من كە بە گۆرانی دەمرم، بۆ بە خەنجەر دەمكوژن؟!

هاوژين زيبا
02.06.2020

لێرە گەنجەكان بەدیار درامای توركییەوە شوناس و پێناسی خۆیان لە دەست دەدەن، لەوێش گەنجەکان لە پاڕکەکاندا  لەسەر گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی، بەرچەقۆ دەدرێن...


لێرە گەنجەکانمان، لە دەستشكاندنەوەی سەیارەدا یەخەی یەکدی دادەرن، لە گڕی شەڕی بنەماڵەکاندا دەبن به سکڵی خۆڵەمێش، لە  چاوەڕوانی موچەدا وشک دەبنەوە، لە منداڵ زۆریدا، لە بێ پارەییدا، لە دانەمەزراندندا، هیواکانیان دەنێژن...

ژنان لەسەر ئەوەی پیاوێك خیانەتیان لێدەكات، خۆیان دەسوتێنن. لەگەڵ دەنگی نەخێریاندا دەخرێنە چەمەكانەوە و لەبن تاشەبەردەكاندا دەشاردرێنەوە. لەبەردەم دادگادا گولەڕێژ دەكرێن. لە ئیجەدا دەخنكێن ، تەرمەکانیان  بە پۆستەدا دەنێردرێنەوە، لە پاركەكاندا بەر چەقۆ دەدرێن گەنجانی کورد... گرنگە مرۆڤ گەر نەشزانێت لەپێناوی چیدا دەژی، لانیکەم بزانێت لەپێناوی چیدا دەمرێت...


دەبێت ئێمە چ گۆرانییەک بڵێیینەوە، چ هاوارێک،  تا گوێچگەی دژمن بۆ ئەبەد کاس و کەڕ بکات...

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations