یەكێتی دوایی كۆنگرە !!

زانا عەبدولرەحمان
13.06.2020

لەدوایی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و دەست بەكاربوونی تیمی تازەی سەكردایەتی دۆخێكی نەخوازراوی سیاسی و تەندروستی و كومەڵایەتی و ئابورییەكی داتەپیوو بەگەندەڵی بووە گەورەترین بار و ئاستەنگ لەبەردەم ئەم تیمە تازەییەی سەركردایەتی، كەوایكردووە بەرچاوڕوون نەبین كە ئاخۆ بەرەو كوێوە دەچین و بەچی دەگەین؟

لەپێشتردا هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی بەو نییەتە پشتیوانی بەستنی كۆنگرەمان دەكرد، كە لایەنی كەم قۆناغەكانی گۆڕانكاری بەخێرای دەستپێبكات و بارەگرانەكەی رابردوو لەسەر شانی خەڵك كەمبكرێتەوە و تاڕادەیەك سووك بكرێت.

بەو نیەتە دەمان وویست كۆنگرە بكرێت و دوای سەركەوتنی قۆناغێكی نوێی سیاسی دەستپێبكات، كەچیتر سیاسەتی كات كوشتن درێژەی پێنەدرێت و وەڵامێكی جددی و لۆژیكی خواستەكانی خەڵكبدرێتەوە.

بەڵام ئێستا بۆ هەموو یەكێتیەكان پرسیارە ؟!
ئایا سەكردایەتی نۆێ قۆناغی پێش كۆنگرەی جێهشتوە یان هەر لەو بازنەی رابردوو دەخولێتەوە...

یەكێتی بە نەفەسی ئۆپۆزسیون مامەڵە لەگەل حكومەت ئەكات و بۆ خۆی پێیەكی لە ناو حكومەتەو پێیەكیتری لەدەرەوەی بارزنەی حكومەتە، كە ئەمە هەمان سینارۆیی پێش كۆنگرەیە كەیەكێتییەكان بەگشتی خواستیان ئەوەبوو كە دوا بەدوای دەرئەنجامەكانی كۆنگرە و دەست بەكاربوونی تیمی تازە، یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكی یان هاوبەشێكی راستەقینەی حكومەتبێت، یان بەتەواوەتی لەدەرەوەی ئەو حكومڕانییەبێت.

 

ئێستاش هەرپێش سەردەمی كۆنگرەیە؟
راستە كۆنگرە كراوە و سیستمی بەڕێوبردنی یەكێتی گۆڕاوە و شكلییەن كارەكتەرە سیاسییەكان كەسانی ترن بەڵام لەحەقیقەتدا چاوەكان لەسەر ئەوەیە كە جەوهەری راستەقینەی یەكێتی بگۆڕێت، تەماشاكەن هێشتاش یەكێتی بەهەمان نەفەسی رابردووی پێش كۆنگرە، خەریكی گووتار نوسین و بەیان نامەیە، لەكاتێكدا خەڵك و لایەنگرانی یەكێتی و هەڤاڵانی ئەم حیزبە، چاوەڕوانی هەنگاوی كردارین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە سەپاوە خراپە لایەنی كەم كەمێك باشتربكرێت، نەك هەر خراپ و خراپتربێت.

یەكێتی هێشتا بێدەنگە بەرامبەر بەو ستەمكاری و زڵمانەی لە لایەنگر و جەماوەرەكەی دەكرێت لە زۆنی زەرد. هەروەك پێش بەستنی كۆنگرەیە و ئەو زڵمانە درێژەیان هەیە.

ئەوەی ئێستا گۆڕاوە ئەوەیە هەموو هیوای زۆرمان لەسەر ئەم سەركردایەتییە نوێیە هەڵچنیوە، چاوڕوانی ئەوانین تا بەكردار گۆڕانكاری ئەنجام بدەن. بەڵام پێدەچێت باوەڕیان بەخۆیان نەبێت تا لەم دۆخە سەختە خۆیان دەربازبكەن.

ئەگەر پرسیاری ٤٠٠ ملیاردەكە بەشێكی رووی لە پارتی بێت، بێگوومان بەشێكی ئەوپرسیارە رووی لەئێمەیە، كە ئێمە چۆن لەناو حكومەتێكین كە ئاگامان لە شێوازی سەرف و دابەشكاری پارەو داهاتی گشتی نییە؟!

یەكێك لە كۆڵەكەكانی مانەوەی ئەم حكومەتەی مەسرور بارزانی یەكێتیە، دەنا یەكێتی ئەگەر بێتە دەرەوەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئەوا تەرازووەكە لاسەنگ دەبێت و شتێك لەواقیعدا نامێنێت بەناوی حكومەت بۆیە یەكێتی پێش ئەوەی پرسیاری چوارسەد ملیاردەكە بكات دەبێت وەڵامی ئەوە بداتەوە خۆی ئیشی چیە لەناو حكومەت ؟

بۆیە گرنگە سەركردایەتی نوێی یەكێتی لەوە بگات قۆناغی پرسیار و كات كوشتن كۆتایی هاتووە؟

ئێستا قۆناغی وەڵامدانەوەیە، هەروەك پێش كۆنگرە چاوەڕێین كە بزانین كەئاخۆ چۆن وەڵامی خواستەكانی خەڵكی كوردستان و لایەنگر و جەماوەری یەكێتی دەدەنەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations