە لەشکرێک بندیواری بۆ دادەمەزرێنن ،تابلۆیەکیش لە بەشی پێشەوەی شورەکە ھەڵدەواسن،
لەسەر تابلۆکەش نوسراوە بەخێربێن بۆ زیارەتی پیرۆزترین درەختی دنیا.

چیرۆکنووسێکیش بە ھەر دەردێک بێت مواجەیەکی جەنابی سەرۆک وەردەگرێت و دەچێتە لای جەنابیان پێشنیاری پڕۆژەیەکی ئەدەبی بۆ دەکات،جەنابی سەرۆکیش پێشنیارەکەی وەردەگرێت و ھەر لەوێ نزیکەی ملیۆنێک دۆلار دەبەخشێتە پڕۆژەکەی،ناوی پڕۆژەکەش:پێشبڕکێی چیرۆک سەبارەت بە سیحراوی ترین درەختی دنیا.

پەرلەمانیش خاتر جەم نیە،فراکسیۆنی جەنابی سەرۆک لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی پڕۆژەیەک ئامادە دەکەن و بەزۆرینەی دەنگ تێیدەپەڕێنن بەناوی  پڕۆژەی ڕۆژی بەناوبانگترین درەختی دنیا،لە پڕۆژەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو ڕۆژە بەفەرمی پشووی ڕەسمیە و دەبێ سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان پێیەوە پابەندبن،ھەتا ڕێکخراوەکان و 
دامەزراوەکانی ژینگە پارێزیش.

خۆ خوا نەخواستە ڕەشەبایەک بێت و لقێکی درەختەکە بشکێنێت،ئەو کاتە لقە شکاوەکە دەبەنە مۆزەخانە و لەچوارچێوەیەکی شوشەدا دایدەنێن ،لە ژێریەوە دەنوسن لقێک لە پیرۆزترین درەختی نیشتیمان.

فیلمسازێکیش، لەمیدیاکاندا ھەرا دەنێتەوە، کەبەنیازی بەرھەمھێنانی فیلمێکی سینەمایی پڕۆفیشناڵە، لەوەڵامی پرسیاری میدیاکارێکدا دەڵێت: فیلمەکەمان ناوی ( درەختی ئەفسوناویە ) ناوەکەیمان لەسەر بنەمای ناوەرۆکی فیلمەکەیە، لەچەند گرتەیەکی فیلمەکەماندا دەردەکەوێت ئەو کەسانەی گیرۆدەی نەخۆشی دەروونی بێ چارەسەر دەبنەوە، بە نزیکبوونەوەیان لەو درەختە، دەستبەجێ چاکدەبنەوە.

ڕۆژنامەنوسێک قسەکانی پێدەبڕێ و دەڵێ قوربان بەو پێوەرەی جەنابتان بێت گێلەپیاو بەڕێکەوتیش بەوێدا تێپەڕێت دەبێتە ( ئەنیشتاین و ستیڤن ھاوکینگ) ؟ 
فیلمساز، بەڵێ بەڵێ دەمەویست ئەوە بڵێم ڕێک وایە، بگرە زیاتریش.

مەلایەکی پەرلەمانتاریش، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆدا، بەڕیوایەتی حەدیس و تەفسیر شەرحی درەختەکە دەکات و دەڵێت: ئەوە نیعمەتێکی خوایی و پیرۆزە، یەکێک لەنیشانەکانی ڕزق و حەسەناتە بەسەر مەملەکەتەکەماندا ڕژاوە،پێشکەشکارەکە قسەی پێ دەبڕێت و دەڵێ ببورە مامۆستا، ئەو سەردەمەی ئەو درەختەی تێدا چێنراوە، سیستەمی پاشەکەوتی موچە و دانی موچە بە شەش مانگ جارێک پەیدابوو ؟!!
مامۆستا نا نا نەخێر ئەوە حیکمەتێکی تێدابوو کە ئێمە نایزانین، چونکە خوای گەورە سەبر و تەحەمولی میللەتی ئێمەی تاقیکردەوە، شکور بۆ خوا میللەتیش لە تاقیکردنەوەکە سەربەرزانە دەرچوو، بە ئێستاشەوە متەقێکیان لێوەنایە، ئینشائڵڵا لە نەوەکانی ئەیوبی پێغەمبەرن.
[email protected]

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations